قەرزە دەرەکیەکانی عێراق بۆ 20 ملیار دۆلار دابەزین کوردستان- عێراق

نوچەنێت

راوژێکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی، دابەزینی قەرزە دەرەکییەکانی عێراقی لە 60 ملیار دۆلار بۆ 20 ملیار دۆلار ڕاگەیاند و دووپاتیکردەوە ئەگەر لە ساڵی 2022ــدا نرخی هەر بەرمیلێک نەوت بە 75 دۆلار بێت و ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت بە 400 هەزار بەرمیل زیاد بکات، ئەوا بڕی 17 ترلیۆن دینار بۆسەر بوودجەی عێراق لە داهاتە نەوتیەکان زیاد دەبێت و ڕێژەی قەرزەکانیش بۆ تەنیا 3 ملیار دۆلار دادەبەزن

مەزهەر محمد سالح ڕاوژێرکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی، دابەزینی ڕێژەی قەرزە دەرەکییەکانی عێراقی ئاشکرا کردن.

سالح لەو بارەیەوە وتی" ڕێژەی قەرزە دەرەکییەکانی عێراق لە 60 ملیار دۆلار بۆ 20 ملیار دۆلار دابەزیوون"

هەروەها وتیشی" ساڵی 2022 بۆ عێراق ساڵێکی جودا دەبێت لە پرسە داراییەکاندا"

سەبارەت بە ڕێژەی قەرزە ناوخۆییەکانی عێراق، ڕاوژێکاری سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند" ئاستی قەرزە ناوخۆییەکانی عێراق سێ هێندە زیاترە لە قەرزە دەرەکییەکان، بەڵام ئەو پرسە لە بوودجەی ناوخۆیی وڵات بیری لێ کراوەتەوە، لێ لە چوارچێوەی  سیاسەتی حکوومەتی عێراق دەمێنێتەوە و کارناکاتە سەر بژێوی خەڵکی عێراق".

بە گوێرەی شرۆڤەکانی مەزهەر محمد سالح، هۆکاری سەرەکی و هاوکار لە دابەزینی ئاستی قەرزەکانی عێراق، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زیادبوونی داهاتە نەوتیەکانی حکوومەتی عێراقە دوای هەڵکشانی نرخی نەوت لە نیوەی دووەمی ساڵی 2021 و زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 400 هەزار بەرمیل، داهاتە نەوتیەکان زێدەتر دەکات.

لەو بارەیەوە دەڵێت" ئەگەر لە ساڵی 2022 تێكرایی نرخی نەوت 75 دۆلاری ئەمریکی بێت بۆ هەر بەرمیلێک و ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراقی بە بڕی 400 هەزار بەرمیل نەوت زیاد بکات، ئەوا تەنیا لە برگەی داهاتە نەوتیەکان، بڕی 17 ترلیۆن دینار لە بوودجەی عێراق زیاد دەبێت"

سالح ئەوەیشی زیاد کرد" بابەتەکان پێوەستن بە ئاستی خەرجیەکانی حکوومەتی عێراق لە ساڵی 2022، ئەگەر ڕێژەی خەرجیەکانی ساڵی داهاتوو هەمان بڕی خەرجی ساڵی 2021 بن، و نرخی نەوتیش بۆ هەر بەرمیل نەوتێک 75 دۆلار بێت، ئەوا بوودجەی ساڵی داهاتوو لە توانایدا سەرجەم خەرجیەکان لە ئەستۆ بگرێت و بەڵک و زیادەی بوودجەش بوونی هەبێت".

راوژێکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەیشی ئاشکرا کرد، ئەگەر ئەو پرۆسەیە لە بوودجەی ساڵی داهاتوو ڕووبدات، ئەوا بۆ یەکەم جار دەبێت لە بوودجەی حکوومەتی عێراقی زیادەی داهات بوونی هەبێت و حکوومەت پێویستی بە قەرزکردن نەبێت و لەهەمانکاتدا ڕێژەی قەرزە دەرەکییەکان تەنیا بۆ ٪3ــی داهاتی تاکی عێراق نزمەبێتەوە بۆ تەنیا 3 ملیار دۆلار دادەبەزێت.

گەیشتنی نرخی نەوت بە 85 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، هۆکار بووە لە هەلکشانی داهاتە نەوتیەکانی عێراق بۆ نزیک 8 ملیار دۆلار تەنیا لە مانگی ئۆکتۆبەردا، ئەمەیش بە واتایی بەرزبوونەوەی داهاتە نەوتیەکان دێت بە بڕی 968 ملیۆن و 300 هەزار دۆلار بەراورد بە مانگی سێپتێمبەر.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین