نرخى نه‌وت له‌ بودجه‌ى داهاتوو به‌ 60 دۆلار خه‌ملێندراوه‌ کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كى پرۆژه‌ یاساى بودجه‌ى گشتى عێراق بۆ ساڵى 2022 ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێ، "نرخى به‌رمیلێك نه‌وت به‌ 60 دۆلار خه‌ملێندراوه‌".

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ یه‌كى تشرینى دووه‌م "نۆڤێمبه‌ر" ماهر حه‌ماد بریكارى وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق له‌ لێدوانێكى بۆ ئاژانسى هه‌واڵى عێراق "واع" ئاشكراى كردووه‌، ئێستا پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ى عێراق بۆ ساڵى 2022 له‌ لایه‌ن لیژنه‌یه‌كى بچووكه‌وه‌ تاوتوێ ده‌كرێت، به‌ڵام به‌ هۆى ئه‌وه‌ى حكومه‌تى ئێستا ده‌سه‌ڵاتى په‌سه‌ندكردنى نییه‌، بڕیارى له‌سه‌ر نادرێت.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى وه‌زاره‌تى پلاندانان چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كى پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ى عێراق ئاشكرا ده‌كات. له‌وانه‌، نرخى به‌رمیلێك نه‌وت به‌ 60 دۆلار خه‌ملێندراوه‌، جیا له‌مه‌یش بودجه‌ى وه‌به‌رهێنان بۆ سێ ساڵ دانراوه‌، نه‌وه‌ك ساڵانه‌، به‌ ئامانجى ئه‌وه‌ى پرۆژه‌كان په‌كیان نه‌كه‌وێ. سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌یش رسومى گومرگى تێدا یه‌كخراوه‌.

بریكارى وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ هه‌وڵ دراوه‌، بابه‌تى كورتهێنان چاره‌سه‌ر بكرێت، بیر له‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌ پشت به‌ نه‌وت نه‌به‌سترێت، چونكه‌ نرخه‌كه‌ى جێگیر نییه‌.

به‌هۆى ئه‌وه‌ى عێراق له‌ دانانى بودجه‌كه‌ى به‌ نزیكه‌ى 95% پشت به‌ داهاتى نه‌وت ده‌به‌ستێ، له‌ كاتى ده‌ركه‌وتنى په‌تاى كۆرۆنا و دابه‌زینى نرخى نه‌وت ساڵى رابردوو تووشى قه‌یرانێكى قووڵى دارایى بووه‌وه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین