وەزیری بەرگریى ئەڵمانیا: سوپاس بۆ ڕۆڵ و قوربانییه‌كانى پێشمه‌رگه‌ له‌ تێكشكاندنى داعشدا کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ كریستینه ‌لامبرێشت، وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌ڵمانیا ڕایدەگەیێنن، شه‌ڕى دژى داعش و هەڕەشەکانى تیرۆر كۆتایى نه‌هاتووه‌ له‌ ناوچه‌كه‌، مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌ن لەسه‌ر ئارامى و سه‌قامگیریى ئه‌ورووپا و ڕۆژئاواشن.

ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەممە (9/کانوونى دووەم/2022)، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى له كریستینه ‌لامبرێشت وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌ڵمانیا و سه‌رۆكى لیژنه‌ى به‌رگریى له‌ په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانیا.

سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كەدا په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێمى كوردستان و بواره‌كانى هاوبه‌شى و هاریكاریى نێوانیان، دوایین پێشهاته‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و مه‌ترسییه‌كانى داعش، پێداچوونه‌وه‌ به‌ ئه‌ركى هێزه‌كانى ئه‌ڵمانیا له‌ عیراق و دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى تاوتوێ كران."

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سه‌ردانه‌كه‌ى لامبرێشت له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌ى عیراقدا به‌ گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا، "هه‌روه‌ها سوپاسى ئه‌ڵمانیاى كرد بۆ پشتگیریكردنى عیراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆردا، جه‌ختى له‌وه‌ش‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى داعش كۆتایى نه‌هاتووه‌ و نه‌هێشتنى تیرۆر ته‌نیا له‌ رێى سه‌ربازییه‌وه‌ نابێت، به‌ڵكوو هه‌نگاوى سیاسیشى پێویسته‌."

سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لە بەرامبەر پشتگیری سیاسى وسەربازییەکانى ئەڵمانیا بۆ هەرێمى کوردستان به‌تایبه‌تى یارمه‌تیى مرۆیى بۆ لێقه‌وماوان و قوربانییانى شه‌ڕ له‌ هه‌ردوو پێكهاته‌كانى ئێزدى و كریستیان، "سوپاسى گه‌ل و حكوومه‌ت و په‌رله‌مان و ڕۆڵى ئه‌ڵمانیاى كرد."

هەروەک لە ڕاگەیێندراوەکەى سەرۆکایەتیى هەرێم دا هاتووە، "‌لامبرێشت وێڕاى دووپاتكردنه‌وه‌ى به‌رده‌وامیى پشتگیریى وڵاته‌كه‌ى بۆ عیراق و هه‌رێمى كوردستان، گه‌شبینیى خۆى به‌ داهاتووى‌ كارى هاوبه‌ش و پێكه‌وه‌یى له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و سوپاس و پێزانینى ئه‌ڵمانیاى بۆ ڕۆڵ و قوربانییه‌كانى پێشمه‌رگه‌ له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و تێكشكاندنى داعشدا، دووپات كرده‌وه‌."

دەشڵێت، دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان، جموجۆڵى داعش له‌ سووریا، ڕه‌وشى كه‌مپى ئه‌لهۆڵ و چه‌ند بابه‌تێكى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌ورێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوو.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین