نوچه‌نێت كێشه‌ی میحوه‌ره‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان‌ ده‌خاته‌ڕوو کوردستانی

لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند، كێشه‌ی به‌شێك میحوه‌ره‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ئاڵۆزن و ڕه‌هه‌ندی ناوخۆیی و ئیقلیمییان هه‌یە، بۆیه‌ له‌ زۆر شوێندا، پێویستییان به‌ چاره‌سه‌رێكه‌، كه‌ له‌ ئاستێكی باڵای سیاسییدا هه‌نگاوی بۆ بنرێت.

ڕزگار محه‌مه‌د، ئه‌ندامی فراكسیۆنی گۆڕان، كه‌ هاوكات بڕیارده‌ری لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان‌، ڕۆژی شه‌ممه‌ حه‌وتی ئابی (2021)، له‌ لێدوانێكی تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت، باسی له‌ ئه‌نجامی ئه‌و سه‌ردان و به‌داواداچوونانه‌ كرد، كه‌ لیژنه‌كه‌یان بۆ میحوه‌ره‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ئه‌نجامی داون.

وه‌ك ئه‌و گوتی، "لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌ردان و به‌دواداچوونی بۆ میحوه‌ره‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ كردووه‌، له‌و سه‌ردانانه‌وه‌ بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌ به‌شێك له‌ میحوه‌ره‌كان كێشه‌یان هه‌یە و كێشه‌كانیش له‌ میحوه‌رێكه‌وه‌ بۆ میحوه‌رێكی تر جیاوازن‌"

هه‌ر له‌و لێدوانه‌دا، ئه‌ندامه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ئاشكرای كرد، كێشه‌ی میحوه‌ره‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، به‌سه‌ر چه‌ند جۆرێكدا دابه‌ش ده‌بن، وه‌ك هه‌بوونی عه‌شائیری عه‌ره‌بیی له‌ ناوچه‌كان و حه‌شدی شه‌عبیی و پاشماوه‌ی چه‌كدارانی داعش و بۆشایی ئه‌منی له‌ هه‌ندێك ناوچه‌دا، ئه‌مه‌یش بووه‌ به‌‌ هۆی سوودمه‌ندیی كه‌سانێك و زیانی هاووڵاتییانی كوردستان، هه‌روه‌ها هه‌بوونی هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كان، كه‌ به‌ گوته‌ی فه‌رمانده‌كانی پێشمه‌رگه‌، كێشه‌ دروست ده‌كه‌ن.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، هه‌ندێك له‌ كێشه‌ی میحوه‌ره‌كان، ڕه‌هه‌ندی هه‌رێمایه‌تییان هه‌یە و‌ بۆ كۆتایی هێنانییان بو كێشانه‌، جه‌خت له‌سه‌ر ڕێككه‌وتنێكی سیاسیی باڵا ده‌كاته‌وه‌ و به‌ پێویستی ده‌زانێت، له‌گه‌ڵ وڵاتانی زلهێز و هاوپه‌یمانان و حكومه‌تی عێراق و توركیا گفتوگۆ بكرێت و كێشه‌كان‌ چاره‌سه‌ر بكرێن.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین