ئه‌نجامى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ماڵى نوورى مالیكى ئاشكرا ده‌كرێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

چه‌ند رۆژنامه‌یه‌ك ئه‌نجامى ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یان ئاشكرا كردووه‌ كه‌ لایه‌نه‌ شیعه‌كانى شه‌وى رابردوو له‌ ماڵى نوورى مالیكى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا ئه‌نجامیان داوه‌، رۆژنامه‌كان ده‌ڵێن ئه‌و لایه‌نانانه‌ بڕیاریان داوه‌ تا سكاڵاكان یه‌كلایى نه‌كرێنه‌وه‌، دانوستاندن له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێك بكه‌ن.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 20ى تشرینى یه‌كه‌م "ئۆكتۆبه‌ر" هه‌ر یه‌كه‌ له‌ رۆژنامه‌ى "عه‌ره‌بى جه‌دید" و ماڵپه‌ڕى "به‌غداد توده‌ى" ناوه‌ڕۆكى ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یان ئاشكرا كردووه‌ كه‌ لایه‌نه‌ خاوه‌ن میلیشیاكانى شیعه‌ شه‌وى رابردوو، له‌ ماڵى نوورى مالیكى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا ئه‌نجامیان داوه‌.

ئه‌و لایه‌نیانه‌ كه‌ خۆیان به‌ "چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى" ناوده‌به‌ن، بریتیه‌ لایه‌نه‌ میلیشیاكانى سه‌ربه‌ ئێران كه‌ زۆربه‌یان له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانى فه‌تحدا له‌ هه‌ڵبژاردن به‌شداربوون. هه‌ردوو سه‌رچاوه‌ "عه‌ره‌بى جه‌دید" و "به‌غداد توده‌ى" ئاشكراى ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ بڕیاریان داوه‌ هیچ دانوستاندنێك نه‌كه‌ن، تا ئه‌و كاته‌ى سكاڵاكانیان له‌ كۆمیسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان یه‌كلایى ده‌بێته‌وه‌.

هاوكات ئه‌مڕۆ هادى عامرى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى فه‌تح و میلیشیاى به‌در داواى له‌ خۆپیشانده‌رانى میلیشیاكان كردووه‌، به‌ شێوه‌یه‌كى ئاشته‌وایى له‌سه‌ر ده‌ربڕینى ناڕه‌زاییه‌كان به‌رده‌وام بن. ئه‌وان چه‌ند رۆژێكه‌ وه‌ك ناڕه‌زاییه‌ك له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق، له‌ به‌رده‌م ناوچه‌ى سه‌وز خۆپیشاندان ده‌كه‌ن.

وه‌ك ئاماژه‌كان ده‌ریده‌خه‌ن، لەم چەند رۆژه‌دا لایه‌نه‌ شیعه‌ دۆڕاوه‌كان جگه‌ له‌ خۆپیشاندان و چاوه‌ڕوانى هیچى تر ناكه‌ن، رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت ئه‌مڕۆ باسى له‌وه‌ كردووه‌، هه‌موو لایه‌نه‌كانى شیعه‌ چاوه‌ڕوانى وتارى هه‌ینى نوێنه‌رى عه‌لى سیستانى مه‌رجه‌عى باڵاى شیعه‌ ده‌كه‌ن، بۆئه‌وه‌ى ئاراسته‌یه‌ك دیار بكات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین