بریتانیا چیی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەوێت؟
(خوێندنەوەیەك بۆ پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بریتانیا لەبەر ڕۆشناییی دوا گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا)
پێشەکی
"ئەو بڕیارە تەنیا بۆ ئەفغانستان نییە؛ ئەمە بڕیاری کۆتاییهێنانه بەسەردەمی دەستێوەردانی سەربازی بە مەبەستی سەرلەنوێ دروستکردنەوەی وڵاتانی دیکە." ئەمە وتەی "جۆ بایدن"ی سەرۆکی ئەمریکایە؛ کاتێك ڕوونکردنەوە لەسەر بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان دەدات. بایدن بەئاشکرا گوتی کە ئەمریکا چیدیکە هەوڵی نەتەوە یاخود دەوڵەتسازی نادات، بەڵام هەر کاتێك ناوچەیەك یان گرووپێك ببێتە سەرچاوەی مەترسی بۆ ئەمریکا، ئەوە لە ڕێگه‌ی تەکنەلۆژیای نوێ و بەتایبەت درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) بەرەنگاریان دەبێتەوە. ئەم وەرچەرخانە، کاریگەریی زۆری بەسەر هەموو جیهان و بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و ئەوروپادا دەبێت. ئەوەی دەمەوێت لێرەدا باسی بکەم، گرنگیی ئەم وەرچەرخانەیە بۆ وڵاتانی ئەوروپی و، لەم ڕوانگەیەیشەوە کاریگەرییەکەی بەسەر پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و شانشینی یەکگرتوو بخەینە ڕوو.
ئاشکرایە ئەمریکا وەکوو وڵات خاوەنی قووڵایییەکی ستراتیژیی زۆر بە هێزە، بەتایبەت لە ڕووی جوگرافییەوە. ئەمریکا زلهێزی کیشوەری ئەمریکایە و، دراوسێکانی هیچیان لەو ئاستەدا نین بتوانن بەرەنگاری ببنەوە؛ هەروەها زەریای ئەتلهنتیک و پەسیفیکیش لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا، بوونەتە قەڵغانێکی ئاوی و پارێزگاریی لێ دەکەن. بۆیە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا، مەترسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت مەترسیی تیرۆر و پەنابەری نایاسایی، ناتوانن کاریگەریی جددییان لەسەر ئاسایشی ئەمریکا هەبێت.
بەپێچەوانەوە، بەهۆی نزیکیی جوگرافی و تەنانەت پەیوەندییە مێژوویی و ئابووری و کەلتوورییەکان گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بەئاسانی کاریگەری دەکەنە سەر ئاسایش و ئابووریی وڵاتانی ئەوروپا و، ڕێگری‌کردن لەو مەترسییانە زۆر ئاسان نییە بۆیان. بۆ نموونە، بەهاری عەرەبی و ئەو کێشانەی بەدوای خۆیدا هێنای، بەتایبەتی سەرهەڵدانی داعش، بوونە هۆی هەڵکشانی کردەوە تیرۆریستییەکان و سەرهەڵدانی قەیرانی زۆربوونی پەنابەر لەو وڵاتانە و، ئەم کێشەیەیش سەرئێشەی ئابووری و کەلتووری و کۆمەڵایەتیی زۆری بۆ ئەوروپا دروست دەکرد.
یەکەم؛ كشانەوەی ئەمریکا و هاتنەپێشەوەی ئەوروپا
ئەوەی لە پاش کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەئاشکرا هەستی پێ کرا، گەشەی چالاکییەکانی یەکێتیی ئەوروپا و بەتایبەت فەڕەنسا بوو؛ وەك لە هاتنی سەرۆک ماکرۆن و شاندی یەکێتیی ئەوروپا دەرکەوت. ئەم سەردانانە، دەکرێت وەك هێمایەك بۆ وەرچەرخانی ڕۆڵی ئەوروپا لەناوچەکە شرۆڤە بکرێت و بەدڵنیایییەوە ئەمریکایش پشتگیر و پاڵنەری ئەم وەرچەرخانەیە.
ئەوروپا دەزانێت کە ئاسایش و سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئەوروپا هەیە و دەزانێت کە بە نەمانی ئەمریکا ئەگەری تێکچوونی سەقامگیری لەناوچەکەدا هەیە. هەر بۆیە دەیەوێت تا ئەو ڕاددەیەی پێی دەکرێت، بۆشاییی کشانەوەی ئەمریکا لەناوچەکە پڕ بکاتەوە بۆ ئەوەی مەترسیی سەرهەڵدانی شەپۆلی نوێی پەنابەر و کردەوەی تیرۆریستی بۆ سەر خۆی نەهێڵێت. بەدڵنیایییەوە ئەوروپا ئەو توانا سەربازی و سیاسی و ئابوورییەی ئەمریکای نییە، بەڵام بە شێوازی جیاجیا و بەتایبەت لە ڕێگه‌ی دیپلۆماسی و ئابوورییه‌وه هەوڵ دەدات کەلێنی نەمانی ئەمریکا پڕ بکاتەوە و ئەمریکایش هاندەرە بۆ زیاتر بەرجەستەکردنی ڕۆڵی ئەکتەرەکانی دیکە و بەتایبەت ئەوروپا لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و جیهان بۆ سووكکردنی تێچوو و ئەرکی سەرشانی خۆی.
بەدڵنیایییەوە بریتانیایش وەکوو وڵاتێکی ئەوروپی کە مێژوویەکی دوورودرێژی لەناوچەکە هەیە و ئاسایش و ئابووریی پەیوەستە بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و تەنانەت لە ئێستادا ناچارە چالاكییه‌كانی خۆی لەناوچەکە زیاتر بکات و، لەم سونگەیەیش چاوەڕوان دەکرێت پەیوەندیی زیاتر لەگەڵ ئەکتەرەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسیی ناوچەکە و لەوانە هەرێمی کوردستان ببەستێت. دیداری سه‌رۆك "نێچیرڤان بارزانی"یش بۆ بریتانیا، له‌م سۆنگه‌یه ده‌توانرێت شی بكرێته‌وه.
دووەم؛ بریتانیا لە مێنتاڵیتیی کورد
بریتانیا و کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین پەیوەندییەکی نەپچڕاوەیان هەیە. لە مێنتاڵیتیی مێژووییی کوردە نەتەوەیییەکان (نه‌ته‌وه‌خواز، یان ناسیۆنالیسته‌كان)، بریتانیا بریتییە لە "سایکس-بیکۆ"؛ واتا تێکشکاندنی شۆڕشەکانی شێخ مەحموود و شۆڕشەکانی بارزان؛ واتا بەکارهێنانی فڕۆکەی ڕاف (هێزی ئاسمانیی شاهانە) و چەکی قەدەغەکراو بەرامبەر کورد، بەتایبەت لە سلێمانی و گوندەکانی دەڤەری بارزان و، هەروەها بەزۆر لکاندنی کورد بە عێراقه‌وه. ئەمەیش وای کردووە تا ئیستایش کە باسی بریتانیا و پەیوەندی لەگەڵ بریتانیا دەکرێت، تاکی کورد بە دڵەڕاوکێ و بێمتمانەیی مامەڵە بکات؛ بەتایبەت پاش هەڵوێستی بریتانیا بەرامبەر بە پرسی سەربەخۆیی و دواتر ڕووداوەکانی شازەی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧.
ئەمانە ڕاستیی مێژوویین و نابێت لەبیر بکرێن، بەڵام دەبێت ئەو ڕاستییەیش بزانرێت کە سیاسەت تەنیا لەسەر مێژوو و دوژمنداری و ڕقی کۆن بنیات نانرێت و بەرژەوەندییەکان بڕیاردەری سەرەکین لە دەستنیشانکردنی سیاسەتی دەرەوه‌ی وڵات و ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان. ئەگەر بڕیار وابایه کە دوژمنداری و کێشە مێژوویییەکان قەت لەبیر نەکرێن، ئەوە دەبوایە ژاپۆن قەد دۆستایەتیی لەگەڵ ئەو ئەمریکایەی چەکی ناوکیی لە دژ بەکار هێنا نەکردایە و، فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بریتانیا پاش کاوڵکارییەکانی جه‌نگی جیهانیی یەکەم و دووەم هەرگیز لەناو یەکێتیی ئەوروپا کۆ نەبانەوە؛ ڤێتنام بەردەوام بایە لە دوژمنایەتی لەگەڵ ئەمریکا و، هەروەها تورکیا و ڕووسیایش بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی خوێناویی جه‌نگەکانی عوسمانی و ڕووس و لە دواترین ڕووداویش خستنەخوارەوەی فڕۆکە ڕووسییەکە لەلایەن تورکیاوه، قەت نەگەیشبانە ئەو بارودۆخەی کە تورکیا سیستەمی ئێس چوارسەد لە ڕووسیا بکڕێت.
بۆیە نەتەوەی کورد و بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش پێویستە بزانن کە سیاسەت بە گۆڕانی بارودۆخ و کات دەگۆڕدرێت و بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستانیش، دەکرێت بەپێی ئەو گۆڕانکارییانە لەگەڵ بارودۆخی نوێ بگونجێنرێن، بۆ ئەوەی زیاترین خزمەت بە هەرێمی کوردستان و دانیشتووانی بکەن. ئێستا کە بارودۆخی ناوچەکە لە بەردەم گۆڕانکاریی نوێدایه و وا پێشبینی دەکرێت وڵاتانی ئەوروپی و لەوانەیش بریتانیا چالاکی و بوونیان لە ناوچەکە زیاد کەن، بۆیە هەرێمی کوردستانیش پێویستە خۆی بۆ ئەم گۆڕانکارییانە ئامادە بکات و، هەوڵ بدات زۆرترین قازانج لەم بارودۆخە بۆ هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکات.
شایانی ئاماژه‌پێدانه كه ئێستا وێنای بریتانیا له مێنتاڵێتیی كورد گۆڕانكاریی زۆری به‌خۆوه بینیوه. بریتانیا هاوتا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان له نه‌وه‌ده‌كان و تا ساڵی ٢٠٠٣، به‌رده‌وام بوونە له پاراستنی كورد له "ناوچه‌ی دژه‌فڕین" یاخود "ئارام" و، له جه‌نگی داعش‌یش هاوكاری پێشمه‌رگه بووه و به شێوازی جۆراوجۆر یارمه‌تیی مرۆییی پێشكه‌ش به كورد و ئاواره‌كانی نیشته‌جێی هه‌رێمی کوردستان كردووه.
هه‌روه‌ها بریتانیا له ڕێگه‌ی دانوستان و ده‌ستووره‌وه هانده‌ری ڕیفۆرم له هه‌رێم و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان بووه له‌گه‌ڵ به‌غدا و، له‌م ساڵانه‌ی دواییش ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له خه‌ڵكی هه‌رێم منداڵه‌كانیان خستووه‌ته ئه‌و قوتابخانانه‌ی سیسته‌می خوێندنیان بریتانییه و ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاویش قوتابیی كورد له زانكۆكانی بریتانیا خوێندنیان له بواره جیاجیاكان ته‌واو كردووه. جه‌یسۆن مه‌ك كارتنی (Jason McCartney)، ئه‌ندام په‌رله‌مانی بریتانیا له كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و بریتانیا له ساڵی ٢٠١٤ به ئاماژه به ڕیكۆردی مێژووی بریتانیا له كوردستان، ڕای ده‌گه‌یه‌نێت كه له دوا سه‌ردانه‌كانی بۆ هەرێمی كوردستان بۆی ده‌ركه‌وتووه كه ئێستا له كوردستان ڕێز و خۆشه‌ویستییان هه‌یه بۆ بریتانیا و، ئه‌مه‌یش ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه كه له سه‌ره‌وه باسمان كرد.
سێیەم؛ بریتانیا چیی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەوێت؟
باشترین ڕێگه بۆ ئاشنابوون بە ڕوانگە و داواکارییەکانی بریتانیا بەرامبەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دۆکیۆمێنتە فەرمییە بەردەستەکانی حکوومەت و پەرلەمانی بریتانیا و ڕاگه‌یه‌نراوه گشتییه‌كانه. بەدڵنیایییەوە پرۆسەی داڕشتنی سیاسەتی دەرەوە لە هەر وڵاتێك دیوێکی شاراوەی هەیە کە بۆ میدیا و خەڵك ئاشکرا ناکرێت و باسکردن لەسەر ئامانج و ئەجێندا شاراوەکانی بریتانیا دەکەوێتە خانەی "تیۆریی کۆنسپیرسی" یاخود "تیۆریی پیلانگێڕی" و ناتوانرێت بسەلمێندرێت.
بۆ باشتر ئاگاداربوون لە ئاستی نهێنیبوونی پرۆسەی بڕیاردان لەسەر بابەتە هەستیارەکانی سیاسەتی دەرەوە لە بریتانیا، پۆل ویلیامز لە بابەتێك بە ناونیشانی "کێ سیاسەتی دەرەوەی شانشینی یەکگرتوو دادەڕێژێت؟"، ئاماژە بەوە دەکات كه لە سەردەمی تۆنی بلێر تەنیا خودی بلێر کە سەرۆكوەزیران بوو و گرووپێکی زۆر بچووك له ڕاوێژكاره‌كانی كه متمانه‌ی ته‌واوی پێیان بوو، له كۆبوونه‌وه‌ی داخراودا بڕیاریان له‌سه‌ر دۆسیه هه‌ستیاره‌كان ده‌دا و هه‌موو كابینه به‌شدار و ئاگاداری ورده‌كارییه‌كان نه‌ده‌بوو. بۆیه له كاتێكدا كه ته‌نانه‌ت هه‌ندێك زانیاری له ئه‌ندامانی كابینه‌ی حكوومه‌تی بریتانیا ده‌شاردرێته‌وه، شرۆڤه‌یه‌كی نازانستی ده‌بێت ئه‌گه‌ر پشت به زانیاری و گریمانه‌ی پشتڕاستنهكراوه ببه‌ستین. بۆیه بۆ تێگه‌شتن له ئه‌جێندا و ئامانجه‌كانی بریتانیا لێره‌دا ته‌نیا پشت به دۆكیۆمێنته فه‌رمییه‌كان به‌ستراوه كه له سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌یان پێ كراوه.
پاش تێڕامان له‌م به‌ڵگانه، ده‌رده‌كه‌وێت كه بریتانیا گرنگی به سێ دۆسیه‌ی سه‌ره‌كی ده‌دات له په‌یوه‌ندییه‌كانی له هه‌مبه‌ر هه‌رێمی كوردستان، كه بریتین له دۆسیه‌ی ئاسایش، دۆسیه‌ی ئابووری و دۆسیه‌ی مافی مرۆڤ، هەروەها به‌ها و پره‌نسیپه دیموكراسییه‌كان و، هه‌ر كام له‌م دۆسیانه كۆمه‌ڵێك بابه‌ت و ته‌وه‌ر له‌خۆ ده‌گرێت. پاش ده‌ستنیشانكردنی ڕوانگه و داوكارییه‌كانی بریتانیا له هه‌ر كام له‌م دۆسیانه، له كۆتاییی ئه‌م نووسینه چه‌ند پێشنیارێك بۆ چۆنێتیی مامه‌ڵه‌كردنی هه‌رێم له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له‌م دۆسیانه ده‌خه‌ینه ڕوو.
بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بریتانیا و نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
١- دۆسیه‌ی ئاسایش
وه‌كوو له سه‌ره‌تا باسمان كرد، ئاسایشی ناوچه‌كه و عێراق و هه‌رێمی كوردستانیش وه‌كوو به‌شێك له ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین، ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری ده‌خه‌نه سه‌ر ئاسایش و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی بریتانیا. وه‌ك له خوێندنه‌وه‌ی ڕاپۆرته حكوومییه‌كانی بریتانیا ده‌رده‌كه‌وێت، له‌نده‌ن كێشه‌ی تیرۆر، گرژییه‌كانی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا و كێشه‌ی په‌نابه‌ران وه‌كوو سێ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی ناسه‌قامگیری له عێراق ده‌بینێت.
له بابه‌تی تیرۆر، وه‌كوو له ڕاپۆرته‌كانی حكوومه‌تی بریتانیا هاتووه، له جه‌نگی دژ به داعش بریتانیا هاوكات هاوكاری حكوومه‌تی عێراق و پێشمه‌رگه بووه. پێدانی چه‌ك و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی و پزیشكی به پێشمه‌رگه و ڕاهێنانی 9 هه‌زار پێشمه‌رگه و به‌كارهێنانی فڕۆكه‌ی سه‌ربازی بۆ پاڵپشتیی پێشمه‌رگه له شه‌ڕ به‌رامبه‌ر داعش، به‌شێك له‌م هاوكارییانهن. به‌رپرسان و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی بریتانیا له ڕاپۆرتهكاندا دان به ئازایه‌تی و فیداكاریی هێزی پێشمه‌رگه له شه‌ڕ به‌رامبه‌ر داعش ده‌نێن و ڕۆڵیان به‌رز ده‌نرخێنن. به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ئاماژه به كێشه‌كانی ئه‌م هێزه ده‌كه‌ن و باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه بیه‌وێت به هێز و كارا بێت و ببێت به هاوكار یاخود یارمه‌تیده‌رێكی كارا بۆ بریتانیا، پێویسته كێشه‌كانی به ڕیفۆرم چاره‌سه‌ر بكات و ببێته هێزێكی یه‌كگرتوو و خاوه‌ن پره‌نسیپی سه‌ربازیی به‌هێز و، دوور بكه‌وێته‌وه له‌و دابه‌شبوونه‌ی ئێستا پێوه‌ی ده‌ناڵێنێت.
بریتانیا مكوڕه له‌سه‌ر به‌رده‌وامیی هاوكاری له‌گه‌ڵ هه‌رێم له جه‌نگی دژ به داعش و هێزه تیرۆریسته‌كانی هاوشێوه‌ی كه مه‌ترسین بۆ سه‌ر ئاسایشی ئه‌وروپایش و، گرنگییه‌كی زۆر به‌م هاوكارییه ده‌دات و ئاماده‌یه به‌رده‌وامی به‌م هاوكارییه بدات و چاوه‌ڕێی ئه‌وه له هه‌رێم ده‌كات كه تواناكانی په‌ره پێ بدات و له ئاستی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌م مه‌ترسییانه بێت.
هاوتا له‌گه‌ڵ بابه‌تی تیرۆر، بریتانیا گرنگییه‌كی زۆر به په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا ده‌دات. له ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كانی حكوومه‌ت و په‌رله‌مانی بریتانیا به‌ئاشكرا بانگه‌شه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا له ڕێگه‌ی دیالۆگ به پشتبه‌ستن به ده‌ستووری عێراقی ده‌كرێت و جه‌خت له‌وه ده‌كرێته‌وه كه بریتانیا خوازیاری بوونی هه‌رێمی كوردستانێكی به‌هێزه له چوارچێوه‌ی عێراقێكی یەکگرتوو و خاوەن سەروەریدا و، دژایه‌تیی هه‌ر هه‌وڵێكی تاكلایه‌نانه له‌لایه‌ن هه‌رێم یان به‌غدا ده‌كات بۆ به‌ره‌وپێشبردنی ئامانجه‌كانیان له ده‌ره‌وه‌ی ڕێككه‌وتن و ده‌ستوور.
بابه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا به سێ هۆكار گرنگه بۆ بریتانیا:
یه‌كه‌میان؛ به هۆكاری ئه‌وه‌ی بریتانیا ده‌ترسێت گرژی له په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا، ببێته هۆی ڕوودانی جه‌نگ و ئه‌مه‌یش ببێته هۆی ناسه‌قامگیری له ناوچه‌كه و ده‌رفه‌ت بۆ گه‌شه‌كردنی گرووپه تیرۆریستییه‌كان و سه‌رهه‌ڵدانی كاره‌ساتی نوێی مرۆیی بڕه‌خسێنێت.
دووه‌م؛ ئه‌وه‌یه بریتانیا حه‌ز ده‌كات هه‌رێم و به‌غدا كێشه ههڵواسڕاوهكانیان له بواری وزه و ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌قامگیری له وڵات زیاتر بێت و كێشه یاسایییه‌كانی به‌رده‌م په‌ره‌سه‌ندنی په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌كانی بریتانیا و عێراق، به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه، نه‌مێنن. ئه‌مه وا ده‌كات كه كۆمپانیا و بازرگان و سه‌رمایه‌داره بریتانییه‌كان بتوانن به‌بێ ترس و دڵه‌ڕاوكێ، پرۆژه و كاره‌كانیان له عێراق و كوردستان په‌ره پێ بده‌ن، به‌تایبه‌ت له بواری وزه.
سێیه‌م؛ ئه‌وه‌یه كه بریتانیا ده‌یه‌وێت له هاوكێشه‌كانی ناوچه‌كه هه‌وڵی دروستكردنی هاوسه‌نگی بدات و په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان له ئاستێكی باش‌دا بهێڵێته‌وه و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌كته‌ره‌كان بپارێزێت.
ئەگەر ڕوونتر بڵێین، بریتانیا نایه‌وێت پشتی هیچ لایه‌نێك به‌ئاشكرا بگرێت؛ بۆیه له ڕاپۆرته‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كات كه به‌غدا و وڵاتانی دراوسێ نیگه‌رانن له خواستی سه‌ربه‌خۆییخوازیی هه‌رێمی کوردستان و، دژایه‌تیی هه‌ندێك له هه‌نگاوه‌كانی هه‌رێمی کوردستان ده‌كه‌ن. بۆیه بریتانیا پشتگیریی هه‌وڵی تاكلایه‌نه‌ی هه‌رێم ناکات بۆ سه‌ربه‌خۆیی، به‌ڵام له هه‌مان كات بانگه‌شه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه به‌غدادیش پێویسته ڕێز له مافه ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێم و خه‌ڵكی كوردستان بگرێت و بهپراكتیكییش هه‌وڵی دیپلۆماسیی دا بۆ نه‌هێشتنی سزاكانی به‌غدا بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان له پاش ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان له ساڵی ٢٠١٧.
شایانی ئاماژه‌یه له ڕاپۆرتهكاندا ئاماژه به توانای سنوورداری بریتانیا كراوه له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م مه‌له‌فه و، هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه كراوه كه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی بریتانیا پێوه‌ری دیاریكردنی هه‌ڵوێستی بریتانیان بۆ ئه‌م بابه‌ته. بۆیه بریتانیا توانای ئه‌وه‌ی نییه به‌غدا ناچار بكات به شێوازێكی دیاریكراو په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان به‌ڕێوه ببات و هه‌موو مافه‌كانی به‌پێی ده‌ستوور جێبه‌جێ بكات و ته‌نیا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ بارودۆخی ڕۆژ ده‌كات و، له هه‌مان كاتیش‌دا ئه‌گه‌ر ڕۆژێك سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی کوردستان بوو به ڕاستی یان ئه‌مری واقع، ئه‌وه بریتانیا بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی، ئاماده‌یه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ بارودۆخه نوێیه‌كه بكات. بریتانیا هه‌موو كات ئاماده‌ییی خۆیشی ڕاگه‌یاندووه بۆ ئاسانكاری له وتووێژه‌كانی هه‌رێمی کوردستان و به‌غدا، به‌ڵام پێی وایه چونکە ته‌نیا هه‌رێمی کوردستان وه‌كوو ناوبژیوان قبووڵی ده‌كات و به‌غدا په‌سه‌ندی ناوبژیوانی ناكات، ئه‌وه توانای ناوبژیوانیی هه‌رێمی کوردستان و به‌غدای نییه و بۆ ئەم مەبەستە ته‌نیا ده‌توانێت كارئاسانیی دیپلۆماسی بكات.
كێشه‌ی په‌نابه‌ران بابه‌تێكی دیكه‌یه كه بریتانیا وه‌كوو سه‌رچاوه‌ی مه‌ترسی سه‌یری ده‌كات. له ڕاپۆرتهكاندا ستایشی ڕۆڵی هه‌رێم ده‌كرێت بۆ یارمه‌تیدانی ئاواره ناوخۆیییه‌كان و په‌نابه‌رانی وڵاتانی دیكه كه له هه‌رێمی کوردستان پێشوازی كراون و پارێزگاری‌یان لێ ده‌كرێت. بریتانیا ده‌زانێت كه ئه‌گه‌ر ئه‌م په‌نابه‌ر و ئاوارانه پێداویستییه سهرهتایییهكانی ژیانیان لێره بۆ دابین نه‌كرێت، ئه‌وه ڕێگه‌ی وڵاتانی دیكه ده‌گرنه به‌ر و به‌شێكیان به شێوازی جۆراوجۆر خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه بریتانیا و ده‌بنه سه‌رچاوه‌ی كۆمه‌ڵێك كێشه بۆ ئه‌و وڵاته. بۆیه بریتانیا هاوكاریی هه‌رێمی كردووه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه سهرهتایییهكانی ئه‌م ئاواره و په‌نابه‌رانه و چاوه‌ڕێی هاوكاریی به‌رده‌وامی هه‌رێمی کوردستان ده‌كات له‌م بواره.
شایانی باسه كێشه‌ی كه‌مبوونی ئاو و گه‌رمبوونی گۆی زه‌وی و وشكه‌ساڵی و مه‌ترسییه‌كانی، خه‌ریكه ده‌بێته ڕۆژهڤێكی گرنگ كه ده‌توانێت ببێته هۆی دروستبوونی ناسه‌قامگیری و كێشه‌ی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و، بریتانییهكانیش خه‌ریكه زیاتر گرنگی به‌م بابه‌ته ده‌ده‌ن.
٢- دۆسیه‌ی ئابووری
لە ڕابردوودا یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی لكاندنی زۆره‌ملێی كورد به عێراقه‌وه له‌لایه‌ن بریتانیا، هۆكاری ئابووری بوو. بریتانیا پێویستیی به دانه‌وێڵه‌ی بهرههمهێنڕاو له كوردستان بوو بۆ زامنكردنی ئاسایشی خۆراكی عێراق و، گرنگتر له‌وه‌یش چاوی له سامانی نه‌وتی كه‌ركووك بوو بۆ ئیمپراتۆرییه‌كه‌ی. وه‌كوو كۆمپانیای نه‌وتی بریتانی (BP) (British Petroleum) ئاماژه‌ی پێ ده‌كات، له ١٩٢٠ه‌وه ئه‌م كۆمپانیایه له "بابه‌گوڕگوڕ"- كه گه‌وره‌ترین بیره نه‌وتی جیهان بوو له‌و كاته‌دا- نه‌وتی به‌رهه‌م هێناوه. دواتریش له بیره‌كانی زوبێر و ڕومه‌یله، كه دووه‌م گه‌وره‌ترین بیره نه‌وتی به‌رهه‌مهێنه‌ری جیهانه و ١٧ میلیارد به‌رمیل یه‌ده‌گی هه‌یه، "بی پی" یارمه‌تیی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی عێراقی داوه و له ساڵی ٢٠٠٩یش به هاوكاریی كۆمپانیای پێترۆ چاینا و نه‌وتی به‌سره ته‌نده‌ری خزمه‌تگوزاریی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له ڕومه‌یله‌ی برده‌وه. یارمه‌تیی ته‌كنیكیی كۆمپانیای نه‌وتی باكووریشی داوه بۆ زیادكردنی به‌رهه‌مهێنان له بیره‌كانی كه‌ركووك كه ٩ میلیار به‌رمیل یه‌ده‌گی نه‌وتی ماوه. ئێستا سیاسه‌تی كۆمپانیای "بی پی"، كاركردنه له‌سه‌ر وزه‌ی پاك و دووركه‌وتنه‌وه‌یه له نه‌وت و گاز؛ به‌ڵام له ڕێگه‌ی لقێكی نوێی تایبه‌ت به عێراق به‌رده‌وامه له كاركردنی له ڕومه‌یله كه گرێبه‌سته‌كه‌ی تاوەکوو ساڵی (٢٠٣٤)ە.
ئه‌وه‌ی كه جێگه‌ی سه‌رنجه، له پرسیار و وه‌ڵامه‌كانی نێوان په‌رله‌مان و حكوومه‌تی بریتانیا، په‌رله‌مانتاران چه‌ندان جار پرسیاریان له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی حكوومه‌تی بریتانیا بۆ كاركردن له بواری وزه له هه‌رێمی کوردستان و ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان كردووه و ویستوویانه بزانن ئایا ده‌توانرێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی وابه‌سته‌ییی ئه‌وروپا به گازی ڕووسیا، سوود له سامانی گازی هه‌رێم وه‌ربگیرێت؟ وه‌ڵامی حكوومه‌تیش ئه‌وه بوو كه لێكۆڵینه‌وه‌ی زیاتر پێویسته بۆ زانینی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره و ده‌رخستنی یه‌ده‌گی ڕاسته‌قینه‌ی ئەو نه‌وت و گازه‌ی هه‌رێمی کوردستان كه بتوانرێت ده‌ربهێنرێت و هه‌نارده بكرێت. هەروەها ئاماژه به كێشه یاسایییه‌كانی به‌رده‌م گرێبه‌سته‌كانی وزەی هه‌رێمی کوردستان كراوه به‌هۆی ڕێكنه‌كه‌وتنی به‌غدا و هه‌رێم له‌سه‌ر یاسای نه‌وت و گاز. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له ڕاپۆرت و به‌ڵگه‌نامه‌كان ئاشكرایه، بریتانیا حه‌زی له كاركردن له بواری وزه، به‌تایبه‌ت له بیره نه‌وتییه‌كانی كه‌ركووكه و، هه‌روه‌ها هه‌ست ده‌كات كه به‌پێی پێویست سوودی له بازاڕی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان وه‌رنه‌گرتووه.
هه‌ر بۆیه بریتانیا حه‌ز ده‌كات هه‌رچی زووتر هه‌رێم كێشه یاسایییه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات و ده‌رفه‌ت بۆ كاركردنی چالاكانه‌ی كۆمپانیا بریتانییه‌كان بڕه‌خسێنێت. له بواری ئابوورییش، ده‌یه‌وێت هه‌نارده‌ی بۆ هه‌رێمی کوردستان زیاد بكات و داواكاره هه‌رێمی کوردستان ئاسانكاریی زیاتر بكات، به‌تایبه‌ت كێشه یاسایییه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات و گرفتی بیرۆكراسی له دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێم بۆ سه‌رمایه‌گوزاری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی نه‌هێڵێت بۆ ئه‌وه‌ی بازرگان و سه‌رمایه‌داره بریتانییه‌كان به‌بێ ترس و گرفت بتوانن له كوردستان كار بكه‌ن. شایانی باسه له هه‌ندێك بواری پیشه‌سازی و ته‌كنه‌لۆژیای ئای تی (IT) و له بواره‌كانی په‌روه‌رده و به‌ڕێوه‌بردن و داد و كۆمه‌ڵێك بواری دیكه، بریتانیا خاوه‌ن توانا و شاره‌زایییه‌كی زۆره و له پێشه‌وه‌ی زۆربه‌ی وڵاتانی جیهانه و حه‌زیشی لێیه ئه‌گه‌ر كه‌شێكی گونجاو هه‌بوو، تواناكانی له‌م بواره له سه‌رتاسه‌ری عێراق و به‌تایبه‌ت هه‌رێمی كوردستان به‌گەڕ بخات.
هه‌روه‌ها له ڕاپۆرته‌كانیان به‌رپرسانی بریتانی ئاماژه به بوونی گه‌نده‌ڵیی ئیداری و ئابووری له هه‌رێم ده‌كه‌ن و به‌پێویستی ده‌زانن هه‌رێمی کوردستان كار بكات بۆ نه‌هێشتنی ئه‌م گهندەڵییانه و نه‌هێشتنی قۆرخكاری بۆ باشتركردنی گه‌شه‌ی ئابووریی هەرێمی کوردستان. هه‌رچه‌نده سه‌قامگیریی هه‌رێمی کوردستان به به‌راورد له‌گه‌ڵ شوێنه‌كانی دیكه‌ی عێراق، یارمه‌تیده‌ر بووه كه زۆربه‌ی چالاكییه ئابوورییه‌كانی بریتانیا (جگه له بواری وزه) له هه‌رێم بێت، به‌ڵام به‌و هۆكارانه‌ی له سه‌ره‌وه باسمان كرد تا ئیستا بریتانیا به هه‌موو تواناکانییەوە به‌شداریی له ئابووریی عێراق و هه‌رێمی کوردستان نه‌كردووه. له ئێستادا زیاترین ئاڵوگۆری بازرگانی و سه‌رمایه‌گوزاریی بریتانیا له‌گه‌ڵ وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا و چین و هیند و ڕووسیایه و، بازرگانانی ئه‌م وڵاته بۆ بازرگانی و بهگەڕخستنی سه‌رمایه‌كانیان زیاتر ڕوو له‌م وڵاتانه ده‌كه‌ن.
٣- به‌ها و پڕه‌نسیپه دیموكراسییه‌كان
یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ی له هه‌موو دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانی بریتانیا و كابینه‌ی ئه‌و وڵاته له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان باسی لێوه كراوه، بابه‌تی مافه‌كانی مرۆڤ و به‌ها دیموكراسییه‌كان بووه. له ڕاپۆرته‌كانیان بریتانییه‌كان ستایشی كه‌لتووری فره‌یی و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه و ڕێزگرتن له كه‌مینه‌كان و باوه‌شكردنه‌وه بۆ ئاواره‌كان له هه‌رێم ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها به شێوازێكی ئه‌رێنی باس له په‌ره‌سه‌ندنه دیموكراسییه‌كان له هه‌رێمی کوردستان و گرنگیدان به مافه‌كانی ئافره‌ت و ئازادییه سیاسی و كه‌لتووری و تاكه‌كه‌سییه‌كان و ویستی جیاكردنه‌وه‌ی ئایین و سیاسه‌ت ده‌كه‌ن.
هەروەها ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن كه كورده‌كان به به‌راورد له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ریان، له بریتانییه‌كان و به‌هاكانیان نزیكترن. به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه دیموكراسییه‌كه‌ی هه‌رێمی کوردستان ساوایه و زۆر كه‌موكورتیی هه‌یه و پێویستیی به ڕیفۆرم و باشتركردنه. بۆیه له ڕاپۆرته‌كانیان ئاماژه به نموونه‌ی وه‌ك به‌كارهێنانی نایاساییی هێز به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران، ده‌ستگیركردنی ڕۆژنامه‌نووسان، سه‌ربه‌خۆنه‌بوونی دادگه‌كان، بوونی گه‌نده‌ڵی له به‌ڕێوه‌بردن، توندوتیژی به‌رامبه‌ر ئافره‌تان و بوونی ته‌نیا یه‌ك ئافره‌ت له كابینه‌ی حكوومه‌ت و بابه‌تی هاوشێوه ده‌كه‌ن و جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه هه‌رێم پێویسته به‌ڕژدی كار بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كه‌موكورتییانه بكات.
ئه‌م جه‌ختكردنه‌وه و گرنگیپێدانه‌ی بریتانیا به پره‌نسیپه دیموكراسییه‌كان، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كه‌لتووری سیاسیی ئه‌و وڵاته و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ڕواڵه‌تیش بێت، گرنگیی پێ ده‌دات و ته‌نانه‌ت به‌به‌رده‌وام باسی پێویستیی ڕێزگرتن له مافه ده‌ستوورییه‌كانی هاووڵاتیانی كورد له عێراق ده‌كات؛ به‌ڵام وه‌ك له ڕاپۆرته‌كانیش خودی بریتانییه‌كان دانی پێدا ده‌نێن، ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه‌یان لێ گیراوه كه چاوپۆشی له هه‌ندێك گه‌نده‌ڵی و پێشێلكاریی به‌رپرسه عێراقی و كورده‌كانیشیان كردووه و هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كیان به‌رامبه‌ریان نه‌بووه.
کۆبەند و پێشنیاره‌كان
هه‌روه‌كوو هه‌واڵه‌كان له‌سه‌ر گه‌شته‌كه‌ی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بریتانیا ده‌ری ده‌خه‌ن، ئه‌و بابه‌تانه‌ی له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێ كردووه گرنگترین بابه‌ته‌كانی نێو كۆبوونه‌وه‌كان بوون. بریتانیا خوازیاری په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستانە و ده‌خوازێت هه‌رێمی کوردستان فاكته‌ری سه‌قامگیری و هاوسه‌نگی و په‌ناگه‌یه‌كی ئارام بێت له ناوچه‌كه. بۆ ئه‌م مه‌به‌ستەیش بریتانیا به‌رده‌وام ده‌بێت له هاوكاریی هه‌رێمی کوردستان بۆ جه‌نگی دژ به تیرۆر و یارمه‌تیدانی ئاواره‌كان و، خوازیاری چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی هه‌رێمی کوردستان و به‌غدا و، هەروەها نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و یه‌كگرتنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه و ڕێزگرتن له مافه‌كانی مرۆڤ و په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌كانه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان. به ڕه‌چاوكردنی داخوازییه‌كانی بریتانیا له هه‌رێمی کوردستان و تێبینیكردنی ئه‌وه‌ی كه ئه‌م وڵاته شه‌شه‌م ئابووریی گرنگی جیهان و سه‌ره‌كیترین هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا و ئه‌ندامی ناتۆ و خاوه‌ن مێژوویه‌كی قووڵی دیپلۆماسییه له ناوچه‌كه، هه‌رێمی كوردستان به مه‌به‌ستی باشتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته و دروستكردنی به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش پێویسته:
یەکەم؛ به‌رده‌وام بێت له هاوكاریی بریتانیا له شه‌ڕی دژ به تیرۆر و هه‌وڵی قووڵتركردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان بدات و به بهرجستهكردنهوهی ڕۆڵ و فیداكاریی كورد و پێشمه‌رگه له شه‌ڕی دژ به داعش و ئاماژه‌دان به به‌رده‌وامیی مه‌ترسییه‌كان، هه‌وڵ بدات حكوومه‌تی بریتانیا ڕازی بكات له به‌رده‌وامیدان به یارمه‌تی و ڕاهێنانی هێزی پێشمه‌رگه.
دووەم؛ بریتانیا خوازیاری ڕیفۆرم و یه‌كگرتنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌یه و توانایه‌كی باشی له بواری سه‌ربازی و به‌ڕێوه‌بردن هه‌یه، بۆیه وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه بۆ سه‌رخستنی ئه‌م پرۆسه‌یه، ده‌توانێت سوود له توانا و ئه‌زموونی بریتانییه‌كان وه‌ربگرێت.
سێیەم؛ بریتانیا بانگه‌شه بۆ پێویستیی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌رێمی کوردستان و به‌غدا ده‌كات، بۆیه هه‌رێم پێویسته هه‌وڵ بدات سوود له پاڵپشتیی دیپلۆماسیی بریتانیا وه‌رگرێت بۆ هاندانی به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان و، مكوڕیی خۆی وه‌ك لایه‌نێك كه ویستی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی هه‌یه پیشانی بریتانییه‌كان بدات. له‌م كاته‌دا كه هه‌رێمی کوردستان كۆنترۆڵی ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كانی له‌ده‌ست داوه و به به‌راورد له‌گه‌ڵ به‌غدا لاوازتره، ئه‌وه گفتگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا و جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور، به‌تایبه‌ت مادده‌ی ١٤٠، له قازانجی هه‌رێمی کوردستانە و پێویسته هه‌رێم به هه‌موو شێوازێك هه‌وڵ بدات پاڵپشتیی دیپلۆماسیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پرۆسه‌كه كۆ بكاته‌وه.
چوارەم؛ به‌هۆی گرنگیی كێشه‌ی په‌نابه‌ران بۆ بریتانیا، هه‌وڵ بدات ئه‌و وڵاته ڕازی بكات یارمه‌تیی زیاتری هه‌رێم بدات بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئاواره و په‌نابه‌ره‌كانی نیشته‌جێی هه‌رێمی کوردستان و، هه‌ندێك له بارگرانییه‌كه‌ی سه‌رشانی حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان كه‌م بكاته‌وه.
پێنجەم؛ بریتانیا حه‌زی له كاركردن له بواری وزه هه‌یه، به‌تایبه‌ت له كه‌ركووك. له هه‌رێمیش ته‌نیا وه‌ك پشكدارێكی "گه‌نه‌ل ئێنرژی" به‌شداری بواری وزه بووه. ئێستا له كه‌ركووك به‌هۆی نه‌بوونی بۆڕیی نه‌وت بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وته‌كه، ئه‌وه ڕێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له خواره‌وه‌ی ٢٠٠ هه‌زار بهرمیڵه. هه‌رێم ده‌توانێت هه‌وڵ بدات له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراقی و بریتانییه‌كان ڕێككه‌وتن بكات بۆ ناردنی نه‌وتی كه‌ركووك له ڕێگه‌ی هه‌رێمی کوردستان یاخود بۆ دروستكردنی ژێرخانێكی نوێ بۆ هه‌نارده‌ی ئه‌م نه‌وته و، به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش له نێوان هه‌ر سێ لایه‌ن دروست بكات. ئه‌نجامدانی ئه‌م پرۆژه‌یه و ڕازیكردنی لایه‌نه‌كان زۆر زه‌حمه‌ته، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بكرێت ئه‌وه سوودێكی زۆری بۆ هه‌رێم ده‌بێت.
شەشەم؛ هه‌رێمی کوردستان هه‌وڵ بدات ڕیفۆرم له هه‌موو بواره‌كان بكات، به‌تایبه‌ت له نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵیی ئیداری و ئابووری و پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادییه‌كان و سه‌ربه‌خۆییی دادگه‌كان و یه‌كخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بۆ سێ مه‌به‌ست: یه‌كه‌م بۆ به‌هێزتركردنی هه‌رێم و دامه‌زراوه‌كانی، كه گه‌ره‌نتیی مانه‌وه‌ی كیانی هه‌رێمی کوردستان ده‌كه‌ن؛ دووه‌م بۆ به‌ده‌ستهێنانی پاڵپشتیی جه‌ماوه‌ر و حكوومه‌ته‌كانی وڵاتانی دیموكرات، به‌تایبه‌ت بریتانیا بۆ ئه‌زموونی هه‌رێمی کوردستان و؛ سێیه‌م بۆ دابینكردنی كه‌شێكی گونجاو بۆ كۆمپانیا و سه‌رمایه‌داره بریتانی و ڕۆژاوایییهكان كه به متمانه‌وه له هه‌رێمی کوردستان كار و وه‌به‌رهێنان بكه‌ن.
حەفتەم؛ به‌رجه‌سته‌كردنی كه‌لتووری فره‌یی و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه له هه‌رێمی کوردستان بۆ ڕاكێشانی پاڵپشتی و سۆزی بریتانییه‌كان و وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵات بۆ ئه‌زموون و كیانی هه‌رێمی کوردستان. نابێت ئه‌وه له‌بیر بكه‌ین كه یه‌كێك له پاساوه‌كانی باراک ئۆباما بۆ پاڵپشتیی ئاسمانی له هه‌ولێر له كاتی هێرشی داعش له ٢٠١٤، پاراستنی كه‌لتووری فره‌یی و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه له‌م هه‌رێمه بوو.
هەشتەم؛ به‌هۆی زۆربوونی مه‌ترسییه‌كانی گه‌رمیی گۆی زه‌وی و كه‌مئاوی، به‌تایبه‌ت له ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین و گرنگیی ئه‌م بابه‌ته و مه‌ترسییه‌كانی لای بریتانییه‌كان، پێویسته هه‌رێمی کوردستان هه‌وڵ بدات یارمه‌تیی بریتانیا بۆ پلاندانان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م مه‌ترسییه به‌ده‌ست بهێنێت.
نۆیەم؛ هه‌وڵدان بۆ سوودوه‌رگرتن له‌و بوارانه‌ی بریتانیا تێیدا پێشكه‌وتووه و ئاماده‌یه ڕاهێنان و یارمه‌تی پێشكه‌ش به هه‌رێم بكات و، داواكاری بۆ ئاسانكاریكردن بۆ گه‌شتی بازرگان و خوێندكار و هاووڵاتیانی كوردستان بۆ بریتانیا به مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدان به په‌یوه‌ندییه ئابووری و په‌روه‌رده‌یی و كهلتوورییهكان.
محەمەد مەحموود ساڵح، دکتۆرا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانكۆی دوورام – بریتانیا (Durham University) و مامۆستا لە بەشی دیپلۆماسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان- زانکۆی سەڵاحەددین.
سه‌رچاوه‌كان:
Michael Moran (2021). “The United Kingdom Finally Acknowledges Its Hard-Power Limits”. Available at [https://foreignpolicy.com/2021/04/16/the-united-kingdom-finally-acknowledges-its-hard-power-limits/]
Williams, Paul. (2004). “Whos Making UK Foreign Policy?”. International Affairs, 80 (5), 909-929.
Jangiz, Khazan. (2021). “UK foreign secretary meets with president of Kurdistan Region”. Available at: [https://www.rudaw.net/english/kurdistan/09062021[
Foreign and Commonwealth Office. (2017). “Foreign Secretary Boris Johnson comments on the Kurdish referendum.” Available at: [https://www.gov.uk/government/news/foreign-secretary-statement-on-kurdish-referendum[
Waldman, Paul. (2021). “Biden is rejecting nation-building. But not our right to use force anywhere”. Available at: [https://www.washingtonpost.com/opinions/2021/09/01/biden-is-rejecting-nation-building-not-our-right-use-force-anywhere/]
British Petroleum. “Iraq: Reviving one of the worlds super-giant oilfields”. Available at: [https://www.bp.com/en/global/corporate/what-we-do/bp-worldwide/bp-in-iraq.html]
UK Parliament. (2018). “Kurdish aspirations and the interests of the UK: Government response to the Committees Third Report: Sixth Special Report.”
Reuters. (2021). “Iraq approves BP plan to spin off giant Rumaila oilfield”. Available at: [https://www.reuters.com/world/middle-east/iraq-approves-bp-plan-spin-off-operations-into-standalone-company-2021-08-24/]
UK Parliament. (2017). “Kurdistan Region in Iraq”. Available at: [https://hansard.parliament.uk/Commons/2017-07-04/debates/70604F01-A130-4745-B97A-548EF33E8957/KurdistanRegionInIraq]
UK Parliament (2014). “Bilateral Relations: Kurdistan Region of Iraq”. Available at: [https://publications.parliament.uk/pa/cm201314/cmhansrd/cm140115/halltext/140115h0001.htm#14011551000001]
House of Commons Foreign Affairs Committee. (2018). “Government Response to: Kurdish aspirations and the interests of the UK: Government response to the Committees Third Report”. Sixth Special Report of Session 2017-2019.
House of Commons Foreign Affairs Committee. (2018). “Kurdish aspirations and the interests of the UK”. Third Report of Session 2017-2019.
House of Commons Foreign Affairs Committee. (2015). “The Government Policy on the Kurdistan Region of Iraq”. Eighth Report od Session 2014-2015.
House of Commons. (2019). “Bilateral Relations with the Kurdistan Region in Iraq”. Debate Pack, CDP 2019-0056 (2019) | 1 March 2019.
C-Span. (2014). “U.K. Policy in Kurdistan Region of Iraq”. Available at: [https://www.c-span.org/video/?322811-1/british-house-commons-foreign-affairs-committee-hearing-kurdish-iraq]
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment