بەرپرسانی هەواڵگریی ئیسرائیل لەبارەی کشانەوەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چی دەڵێن؟ وەرگێڕان

نوچەنێت

رۆژنامەی (ئۆرشەلیم پۆست)ی ئیسرائیلی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە لە ئامادەکردنی یۆنا جیریمی پۆپ شرۆڤەوانی سیاسیی تایبەتمەند لە کاروبارەکانی هەواڵگری و تیرۆر، تێیدا شیکاری کردووە بۆ لێدوانی بەرپرسانی پێشووی هەواڵگریی ئیسرائیلی سەبارەت بە ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لێکەوتەکانی بڕیارێكی لەو جۆرە لەسەر سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 

نووسەر ئاماژەی بەوە کردووە کە کشانەوەی ئەمریکا لە پرسەکانی ئاساییشی جیهانی دەبێتە هۆی هاندانی گرووپە تیرۆریستییەکان تاوەکو هێرشەکانیان چڕتر بکەنەوە، بە تایبەت دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان متمانە بەخۆبوونی حەماس و حیزبوڵڵا زیادیکردووە لە ململانێکانیان لەگەڵ ئیسرائیل.

ئامانجێکی ڕاگەیێنراو و ڕاستییەکی جێگیر

نووسەر بە لێدوانێکی شەبتای شاڤیت، سەرۆکی پێشووتری مۆساد، دەست بە بابەتەکەی دەکات کە تێدا وتوویەتی ئەگەر تەنانەت ئامانجی ڕاگەیێنراوی ئیدارەی بایدن کشانەوەش بێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، ئەوا بارودۆخی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بە جۆرێکە کە ڕێگەی نادات ئەو کارە بکات، واتە بایدن ناتوانێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست هێزەکانی ئەمریکا بکشێنێتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا بۆچوونی سێ سەرۆکی پێشووی دیکەی مۆساد ڕوون کراوەتەوە، کە گفتوگۆیان کردووە سەبارەت بە کاریگەریی کشانەوەی ئیدارەی بایدن لە ئەفغانستان لەسەر ئاساییشی جیهانی، هەژموونی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و ئەو هەڕەشانەی ئێران و بزووتنەوەی حەماس دروستیان دەکەن.

لەماوەی قسەکانیان لە شاری هرترسیلیا و لە بارەگای ئەنستیتۆی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، سەرۆکانی پێشووی دەزگای مۆساد و شاباک (دەزگای ئاساییشی گشتیی ئیسرائیل) و هەواڵگریی سوپا، بۆچوونەکانی خۆیان خستووەتەڕوو.

زیڤی فرکاش، سەرۆکی پێشووتری هەواڵگریی جەنگیی ئسرائیل و یەعکوڤ پێری، بەڕێوەبەری پێشووتری شاباک وتوویانە کە ئەمریکا بەرەو ئەوە دەڕوات تێوەگلانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەمتر بکاتەوە، بەڵام سەرۆکی پێشووتری مۆساد شەبتای شاڤیت وتوویەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست دەمێنێتەوە، هەرچی ئەڤرایم هالیڤی، سەرۆکی پێشووتری مۆسادە، وتوویەتی ئەمریکا هێشتا بڕیاری نەداوە لە ناوچەکە بکشێتەوە.

زئیڤی فەرکاش دەڵێت، "هەمووان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست چاوەڕوانی کشانەوەی ئەمەریکان" و وتووشیەتی ئەموریکا بە کردەیی ڕۆڵی خۆی لە سعودیە و سووریا و شوێنانی دیکەی ناوچەکە کەمکردووەتەوە و کشانەوەشی لە ئەفغانستان ڕەنگدەرەوەی پاشەکشەی پلە بە پلەی ئەمریکایە لەسەر ئاستی جیهانی، جا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بێ یاخود ناوچەکانی دیکە.

لێکەوتەکانی کشانەوەی ئەمەریکا

بیری و فرکاش هاوڕا بوون کە پاشەکشەی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە گشتی و ئەمریکا بە تایبەت لە بابەتەکانی ئاساییشی جیهانی، وادەکات گرووپە تیرۆریستییەکان کردە دوژمنانەکانیان زیاد بکەن.

بەڵام شاڤیت وتوویەتی من ڕێزم بۆ لێدوانی ئەوانی دیکە هەیە، بەڵام چەندین ئیدارەی پێشووی ئەمریکا باسی کشانەیەوەیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و نەشیان کردووە، جگە لەوەش، ئەمریکا ئەگەر بیەوێت لە پێگەی پێشەنگدا بمێنێتەوە، ناکرێ لەم ناوچەیە پاشەکشە بکات.

هالیڤی بۆچوونەکانی نێوەند بووە، وتوویەتی "ئەمریکا خۆیشی نازانێت چی دەکات، لەلایەکەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستی لە بازنەی گرنگیپێدانەکانیدا نەهێشتوە، لەلایەکی دیکەشەوە گرنگیی بە پرسە جیهانییەکان دەدات" لە هەمان کاتدا وایدەبینێ "ویلایەتە یەکگرتووەکان پەلە ناکات لە کشانەوە لە ناوچەکە".

ڕاپۆرتەکە پاشان دێتە سەر پرسی ململانێی فەلەستین و ئیسرائیل، تێیدا شاڤیت دەڵێت: کە ئەو پێیوایە پرسی ڕێککەوتننامەى ئەبراهامییەکان و ئەوەی کە ڕیزە وڵاتێکی ناوچەکە دەیانەوێت پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە، لەوانەیە لە کۆتاییدا ببیتەهۆی دروستبوونی هاوپەیمانیێتی ئیسرائیل و چەند دەوڵەتێکی سوننە و ئەمریکا بۆ گەیشتن بە چارەیەک بۆ ئەم ململانێیە.

بەڵام پێری ڕەشبینتر بووە، ئەو پێی وابووە شەڕێکی ناوخۆیی گەورە لە کەناری رۆژئاوا رووبدات لەسەر ئەوەی کێ ببێتە جێگرەوەی مەحموود عەباسی، سەرۆکی دەسەڵاتی خۆبەڕیوەبەرێتیی فەلەستینی، لەسەر دەستی ئەو کەسانەی چانسیان هەیە ببنە کەسی جێگرەوە، بۆیە ئەو ناسەقامگیرییە شاراوەیەی لە پرسی سەرۆکایەتی فەلەستینیدا هەیە، مانای وایە چارەسەری ململانێی فەلەستین و ئیسرائیل دوورە و ئیسرائیل بۆ ساڵانی داهاتوو بە گیرخواردوویی لە کەناری خۆرئاوادا بمێنێتەوە.

کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا

بەگوێرەی راپۆرتەکە، سەرۆکانی پێشووتری مۆساد، هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان متمانەبەخۆبوونی حەماس و حیزبوڵڵای زیاد دەکات لە ململانێیاندا لەگەڵ ئیسرائیل. زئیڤی فەرکاش لە قسەکانیدا ئەوەشی وتووە کە ئیسرائیل پێویستی بەوەیە "زەبرێكی گەورە بوەشێنێت دژ بە غەززە بۆ گێڕانەوەی توانای بەرپەرچدانەوەی" و ڕێگری بکات لە حەماس لە ئەنجامدانی زنجیرەیەک ‌پەلامار و هێرشی مووشەکیی ڕێکخراو.

هالیڤی وای بینیوە ئیسرائیل پێویستی بەوەیە لەگەڵ حەماس گفتوگۆ بکات و دان بەوەدا بنێ حەماس ١٤ ساڵە حوکمی غەززە دەکات و پێویستە تەلئەبیب بگاتە لێکتێگەیشتنێکی درێژخایەن لەگەڵ حەماس تەنانەت ئەگەر بە شاراوەییش بێت.

لەبارەی ئێرانیشەوە، زئیڤی فەرکاش وتوویەتی حکومەتی پێشووی نەتەنیاهو "ئاسانکار بوو بۆ ئەوەی ئێران بگاتە نزیک توانای دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش لەم ڕووەوە لێکۆڵینەوەی نەکردووە لە ٢٤ی شوباتەوە".

١١ی سێپتەمبەر و تیرۆریزمی جیهانی

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، لە کاتێکی پێشتری کۆنگرەکەدا، دەڤید کاتلەر یاریدەدەری ئەمینداری ناتۆ بۆ کاروباری هەواڵگری و ئاساییش، باسی لە ئەزموونی تایبەتیی خۆی کردووە لەکاتی ڕووداوەکانی ١١ی سێپتەمبەردا. کاتلەر وتوویەتی ١١ی سێپتەمبەر گەورەترین زەبر بوو کە لە مێژوودا بەر ئەمریکا کەوتبێ. کاتلەر هەروەها وتووشیەتی ١١ی سێپتەمبەر ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ ئەو تیرۆریزمەی ئێستا لەسەر ئاستی جیهانی هەیە و ئێستاشی لەسەربێ ئەو تیرۆرە هێشتا دوورە لە کەوتن و شکست پێهێنانیان، تەکنۆلۆجیای پێشکەوتووی ئێستاش توانای زیاتر دەداتە هەڕەشەکانیان و هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەى گرووپە تیرۆریستییەکان سەختدەکات.

بەرپرسەکەی هەواڵگریی ناتۆ ئاماژەى بەوەشکردووە، پێگەی ڕوو لە زیادی حەماس و ئەلقاعیدە و داعش لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت، وادەکات ئاسانتر چەکدار وەربگرن و خەڵکی بخەنە بەرەی خۆیان، و هاریکاریی نێوان دەوڵەتەکان سنوور دادەنێت بۆ هەڕەشەی ڕوو لە زیادی تیرۆریزم.

بۆواز گانور، سەرۆکی ئەنستیتۆی نێودەوڵەتیی بەرەنگاربونەوەی تیرۆریزم لە زانکۆی رەیچمان، باسی لە گرنگیی بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریزم کردووە هەریەکەیان بەپێی تایبەتمەندییەکانی تیرۆرەکە، هەروەها ئەوەی کە بۆ ئیسرائیل و وڵاتانی ڕۆژئاوا گرنگە لە جیاوازیی نێوانیان تێبگەن بۆ ئەوەی بتوانن ڕووبەڕووببنەوە لەگەڵ تواناکان و هاندەرەکانی هەریەکەیان، جا تیرۆریستە تاکو تەراکان بن، یان ڕێکخراوە تیرۆریستییە نادەوڵەتییەکان بن یان ئەو تیرۆریستانەی دەوڵەتێک سپۆنسەریانە.

لەبارەی تیرۆریزمی جیهانییەوە، گانور دژی ئەو بۆچوونانەیە کە پێشبینییەکی گەشبینانەیان هەیە، چونکە وەکو ئەو وتوویەتی ئەو گەشبینییە لەسەر بنەمای کەمبوونەوەی هێرشەکانی تیرۆریزمی جیهانییە لەسەر وڵاتانی ڕۆژئاوا، بەڵام ئەوەیان پشتگوێ خستووە کە ئەم هێرشانە لە ئەفریقا و ناوچەگەلی دیکە زیادیان کردووە.

گانور ئاماژەی بە زیادبوونی تیرۆریزمی راستڕەوی توندڕەو کردووە لە ئەمریکا و چەند وڵاتی دیکەی ڕۆژئاوایی، بە تایبەت لە سەروبەندی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا و پێشبینی کردووە لە قۆناغی دوای کۆرۆنا تیرۆریزم بە گشتی ڕوو لە زیادبوون بکات.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین