مه‌سعود بارزانى: ئەگەر دەستوور وەك خۆی جێبەجێ كرابا زۆر لەو كێشە و گرفتەكانە نەدەبوون کوردستانی

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ مه‌سعود بارزانى پێشوازى له‌ جینین پلاسخارتى نێرده‌ى تایبه‌تى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق كرد و له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى گوتى، "ئەگەر لە ساڵانی ڕابردوودا دەستوور وەك خۆی جێبەجێ كرابا زۆر لەو كێشە و گرفتەكانە نەدەبوون كە ئێستا لە نێوان هەردوولا هەن"

باره‌گاى بارزانى له‌ راگه‌یاندراوێكدا باسى له‌ ناوه‌ڕۆكى دیداره‌كه‌ى سه‌رۆك بارزانى و پلاسخارت كردووه‌، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى:

ڕۆژی یەكشەممە ١٤ـی شوباتی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو جێنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی و دواپێشهاتەكانی عێراق و دانوستاندنەكانی نێوان هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵی و، هەروەها ئاستەنگەكانی بەردەم جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شنگال ئاڵوگۆڕ كرا.

لەو دانیشتنەدا نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق جەختی لەوە كردەوە كە نەتەوە یەكگرتووەكان هانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق دەدات كە بەردەوام بن لە دیالۆگ و ڕەخساندنی كەشی ئیجابی بۆ سەرخستنی دانوستاندنەكان و بەدەستهاتنی چارەسەری گونجاو بۆ كێشەكانی نێوانیان.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی پشتگیریی خۆی بۆ دیالۆگی بەردەوامی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق لە چوارچێوەی دەستوور ڕاگەیاند و، ئەوەشی دووپات كردەوە كە ئەگەر لە ساڵانی ڕابردوودا دەستوور وەك خۆی جێبەجێ كرابا زۆر لەو كێشە و گرفتەكانە نەدەبوون كە ئێستا لە نێوان هەردوولا هەن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین