دڵشاد عەبدولڕەحمان : لە ئەم خولەی ئێستای  حکومڕانی بەغدا لاوازترین ڕۆڵ ڕۆڵی کورد بووە دیمانە

لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

دڵشاد عەبدولڕەحمان وەزیری پەروەردەی پێشوو، دەڵێت، هێزە کوردییەکان هیچیان کۆک نین لەناو یەکتریدا، هەموویان دژایەتی یەکتر دەکەن بۆیە لاوازترین ڕۆڵ ڕۆڵی کورد بووە لەو خولەی ئێستای حکومڕانی لە بەغدا، بە پێویستیشی دەزانێت، لایەنە سیاسییەکان بە تایبەت هێزە سەرەکییەکان بەخۆیاندا بچنەوە و بە یەکدەنگ بچنەوە بەغدا. دڵشاد عەبدولڕەحمان، وەزیری پەروەردەی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیمانەیکی تایبەت لەسەر پرسی پەروەردە و هەموارکردنەوەی دەستور و هەڵبژاردنەکان، بۆ نوچەنێت بەم جۆرە دوا.

لاڤین عومەر: بەڕێزتان وەزیری پەروەردە بوون، ئەگەر لە بەڕێزتان بپرسین ڕات چییە لەسەر ئەو بڕیارەی وەزارەتی پەروەردە، کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەڵێت، دایکان و باوکان سەرپشکن لەوەی مناڵەکانیان لە ماڵەوە بخوێنن یان لە ناو پۆلەکاندا، بەرای ئێوە ئەمە لەسوودی خوێندنە یان زیانی دەبێت ؟

دڵشاد عەبدولڕەحمان: بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو بڕیارەی وەزارەتی  پەروەردە کە دایک و باوکانی سەرپشک کردووە، بۆ ئەوەی مناڵەکانیان بنێرنە قوتابخانە یان لە پۆلەکاندا وانە بڵێنەوە، دەبێت باسی ئەو بارودۆخە بکەین کە بڕیاری تێدا دراوە، بێگومان بارودۆخێکە کە هەرێمی کوردستان ڕووبەرووی قەیرانێکی تەندروستی بۆتەوە وەکو هەموو وڵاتانی تری جیهان کە قەیرانی کۆرۆنایان هەیە، لە هەموو ئەو دۆخانەشدا  وڵاتێک یاخود شارێک یا ناوچەیەک تووشی کارەساتێکی سروشتی یان هەڕەشەیەک ئەمنی یان شەڕ و ئاوارەبوون  دەبێتەوە، لەو بارودۆخانەدا  دایک و باوکان ترسی ئەوەیان هەیە بە چوونە قوتابخانە مناڵەکانیان مەترسی لەسەر گیانیان دروست بێت.
ڕێگەدان بە دایک و باوکان ئازادبن لە ناردنیان یان لەماڵەوە وانەیان پێ بڵێنەوە، بڕیارێکی دروستە. هەم چارەنوسی پەروەردەی منداڵەکانیان نافەوتێ و هەم دایک و باوکانیش دڵنیا دەبنەوە لە ئاسایش و ژیانی منداڵەکانیان، بۆیە من ئەو بڕیارە بە دروست دەزانم.

لاڤین عومەر : بە حکومی ئەوەی بەڕیزتان لە کابینەی پێنجەم وەزیری پەروەردەبوون، بێگومان ئێستاش ئاگاتان لە دۆخی پەروەردەیە، بەتایبەتی دوای پەتای کۆرۆنا.پێت وایە وەزارەتی پەروەردە کاتی کۆرۆنا ڕێوشوێنی باشی گرتەبەر، بۆ ڕووبەرووبوونەوەی کۆرۆنا و پەکنەکەوتنی خوێندن؟ ئەگەر بەڕێزت وەزیر بوویتایە تا ئێستا یان ئەگەر ڕای بەڕێزتییان بپرسیایە لەبارەی پلان بۆ پەروەردە، لەم بارودۆخەدا چی جیاوازت دەکرد؟ چیت بە پێویست دەزانی بکرێ؟

دڵشاد عەبدولڕەحمان: ئەو ڕێکارییانەی وەزارەتی پەروەردە گرتنیە بەر لەکاتی قەیرانی کۆرۆنا، بێگومان هەندێک لەو ڕێکاریانە تەنیا بڕیاری وەزارەتی پەروەردە نەبوون، بەڵکو لیژنەی وەزاری سەرپەرشتی کۆرۆنا وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی ناوخۆ بەتایبەتی ڕۆڵی ئەوان لە دەرکردنی بڕیارەکاندا هەبووە، لەبەر ئەوە پەیوەندی بە بارودۆخی تەندروستی هەموو خەڵکەوە هەبووە نەک تەنیا قوتابییەکان بەڵکو دایکان و باوکان و مامۆستاکانیش، بۆیە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو بڕیارانە لە ڕاستییا دەتوانین بڵێین ڕێکارییەکان دروست بوون و پێویست بوون.
وەکو وتم ئەم بڕیارانە بڕیاری ناچارین واتا تۆ لە دۆخێکدای ناچاری هەندێک بڕیار بدەی، بژاردەت نییە بژاردەی باشترت نییە، بۆیە پێویستە بەو بڕیارانە ڕازی بیت چۆن دەڵێت زەرەر لە نیوەی بگەڕێتەوە ئەمیش وایە، بۆیە ئەو ڕێکارییانە ڕێکاری پێویست بوون گیراونەتە بەر.
لاڤین عومەر : بە گشتی ئاستی پەروەردە چۆن دەبینی، چاوەڕوانی باشتری یان خراپ بوون؟ چی بکرێت باشە؟
دڵشاد عەبدولڕەحمان : من بە پێویستی دەزانم وەزارەتی پەروەردە بەردەوام بێت لەسەر ئەو ڕیفۆرمە ڕیشەییانە لە کابینەی پێنجدا بە شێوەیەکی زانستیانە دەستیان پێکرد، بەردەوام بێت هەتاوەکو دەگەینە ئەو قۆناغەی کە  قوتابی و خوێندکار دەبن بە سەنتەری پڕۆسەی پەروەردە، هەموو هۆکارەکانی تر لە خزمەتی قوتابی و خوێندکاردا دەبن، وەزارەتی پەروەردە دەبێتە وەزارەتی قوتابی و خوێندکار، دەبێت ئەوە ئامانجمان بێت، کە گەشتین بەو ئامانجە، دەتوانین بڵێین بەها بەرزەکانی پەروەردە کە لە دەقی سیستەمی پەروەردە دا بڕیاری لێدراوە و تێیدا هەیە لە هەردوو کتێبی سیستەمی قوتابخانە بنەڕەتیەکان و سیستەمی ئامادە خوێندنگەییەکاندا هاتوون، کە سیستەمێکی خوێندنی دیموکراتییانەیە، چەقی پرۆسەکە قوتابی و خوێندکارە.

لەم خولەی  ئێستای پەرلەمانی عێراق کورد ئەزموونێکی ناسەرکەوتوانەی هەبوو

 


بەردەوام بوون لەسەر ئەم گۆڕانکاری و ڕیفۆرمانە و نوێکردنەوەی ڕیفۆرم و هێنانی ڕیفۆرمی تر پێویستە، لەبەر ئەوەی بمانەوێت کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو دیموکرات بەرهەمبهێنین، کلیلی گەیشتن بە ئەو کۆمەڵگایە، تەنهاو تەنها پەروەردەیەکی دیموکراتیکە، بۆیە دەبێت هەمیشە دووپاتی کەینەوە کە پەروەردەکەمان پەروەردەیەکی دیموکراتیکی بێت، نەوەیەکمان بۆپەروەردە کە باوەڕ بەخۆ بووبێ، ڕەخنەگر بێت باوەڕی بە ئازادی هەبێ و یەکسانی تێیدا فەراهەم بێ، یەکسانی نەتەوەیی، جێندەریی، ڕەگەزیی.
ئەو نەوەیەی کە لەسەر ئەم بەها بەرزانە پەروەردە دەبێت لە ئایندەشدا کۆمەڵگایەکی لێبوردەو خاوەن بەهای بەرزی مرۆڤایەتی، کە ژینگە دۆست و ژیان دۆست و ژن دۆست و مرۆڤ دۆست و نیشتمان خۆشەویست باردێت، ئەمانە هەموو دەبنە ئەو بەهایانەی کە لەو نەوانەدا دەبن، بەبوونی ئەو بەهایانەش نیشتمانێکی ئاسودەمان دەبێت و خەڵک ئارام تێیدا دەژی.
لاڤین عومەر : جگە لە بواری پەروەردە گەر چەند پرسیارێکی سیاسیش لە بەڕێزتان بکەین، لە فەیسبووکی خۆتانەوە ڕاتان گەیاندووە کە موقتەدا سەدر بە مەرجی هەموارکردنەوەی دەستووری عێراق بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات، بەوە ڕازییان کردووە بەشداربێت. ئەمە زانییارییە یا خوێندنەوەی خۆتان؟

دڵشاد عەبدولڕەحمان : هەموارکردنەوەی دەستوور ئەوە مەرجی موقتەدا سەدرە ئەوە زانیارییە، بێگومان ئەوە لە دەقی ئەو ڕێککەوتننامەیەدا هاتبوو کە لایەنە سیاسییەکان ڕێککەوتبون لەگەڵ بەڕیز موقتەدا سەدر بۆ گەڕانەوەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان خاڵێکیان دانابوو، یەکێ لەو خاڵانە، هەموارکردنەوەی دەستوور بووە، واتا ئەوە زانییارییەکی بڵاوکراوەیە، نەک بڵێین تەنیا من دەستم پێکرد یا چەند دەستەبژێرێک دەستی پێکرد بێت، بەڵکو هەموو ئەوانەی بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکانی عێراق دەکەن  ئەو زانیارییەیان پێگەیشتووە.
لاڤین عومەر : ئەو هەموارکردنەوەی دەستوور کە موقتەدا سەدر دەیەوێت، پێت وایە مەترسی لەسەر کوردستان دروست بکات؟ ئەو مەترسییە چییە؟
دڵشاد عەبدولڕەحمان : ئەوەی سەدر دەیەوێت، لایەنەکانی تری شیعەش دەیانەوێت، یەکێ لە خاڵە سەرەکییەکان، کەمکردنەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانە، کە تەنیا هەرێمە لە عێراقی فیدراڵدا دروست بووە، زۆربەی ئەو ماددانەی کە دەسەڵاتی هەرێم و فیدراڵی تێدا دیاری کراوە، ئەوان دەیانەوێ پێداچوننەوەی بۆ بکەن و دەسەڵاتی ناوەندی حکومەتی فیدراڵی زیاد بکەن لەسەر حسابی دەسەڵاتی فیدراڵی. واتا چەق بوونەوەی دەسەڵات لە بەغدا دا لە جیاتی دابەزاندنی دەسەڵاتەکان و لامەرکەزی زیاتر.
ئێستا ئاراستەی هێزە سیاسییە شیعەکان، چەق کردنەوەی دەسەڵاتە لە بەغدا، نەک لامەرکەزییەت و زیاد بوونی دەسەڵاتی پارێزگاکان، یان مانەوەی دەسەڵاتی هەرێم وەکو خۆی، بۆیە لە راستیدا پەنابردن بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور، بە بۆچونی من بمانەوێ یان، دەبێت بە زیان بۆ هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان کەم دەکاتەوە.
لاڤین عومەر : کورد چی بکات بۆ ئەوەی ئەو مەترسییە بڕەوێنێتەوە؟
دڵشاد عەبدولڕەحمان : کورد بۆ ئەوەی لە هەموارکردنەوەی دەستوور زەرەر نەکات، بێگومان یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکان، یەکبوونی دەنگی کوردە لە بەغدا واتا ئەو پەرلەمانتارانەی کوردن دەچنە بەغدا بە هێزە سیاسییە جیاوازەکانەوە ئەگەر هەموویان یەک بەرنامەی نیشتمانی لەبەرژەوەندی کوردستان و حکومەت و هەرێمی کوردستان کە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان هەبێت، بەو بەرنامەیە بەرگری لە مافەکانی میللەتی کورد بکەن، لایەنی کەم  بەوە دەتوانن شکۆی خەڵکی کوردستان بپارێزن لەبەردەمی ئەو داواکارییانەی کە دەکرێ لە هەرێم، دەتوانن لایەنی کەم مافەکانی ئێمە بپارێزن.
ئەو هەڕەشانەی کە لەسەر گۆڕینی دەستوورە، ئەگەر کورد لە بەغدا یەکدەنگ بێت، زیانی لێ دەکەوێت، یەکبوونی دەنگی کورد بابەتەکە ژمارەی دەنگەکان نییە، خۆ ئەگەر یەکیش بین بەو ژمارەیە ئەگەر زۆرینەو کەمینەش بین هەر تێدەپەڕێ، بەڵام یەکبوونی دەنگی کورد پەیامێکی زۆر گرنگ کە دەدا بە عێراق کە کورد وەکو نەتەوەیەکی سەرەکی لە عێراقدا ڕازی نییە بەوە.
لەبەر ئەوە بمانەوێت و نەمانەوێت، ئەو لایەنانەی تری عێراق سڵ دەکەنەوە لە وەرگرتنی هەر جۆرە بڕیارێک کە نەتەوەی کورد هەموو بە یەک دەنگ قبوڵی نەکات، ئەمە خاڵێکی گرنگە.
خاڵێکی تریش لە دەستوردا بە شێوازێک لە شێوازەکان گرەنتییەکە بۆ ئێمە، کە ئەگەر دوو لەسەر سێی دانیشتوانی سێ پارێزگا، قبوڵی ئەو هەموارکردنانە نەکەن، ئەوا ناچنە بواری جێبەجێ کردنەوە دەکرێت ئێمە سود لەو  ماددەیەش ببینین.
لاڤین عومەر : بە گشتی دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق چاوەڕێی چی دەکەیت بۆ کوردستان، پێگەیەکی بەهێزی دەبێت یان لاوازتر ؟

دڵشاد عەبدولڕەحمان : سەبارەت بە دۆخی کورد یان کوردستان لەدوای هەڵبژاردنەکان، لە ڕاستیدا ئێمە تەنیا هیواخوازیمان پێدەکرێت، لەبەر ئەوەی بەداخەوە ئەوەی ئێستا دەیبینین هەرچەندە هەندێکی ململانێی هەڵبژاردنە، بەڵام ئەو دەنگانەی دەبیسترێ لە هێزە سیاسیەکاندا و ئەو بانگەشەیەی ئێستا دەیکەن، هەندێکی بریندارکردن و دژایەتی یەکتریشی تێدایە.
بێگومان دوای هەڵبژاردنەکان ئەو وتارە دەگۆڕێ، هەندێکیان دەگۆڕێت بۆ پێکەوە کارکردن لە بەغدا، بەڵام من ئومێدەوارم پێکەوە کارکردن زیاتر بێت لە جاران، چونکە ئەزموونی  ڕابردوو بەتایبەتی لەم خولەی  ئێستای پەرلەمان، کورد ئەزموونێکی هەتا بڵێی نا سەرکەوتوانەی هەبوو.
هێزە کوردییەکان هیچیان کۆک نەبوون لەناو یەکتریدا، هەموویان دژایەتی یەکتریان کردووە، بۆیە لاوازترین ڕۆڵ ڕۆڵی کورد بووە لەم خولەی ئێستای  حکومڕانی لە بەغدا و ڕۆڵێکی پەراوێز خراوی هەبووە.
بۆیە هیوادارم دوای ئەم هەڵبژاردنە، هێزە سیاسییەکانی کورد، بەتایبەت هێزە سەرەکییەکان بەخۆیاندا بچنەوە، بەرنامەیەکی نیشتمانییان هەبێ لایەنی کەمی ڕەزامەندی هەموو لایەنەکانی لەسەر بێت، بە یەک بەرنامە بچنەوە بەغدا و ئەو هاوپەیمانی کوردستانییەی کە لە ساڵانی  2005 ،2006،2007  هەبوو، بە شێوازێک لە شێوازەکان زیندووی بکەنەوە، بۆ ئەوەی کورد لە بەغدا بەیەکدەنگ بەرگری لە مافە نەتەوە و نیشتمانییەکانی خەڵکی کوردستان بکات، کە ئەوە ئومێدە و هیواخوزییە لە ڕاستیدا، بەڵام تا چەند یەتەدی یان نا، ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هێزە سیاسییانە کە  ئێستا لە ململانێی سیاسیدان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین