ئۆپۆزسيۆنى توركيا دۆسيەى پەنابەرانى سوورى دەکاتە كارتى فشار
نوچەنێت:
بڕيارە ئەو چالاكوانانە لە قۆناغى داهاتوو، چاويان بە سەرۆكى پارتە ئۆپۆزسيۆنەكانى توركيا بكەوێت، كە كەسايەتييە باڵاكانيان رۆڵى گەورەيان لە زيادكردنى هەستى دوژمندارييەتى دژ بە ئاوارە سوورييەكانى توركيا هەيە، كە ژمارەى ئاوارەكان لە توركيا چوار مليۆن كەسە.
لە ساڵانى رابردوو ئاوارە سوورييەكانى ئەو وڵاتە توشى دۆخێك بووينە ناتوانن بەناوى خۆيان قسە بكەن و چاودێرى دۆسيەى خۆيان بكەن، چ لەگەڵ حكومەتى توركيا و پارتى فەرمانڕەوا، چ لەگەڵ پارتەكانى تر.
بەڵام لە ئێستادا چەند كەسێكيان دەستيان بە چالاكى كردووە، تەها غازى چالاكوانى سوورى لەو وڵاتە بە ماڵپەڕى (حوڕە)ى راگەياند، "هەوڵدەدەين لە توركيا چالاكى مەيدانى ئەنجام بدەين". دەكرێت ئەو هەواڵانەش ناو بنرێت (لۆبى سوورى) لە توركيا.
غازى گوتيشى، "سەردانى كەمال كليچدار ئۆغلۆ لەو چوارچێوەيە بوو، لۆبى سوورى لەو وڵاتە هاوشێوەى لۆبى توركييە لە ئەڵمانيا، توركەكان لەو وڵاتە توانيويانە بەرانبەر هەموو پارتەكانى ئەڵمانيا بكرێنەوە، ديدارييان لەگەڵيان هەبێت".
دوورخستنەوەى دۆسيەى ئاوارەكان لە ململانێكانى هەڵبژاردن
لە چەند مانگى رابردوو هەستى دژايەتيكردنى پەنابەرە سوورييەكان لە توركيا زياديكرد، ژمارەيەك سياسى و سەركردەى پارتەكان داواى سەپاندنى كۆتوبەندى توندتريان لەسەر ئاوارەكان كردووە.
لە ماوەى پێشوو گەنجێكى سوورى لەگەڵ گەنجێكى توركى بوو بەشەڕيان، گەنجە سوورييەكە توركەكەى كوشت، ئەوەش بووە هۆى زيادبوونى هێرشەکان بۆ سەر سوورییەکان. لە گەڕەكى ئاڵتون داغ ئاوارەيەكى سوورى دوكانەكەى هێرشى كرايە سەر و كەلوپەلەكانيان شكاند.
شەقامى توركى كاريگەرى زۆرى سياسييەكانى لەسەرە، هەر هەڵوێستێك ياخود لێدوانێكى سەركردە توركەكان زۆر بەخێرايى لە بازنەيەكى زۆر فراوان رەنگدانەوەى لەسەر شەقامى توركى دەبێت.
سەبارەت بەو ديدارەشيان لەگەڵ گەورەترين پارتى ئۆپۆزسيۆن، غازى روونيكردەوە، "لەو دانيشتنە گەيشتين بە چەند خاڵێكى ئەرێنى، گرنگترين خاڵ دوورخستنەوەى دۆسيەى پەنابەرانى سوورى بوو لە ململانێى سياسى، لەبەرانبەردا سەيركردنى بە ديدێكى كۆمەڵايەتى مرۆيى دوور لە هەر شرۆڤەيەكى سياسى".
بڕياريشە بە چاودێرى زانكۆى ميدبول بەشى زانستە سياسيەكان، (كۆنفراسى دۆسيەى ئاوارە سوورييەكان لە ململانێى هەڵبژاردنەكان) لە ئيستەنبوڵ ببسترێت، چالاكوانانى سوورى و نوێنەرى سەرجەم پارتە سياسيەكانى توركيا و رێكخراوەكانى كۆمەڵگەى مەدەنى و مافى مرۆڤ بەشدارى لەو كۆنفراسە دەكەن، ئەوەش يەكەمین كۆنفراسە لەسەر ئەو پرسە.
بڕيارە چالاكوانە سوورييەكان لە هەفتەى داهاتوو لەگەڵ پارتى كرێكارانى سۆشيالستى شۆڕشگێر كۆبنەوە، باس لە دۆخى ئاوارە سووريييەكان لە توركيا و هێوركردنەوەى گوتارى رق و رەگەزپەرستى بكەن.
دەنگە نەيارەكان
ژمارەى سوورييەكان لە توركيا، ئەوانەى ئاوارەن، ياخود گەشتيارن، زياتر لە چوار مليۆن كەسن، زۆربەيان لە ئيستەنبوڵ دەژين، هەندێكى تر لە ويلايەتى شانلى لە ئۆرفەى سەر سنوور، غازى عەنتاب، هاتاى نيشتەجێن.
بەگوێرەى قسەى چالاكوانە سووريييەكان چەند ساڵێكە گوتارێكى رەگەزپەرستى توند لە دژيان هەيە، چەند رووداوێكى رەگەزپەرستانەى لێكەوتۆتەوە، ئەوەش ئاماژەيەكى مەترسيدارە، كاريگەرى دەبێت لەسەر دۆخى سەقامگيرى گشتى و سروشتى تێكەڵبوون بەو شوێنانەى لێى نيشتەجێن.
هاندانەكان لە دژيان
خەڵكێك هەيە ئێستا پاڵپشتى ئەو هەنگاوەى کە جەهەپە ناويەتى دەكەن، سوورييەكانى تر پێيان وايە، ئەو هەنگاوە دەبێتە زيادبوونى باڵانسى ئەو پارتە ئۆپۆزسيۆنە لە ململانێى هەڵبژاردنەكان لەگەڵ پارتى فەرمانڕەوا.
هەرچەندە جەهەپە هيچ لێدوانێكى لەسەر ئەو كۆبوونەوەيە لەگەڵ چالاكوانانى سوورى نەبووە، بەڵام دەزگا راگەياندنەكان چەند هەواڵێكى جۆراوجۆريان لەسەر هەڵوێستەكانى كليچدار ئۆغلۆ بڵاوكردۆتووە، كە پێشتر گوتبووى، "پێويستە ئاوارەكان بگەڕێنەوە سووريا".
تەها غازى ئاماژە بەوەش دەكات، "ديدارەكەى كليچدار ئۆغلۆ زۆر دواكەوت، ئێمە ماوەيەكى زۆرە دەمانەوێت سەردانى بكەين، بەڵام لەو ماوەيە باردۆخى گشتى رێگربوو".
گليچدار ئۆغلۆ پێى راگەياند، "كێشەى ئێمە لەگەڵ ئاوارە سوورييەكان نييە، بەڵكو لەگەڵ ئەو سياسەتە هەڵانەيە كە سوورييەكانى گەياندۆتە ئەو دۆخە، چونكە ئێمە جارێكى تر برا سوورييەكانمان لە گۆڕەپانى مەرگ جێناهێڵين، ناچاريشيان ناكەين بگەڕێنەوە، ئەگەر مەرجە كۆمەڵايەتى و ئابوورى و ئەمنييە گونجاوەكان بۆ گەڕانەوەيان نەهاتبێتە دى".
غازى دەشڵێت، "ئێمە ئەو رەخنانەمان قبوڵە، كە لەو هەنگاوەى ئێمەيان گرتووە، بەڵام ئەوە كارێكە پێويستە وەك كۆمەڵگەى سوورى كە (10) ساڵە تێيكەوتووين، هيچ بوونێكى كۆمەڵايەتى و چالاكى سياسيمان نييە، ئەو بيرۆكە سەرەكييەى ئێمەى هاندا بريتيە لە دەسپتێكردنى چالاكى مەيدانى، بۆ گەياندنى دەنگمان بە هەموو شوێنێکى ئەو وڵاتە".
بەرەوپێشچوونى ئەرێنى
لە چەند مانگى رابردوو كليچدار ئۆغلۆ هۆشدارى دايە حكومەتى توركيا، كە "ئاوارەكان هەڕەشەن بۆ سەر ئاسايشى نشتيمانى وڵاتەكەى".
ئۆغلۆ بەڵێنيشى دا ئەگەر لە هەڵبژاردنى داهاتوو سەركەوتووبێت هەموويان رەوانەى سووريا دەكاتەوە، رەتيشيكردەوە ئەو هەنگاوەى، هەنگاوێكى رەگەزپەرستانە بێت.
لە وەڵامى ئەو قسانەى كليچدار ئۆغلۆ، رەجەب تەيب ئەردۆغان رايگەياند، "ئەوان پەنايان بۆ ئێمە هێناوە هەست بە ئارامى دەكەن، ناكرێت ئێمە داواى گەڕانەوەيان لێبكەين".
ئيسلام ئۆزكان لێكۆڵەر لە كاروبارى توركيا، بە ماڵپەڕى (حوڕە)ى راگەياند، "ديدارى چالاكوانان لەگەڵ سەرۆكى جەهەپە، زۆر بە ئەرێنى دادەندرێت، ئەوەش لەبەر دوو هۆكار، يەكەم ئۆغلۆ ديدى پارتەكەى بۆ چالاكوانانى سوورى خستەڕوو، لە هەمان كاتيش مەبەستى لێدوانەكانى روونكردەوە، هۆكارى دووەمى گرنگى ئەو سەردانە، لەو سەردانە كلچيدار ئۆغلۆ تێگەيشت چالاكوانان چيان دەوێت، ئەو لێدوانەشى كە گوتى، ئێمە پەنابەران ناچار ناكەين بگەڕێنەوە وڵاتەكەيان كارێكى زۆر ئەرێنييە، ديدى ئۆپۆزسيۆنى سەبارەت بە گەڕانەوەى ئاوارەكان بۆ سووريا روون كردەوە".
ئەو چالاكوانە سووريييە راشيگەياند، "لە قۆناغى داهاتوو سەردانەكانيان بەردەوام دەبێت، لە بەرنامەمان دايە، سەردانى ئەحمەد داود ئۆغلۆ سەرۆكى پارتى ئايندە و دەوڵەت باخچەلى سەرۆكى پارتى نەتەوەيى مەهەپە و عەلى باباجان سەرۆكى پارتى ديموكراتى و پێشكەوتن بكەين".
لە بەشێكى ترى قسەكانيشى جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، "ئەو سەردانانە بە مەبەستى روونكردەوەى دۆسيەى ئاوارە سوورييەكان و كرانەوەيە بەسەر هەموو پارت و رەوتە حزبى و فكرييەكانى ئەو وڵاتە".
ئايە ئەنجامێك هەيە؟
ئەستەمە بتواندرێت هەموو وردەكارييەكانى دۆسيەى ئاوارە سوورييەكان لە توركيا ديارى بكرێت، بەڵام تەها غازى پێى وايە، "سەردانيكردنى پارتە ئۆپۆزسيۆنەكان رۆڵى ئەرێنى دەبێت، لە قۆناغى داهاتوو گوتارى رق و رەگەزپەرستى كەم دەكاتەوە".
ئەو چالاكوانە دەشڵێت، "ئەو ماوەيە گوتارى رق و رەگەزپەرستى دژ بە سوورييەكان گەيشتبووە لووتكە، بۆيە پێويستبوو سەردانى ئەو پارتانە بكەين كە خاوەنى ئەو گوتارەن".
سەبارەت بە پارتى دادوگەشەپێدانيش غازى رايگەياند، "هيچ كێشەيەك لە گوتارى ئاكپارتى نييە، بۆيە سەردانى راستەوخۆى ئەوانمان دواخست، بەڵام لە چەند رۆژى داهاتوو سەردانى ئەوانيش دەكەين، هيوادارين ئەنجامى باشى هەبێت، ئەنجامەكانيش بە رۆژێك و دوو رۆژ نايەتەدى، بەڵام هەوڵدەدەين نەكەوينەوە دۆخى هەڵبژاردنەكانى پێشوو، گوتارى رق ئەگەر بە شێوەيەكى كەميش بێت، دەتواندرێت لە بەرژەوەندى ئاوارە سوورييەكان كەم بكرێتەوە".
گەمەى سياسى
موهەند حافز ئۆغلۆ چاودێرى سياسى بە ماڵپەڕى (حوڕە)ى راگەياند، "ئۆپۆزسيۆنى توركيا هەوڵدەدات سوودى زياتر لەو دۆسيە وەربگرێت، جارێك بە باسكردنى گێڕانەوەيان بۆ وڵاتى خۆيان، جارێكى تر بە پەيوەنديكردن لەگەڵ دەسەڵاتى سوورى، دەيانەوێت يارييەكى سياسى بكەن، چونكە ماوەيەكە دەيانەوێت دۆسيەى سووريا و ئاوارەكانى ئەو وڵاتە لە توركيا بەكار بهێنن، جارێك دژيان دەوەستنەوە، جارێك رەخنە لە حكومەت دەگرن، ئێستاش برەو بە گفتوگۆكردن لەگەڵيان دەدەن".
سەبارەت بە دواين ديدارى كلچيدار ئۆغلۆش، حافز ئۆغلۆ گوتى، "ئەو ديدارە دەچێتە چوارچێوەى بانگەشەى هەڵبژاردنەكانى داهاتووە، ئۆپۆزسيۆن دەيەوێت پەيامێك بە سوورييەكان بدات، كە دەتوانێت رازييان بكات بگەڕێنەوە وڵاتى خۆيان، هەروەها دەشيانەوێت ئەو دۆسيەيە زۆر بە توندى دژى حكومەتى توركيا بەكار بهێنن".
تا ئێستاش هۆكارەكانى پشت دۆسيەى ئاوارەكانى سووريا لەو وڵاتە جياوازە، هەندێك رەخنە لە پارتە ئۆپۆزسيۆنەكان دەگرن، كە خاوەنى گوتارى توندوتيژن دژيان، ئەوانەى تر دەڵێن،" ئەوە بەيوەستە بە نەبوونى پلانى روونى حكومەت بۆ دۆخ و چارەنووسيان".
ئەو چاودێرە سياسيەش جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، "ئێستا ئۆپۆزسيۆن هەوڵدەدات دۆسەى سووريا لەناوخۆى توركيا بقۆزێتەوە، بۆ راكێشانى ئەو ئاوارە سووريانەى رەگەزنامەى توركييان هەيە، بۆ ئەوەى كاريگەرى لەسەر راى گشتى دروست بكەن".
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment