رۆژنامه‌ى ئه‌هرام : نێچیرڤان بارزانى له‌سه‌ر رێگه‌ دروسته‌كه‌ ده‌ڕوات میدیا

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى ئه‌هرامى میسڕى راپۆرتێكى له‌سه‌ر په‌یوه‌ندى نێوان نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ڕه‌نسا بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و له‌ ناونیشانه‌كه‌یدا سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌ هاوپه‌یمانى سه‌ره‌كى فه‌ڕه‌نسا له‌ دژى تیرۆر ناوده‌بات و ده‌شڵێ، "نێچیرڤان بارزانى له‌سه‌ر رێگه‌ دروسته‌كه‌ ده‌ڕوات، په‌یوه‌ندییه‌ ستراتژییه‌كانى له‌سه‌ر بنه‌ماى راستى و به‌رژوه‌ندى هاوبه‌ش بنیادناوه‌ نه‌وه‌ك وه‌هم و ئومێدى لاواز".

نێچیرڤان بارزانى توانى دۆسیه‌ى كورد بكاته‌ یه‌كێك له‌ دۆسیه‌ زۆر گرنگه‌كانى
كۆشكى سه‌رۆكایه‌تى فه‌ڕه‌نسا
 

 

دوێنێ سێشه‌ممه‌ 31ى ئاب رۆژنامه‌ى ئه‌هرامى میسر كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ رۆژنامه‌ دێرین و به‌ ناوبانگه‌كانى عه‌ره‌ب، راپۆرتێكى درێژى له‌سه‌ر په‌یوه‌ندى نێوان نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و فه‌ڕه‌نسا بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، ناونیشانى راپۆرته‌كه‌ به‌مشێوه‌یه‌یه‌ "نێچیرڤان بارزانى هاوپه‌یمانى سه‌ره‌كى فه‌ڕه‌نسا له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر".

له‌سه‌ره‌تاى راپۆرته‌كه‌ باس له‌ سه‌ردانه‌كه‌ى رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ى رابردووى ئیمانویڵ ماكرۆن ده‌كرێت و رۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێ، "ئه‌م سه‌ردانه‌ مێژووییه‌ له‌ بۆشاییه‌وه‌ نه‌هاتووه‌، به‌ڵكو له‌ ئه‌نجامى په‌یوه‌ندییه‌كى به‌هێز بووه‌ كه‌ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان توانیویه‌تى له‌گه‌ڵ پایته‌ختى رووناكى –پاریس- بنیادى بنێت".

رۆژنامه‌ى ئه‌هرام دواتر ئاماژه‌ بۆئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ى نێوان هه‌رێمى كوردستان و فه‌ڕه‌نسا كه‌ له‌ به‌رژوه‌ندى هه‌رێمدایه‌، له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ناوچه‌كه‌ چه‌ندان كێشه‌ى تێدایه‌.

نێچیرڤان بارزانى له‌سه‌ر ئومێدى لاواز په‌یوه‌ندى دروست ناكات


 

رۆژنامه‌ى ئه‌هرام ده‌ڵێ، "ئاڵۆگۆڕى سه‌ردانه‌كان له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ گۆڕانكارییه‌كى دراماتیكى له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كى گڕگرتوو له‌ سه‌ر نه‌خشه‌ى سیاسى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه‌، ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ دیداره‌ى كورد و فه‌ڕه‌نسا كه‌ 12 دیدار بووه‌، وایكردووه‌ دۆسیه‌ى هه‌رێمى كوردستان ببێته‌ دۆسیه‌یه‌كى زۆر گرنگى كۆشكى كۆمارى فه‌ڕه‌نسى".

ئه‌هرام له‌ به‌رواردكردنى هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌نووسێ، "له‌كاتێكدا ده‌بینین هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ ئه‌فغانستان و عێراق ده‌كشێننه‌وه‌، ماكرۆنیش ده‌بینین له‌ هه‌ولێر باس له‌ هێزى پاڵپشتى فه‌ڕه‌نسا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر ده‌كات".

راپۆرته‌كه‌ پێیوایه‌ ئه‌مه‌ بۆ هه‌وڵه‌كانى نێچیرڤان بارزانى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و ده‌ڵێ، "لێره‌وه‌ روون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ گره‌وى سه‌رۆك نێچیرڤان بازانى له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ستراتیژییه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ پاریس، گره‌وێكى دروست بووه‌، له‌سه‌ر بنه‌ماى راستییه‌كان و به‌رژوه‌ندى هاوبه‌ش بووه‌، نه‌وه‌ك له‌سه‌ر وه‌هم و ئومێدى لاواز بێت".

نێچیرڤان بارزانى چونكه‌ ئه‌و ده‌یه‌وێ سارێژى برینه‌كانى رابردوو بكات 
ئاسۆیه‌كى فراوانتر بكاته‌وه‌ كه‌ هه‌مووان له‌خۆ بگرێت
 

به‌ بڕواى رۆژنامه‌ى ئه‌هرام ماكرۆن له‌ماوه‌ى رابردوودا دوو سوودى بۆ هه‌رێمى كوردستان هه‌بووه‌، جیا له‌و هه‌موو هه‌ڵوێستانه‌ى كه‌ له‌ مێژووى فه‌ڕه‌نسا له‌ به‌رژوه‌ندى كورد نراون. یه‌كه‌میان ئه‌وه‌ بوو ماكرۆن له‌ دژى هێرشه‌كانى توركیا بۆ سه‌ر كورد بووه‌ و دووه‌میشیان ئه‌وه‌یه‌ ده‌یه‌وێ به‌غدا و هه‌ولێر له‌یه‌كتر نزیك بن. له‌و خاڵه‌شدا پێیوایه‌ سه‌رۆكه‌ كورده‌كه‌ "نێچیرڤان بارزانى" رۆڵى هه‌بووه‌ "چونكه‌ ئه‌و ده‌یه‌وێ سارێژى برینه‌كانى رابردوو بكات و ئاسۆیه‌كى فراوانتر بكاته‌وه‌ كه‌ هه‌مووان له‌خۆ بگرێت".

ته‌وه‌رێكى تر كه‌ به‌ بڕواى راپۆرته‌كه‌ى ئه‌هرام زۆر گرنگه‌ ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ كه‌ له‌نێوان پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌كانى فه‌ڕه‌نسا هه‌یه‌ له‌به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر، ده‌شڵێ،  "هه‌ر بۆیه‌ تیرۆر یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ بووه‌ كه‌ له‌ سه‌ردانه‌كه‌ تاوتوێ كراوه‌".

له‌كۆتایى راپۆرته‌كه‌یش جارێكى تر، رۆژنامه‌ى ئه‌هرام ستایشى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێ، "له‌وانه‌ى سه‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنرێ كه‌ نێچیرڤان بارزانى له‌سه‌ر رێگا دروستەکە ده‌ڕوات".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە