درۆنه‌كان چاره‌نووسى عێراق دیارى ده‌كه‌ن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

به‌گوێره‌ى لێكدانه‌وه‌ى راپۆرتێكى سكاى نیوزى عه‌ره‌بى، به‌ رووداوى هه‌وڵى تیرۆركردنى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق ده‌رده‌كه‌وێت، درۆنه‌كان یارى به‌ چاره‌نووسى عێراق ده‌كه‌ن.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ هه‌شتى تشرینى دووه‌م "نۆڤێمبه‌ر" ماڵپه‌ڕى سكاى نیوزى عه‌ره‌بى راپۆرتێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، تێیدا ئاماژه‌ به‌ مه‌ترسى به‌كارهێنانى درۆن كراوه‌، له‌ ناوخۆى عێراقدا.

راپۆرته‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات مێژووى درۆن له‌ عێراق بۆ زیاتر له‌ 10 ساڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام به‌كارهێنانى بۆ كاروبارى سه‌ربازى به‌ دیاریكراویى له‌شه‌ڕى داعش ده‌ركه‌وت له‌نێوان ساڵانى 2014 – 2017 كه‌ هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان و هێزه‌ عێراقییه‌كان به‌ مه‌به‌ستى چاودێریكردنى تیرۆریستان و هه‌واڵگریى به‌كاریان ده‌هێنا.

له‌داوى ئه‌و مێژووه‌وه‌ درۆن "فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وان" كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ست میلیشیاكانى شیعه‌ له‌و كاته‌یشه‌وه‌ مه‌ترسى ئه‌و چه‌كه‌ ده‌ركه‌وتووه‌. چه‌ند توێژه‌رێك له‌ راپۆرته‌كه‌ى سكاى نیوز قسه‌یان كردووه‌، دووپاتیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ له‌دواى 2019 دوو گۆڕانكارى له‌ درۆنه‌كان روویانداوه‌. یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ سه‌ره‌تا بۆ بۆردومانكردنى هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كان به‌كارهاتووه‌، به‌ڵام دواتر له‌ ساڵى 2020 مه‌ترسییه‌كه‌ى زیاتر بووه‌، بۆ بۆردومانكردنى ناوچه‌ى مه‌ده‌نییش به‌كارهاتووه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ هه‌ولێر بینرا.

گۆڕانكارییه‌كه‌ى تر ته‌كنیكیه‌، ئه‌و درۆنانه‌ بۆ سیسته‌مى رادار گۆڕانكارییان تێدا كراوه‌ و ته‌قه‌مه‌نى زیاتریش هه‌ڵده‌گرن، ئه‌مه‌یش مه‌ترسییه‌كه‌ى زیاتر كردووه‌. به‌ هۆى ئه‌وه‌ى ئه‌و درۆنانه‌ خه‌رجییه‌كى زۆریان ده‌وێ، بۆیه‌ به‌ دوور نازانرێت یه‌كێك له‌ وڵاتان پشتگیرى به‌ده‌ستهێنانیان بكات، "به‌گوێره‌ى راپۆرته‌كه‌یش ئێستا گریمانه‌ى ئه‌وه‌ ده‌كرێـت ئه‌و وڵاته‌ ئێران بێت".

له‌ راپۆرته‌كه‌ باس له‌وه‌یش كراوه‌، مه‌ترسى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ داهاتوویه‌كى نزیك لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى عێراق بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كێشه‌كیانیان و تۆڵه‌كردنه‌وه‌ ئه‌م درۆنانه‌ به‌كاربهێنن.

به‌ره‌به‌یانى دوێنێ حه‌وتى تشرینى دووه‌م، به‌ سێ درۆن هێرشكرایه‌ سه‌ر ماڵى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له‌ به‌غدا، دوو درۆن به‌ سیسته‌مى به‌رگرى سیرامى ئه‌مریكى كه‌ له‌ باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریكا دانراوه‌، خرانه‌ خواره‌وه‌،  ئه‌ویتریان توانى ماڵى كازمى بكاته‌ ئامانج و زیانێكى زۆرى مادى لێ بدات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین