سوننه‌ و شیعه‌ كۆمپانیاى نه‌وتى نشتیمانیان به‌ نهێنى دامه‌زراندووه‌ کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

په‌رله‌مانتارێكى عێراق به‌ به‌ڵگه‌ ئاشكراى ده‌كات كه‌ كۆمپانیاى نه‌وتى عێراق به‌ "نهێنى" و به‌ بێ ره‌زامه‌ندى په‌رله‌مانى عێراق دامه‌زراوه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ یاساكه‌ چه‌ندان ساڵه‌ له‌ په‌رله‌مانه‌ و هه‌موارنه‌كراوه‌ته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ عالیه‌ نوسه‌یف په‌رله‌مانتارى عێراق راگه‌یێندراوێك و دوو به‌ڵگه‌ى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، تێیدا باس له‌وه‌ ده‌كات كۆمپانیاى نه‌وتى نیشتمانى له‌ عێراق به‌ رێككه‌وتنى چه‌ند لایه‌نێكى سوننى-شیعى و حكومه‌ت به‌ نهێنى و به‌ بێ ره‌زامه‌ندى په‌رله‌مان دانراوه‌.


له‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌ى عالیه‌ نوسه‌یف هاتووه‌، "چه‌ند لایه‌نێكى سیاسى شیعه‌ و سوننه‌ به‌ شێوەیه‌كى نهێنى نه‌وتیان دابه‌شكردووه‌ و ده‌ستیان كردووه‌ به‌ دانانى كۆمپانیاى نه‌وتى نیشتمانى. ئه‌مه‌یش دواى دیدارێك دێت كه‌ له‌نێوان كه‌سایه‌تیه‌كى گرنگ له‌ وه‌زاره‌تى نه‌وت و كه‌سایه‌تیه‌كى سوننه‌ له‌ په‌رله‌مان له‌ كاتژمێر 11:45 شه‌و له‌ ماڵى په‌رله‌مانتاره‌كه‌ رێكخراوه‌. ئه‌و په‌رله‌مانتارە له‌گه‌ڵ فراكسیۆنێكى شیعه‌ رێككه‌وتووه‌. ئه‌مڕۆیش به‌لامانه‌وه‌ سه‌ر بوو چه‌ند فه‌رمانێكى ترسناك دراوه‌، هه‌ر چه‌نده‌ هه‌موارى یاساى كۆمپانیاى نه‌وت ده‌رنه‌چووه‌، یاساى كۆنیش له‌لایه‌ن دادگاى فیدڕاڵییه‌وه‌ تانه‌ى لێدراوه‌ و له‌سایه‌ى چاكه‌كارانه‌وه‌ ده‌رنه‌چووه‌، كه‌چى ئه‌مڕۆ  ئه‌م كۆمپانیایه‌ به‌ پیلانێكى شه‌و دانراوه‌".
 

به‌گوێره‌ى یه‌كێك له‌و به‌ڵگانه‌ى كه‌ ئه‌م په‌رله‌مانتاره‌ بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، له‌ پێنجى ئه‌م مانگه‌ ده‌رچووه‌ كۆمپانیاكانى عێراق ده‌كرێن به‌ دوو گرووپ یه‌كێكیان له‌لایه‌ن بریكارى وه‌زاره‌تى نه‌وت بۆ كاروبارى ده‌رهێنان، ئه‌ویتریان له‌لایه‌ن بریكارى نه‌وت بۆ كاروبارى دابه‌شكردن سه‌رپه‌رشتى ده‌كرێن به‌گوێره‌ى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى كه‌ له‌ یاساى كۆمپانیاى نه‌وتى نیشتمانى دیار كراوه‌.


عالیه‌ نوسه‌یف له‌سه‌ر ئه‌م نووسراوه‌ ده‌ڵێ، "به‌هۆى ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى یاسادانان ئێستا په‌كى كه‌وتووه‌، داوا له‌ داواكارى گشتى ده‌كه‌ین بێته‌ ناو بابه‌ته‌كه‌وه‌ و رێگه‌نه‌دات یارى به‌ بژێوى گه‌ل بكرێت و ئه‌و پێشێلكارییانه‌ رابگرێت كه‌ له‌ وه‌زاره‌تى نه‌وت ده‌كرێن، هه‌موو ئه‌و فه‌رمانه‌ كارگێڕیانه‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ كه‌ تایبه‌ت به‌ كۆمپانیاى نه‌وتى نشتیمانى دراون".


چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ عێراق هه‌وڵى دامه‌زراندنى كۆمپانیایه‌كى نشتیمانى ده‌درێت، به‌ڵام له‌ په‌رله‌مان رێككه‌وتنى له‌سه‌ر ناكرێت. ساڵى رابردوو په‌رله‌مانتارێكى كورد بۆ نوچه‌نێتى ئاشكرا كرد، هه‌موو هه‌وڵه‌كان به‌ بێ ئاگادارى كورد ده‌درێت، پێشتر نێچیرڤان بارزانى ئه‌و كاته‌ى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بووه‌ و نامه‌یه‌كى بۆ به‌غدا ناردووه‌ و تێیدا باسى له‌ گرنگى دانانى كۆمپانیایه‌كى نه‌وتى نیشتمانى كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى به‌ رێككه‌وتنى هه‌موو پێكهاته‌كان دابنرێت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین