عارف ڕوشدی : كێشه ناوخۆییه‌كانی یەكێتیی له دوور و نزیك په‌یوه‌ندی به ئێمه‌وه نییه
سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت
كۆنگره‌ی پارتیی و گۆڕانكارییه حیزبییه‌كان
نوچه‌نێت: بریار بوو پارتی دیموكراتی كوردستا‌ن، به‌ر له هەڵبژاردنی عێراق، كۆنگره ببه‌ستێت، بۆچی بوو ئه‌و كۆنگره‌یه نه‌به‌سترا؟
عارف ڕوشدی: پارتی هەمیشە بە شێوەیەکى یاسایی کۆنگرەکانى بەستووە و هەوڵی داوە کۆنگرەکان لە کاتی خۆیاندا ببەسترێن. بەڵام بە هۆکارى بارودۆخی دژوارى ته‌ندروستییه‌وە و بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایر‌وسی كۆرۆنا کە هه‌موو جیهانی گرتووه‌ته‌وه، ناچار بوین کۆنگرە دوابخه‌ین، چونكه له كۆنگره‌دا ژماره‌یه‌كی زۆر له نوێنه‌رانی حیزب به‌شدار ده‌بن، پێشبینیمان ده‌كرد زیانێكی زۆری لێبكه‌وێته‌وه، ئه‌وه هۆكاری سه‌ره‌كی دواكه‌وتنی كۆنگره‌یه.
بە رێككەوتنی گۆڕان و یەكێتی نیگەران نیین
نوچه‌نێت: له پلانتاندا نییه پێش كۆنگره، گۆڕانكاری حیزبیی ئه‌نجام بده‌ن؟
عارف ڕوشدی: گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تیی له ده‌سه‌ڵاتی كۆنگره‌دایه و تا كۆنگره نه‌به‌سترێت، ئه‌و گۆڕانكارییانه ناكرێن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێویست بێت، به‌رپرسی مه‌كته‌ب و ناوه‌نده حیزبییه‌كان بگۆڕدرێن، ئه‌وه كارێكی ئاساییه و ده‌كرێت.
نوچه‌نێت: ده‌گوترێت، ئێستا مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی سڕكراوه، ئامه تاچه‌ند ڕاسته؟
عارف ڕوشدی: مه‌كته‌بی سیاسیی دەزگایەکى ناوەندى حزبە و خاوەن بریارە، ئەو دەنگویانە دوورن لە ڕاستى، مه‌كته‌بی سیاسیی رۆژانه خه‌ریكی ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌و ئه‌ركانه‌یه، كه له په‌یڕه‌وی ناوخۆدا بۆی دیاری كراوه.
په‌یوه‌ندی نێوان پارتی و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستا‌ن
نوچه‌نێت: پەیوەندیتان لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان چۆنه؟
عارف ڕوشدی: خوازیارین له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان، پەیوەندی باشمان هه‌بێت، لەو پێناوەشدا هەمیشە جەنابی سەرۆک مسعود بارزانى هاندەرى سەرەکى رێککەوتن و پێشخستنى کەشێکى گونجاوە لە بوارى پەیوەندییە سیاسییەکاندا، هەروەها كاك نێچیرڤان بارزانیی وەک جێگری سه‌رۆكی پارتیمان و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستا‌ن، چه‌ندین جار سه‌ردانی لایه‌نه سیاسییه‌كانی كردووه، هەروەها چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كان له سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم ئه‌نجام داوه، ئه‌مه‌یش به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یە كه ئێمه سیاسه‌تی ده‌رگا كراوەکان په‌یڕه‌و ده‌كه‌ین، هیچ هێزێكی سیاسیی فه‌رامۆش ناكه‌ین، پێمانخۆشه هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان له پێشخستن و پاراستنی هه‌رێمی كوردستاندا به‌شدار بن، هه‌موومان پێكه‌وه پارسه‌نگی پێگه‌ی هه‌رێم له به‌رانبه‌ر بەغداو و دەوروبەر ڕابگرین.
كێشه‌ى نه‌ته‌وه و نیشتیمان، به ته‌نها کێشەى پارتی نیە، بەڵکو بەرپرسیارەتى هه‌موو لایه‌نه‌كان و خه‌ڵكی كوردستانە، ئه‌گه‌ر ئێمه له‌سه‌ر هه‌ندێك بابه‌تی سیاسیی و ئیداریی، له نێوان خۆمان كێشه‌مان هه‌بێت، نا‌بێت كێشه‌مان له‌سه‌ر پرسه نه‌ته‌وه‌یی و نیشمانییه‌كان هه‌بێت.
نوچه‌نێت: په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتیمانیی له چ ئاستێكدایه، به‌شێك له یه‌كێتی ئێوه به به‌شێك له كێشه ناوخۆییه‌كانی ئێستای حیزبه‌كه‌یان ده‌زانن، ئێوه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كتان به كێشه‌كانی ئه‌وانه‌وه هه‌یه؟
عارف ڕوشدی: ئێستا له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستا‌ن، كێشه‌یه‌كی وه‌هامان نییه و په‌یوه‌ندیمان باشه، كێشه ناوخۆییه‌كانیشییان په‌یوه‌ندی به خۆیانه‌وه هه‌یه، نه له دوور و نه له نزیك په‌یوه‌ندی به ئێمه‌وه نییه.
نوچه‌نێت: یه‌كێتیی و گۆڕان بۆ هه‌ڵبژاردنی عێراق هاوپه‌یمانێتییه‌كان پێكهێناوه، ئێوه له‌و هاوپه‌یمانییه نیگه‌ران بوون؟
عارف ڕوشدی: پارتی له‌و هاوپه‌یمانێتییه نیگه‌ران نه‌بووه، چونكه ئه‌وه بڕیاری ئه‌و دوو حیزبەیە و ئازادن له‌وه‌ی چۆن و له‌گه‌ڵ كێ هاوپه‌یمانێتیی ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی گرنگه له ئاستی عێراق هه‌موومان پێكه‌وه ده‌نگی زوڵاڵی خه‌ڵكی كوردستا‌ن بین، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى خه‌ڵكی كوردستا‌ن بپارێزین، پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستا‌ن به‌هێزتر بكه‌ین.
نوچه‌نێت: پارتی ده‌ستپێشخه‌ری بۆ ئه‌و جۆره هاوپه‌یمانەتییانە نه‌كردووه؟
عارف ڕوشدی: هاوپه‌یمانەێتیمان نه‌كردووه، به‌ڵکو بەلیستى تایبەتى خۆمان به‌شدارى هه‌ڵبژاردنی عێراق ده‌كه‌ین، ڕێزیشمان له بیروبۆچوونی حیزبه‌كان و هاوپه‌یمانێتییه‌كانییان گرتووه.
بۆچوونی پارتی له باره‌ی هه‌ڵبژاردنی عێراقه‌وه
نوچه‌نێت: پێشبینی دەکەن هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت؟
عارف ڕوشدی: پێمانباشه هەڵبژاردن له كاتی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت، هەڵبژاردنێکی ڕوون بێت و له لایه‌ن ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه چاودێری بكرێت، دوور بێت له هه‌ر گزی و غه‌شكردنێك، نا‌بێت ئه‌وه له بیر بكه‌ین، كه هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق به ته‌نها په‌یوه‌ندی به ئێمه‌وه نییه و له‌سه‌ر ئاستی عێراق به گشتیی ئه‌نجام ده‌درێن، له به‌غداد ده‌توانن بڕیار له باره‌ی ئه‌نجامدان یان ئه‌نجامنه‌دانییانه‌وه بدرێت، به‌ڵام هه‌ندێك ئاماژه هه‌ن، كه لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق، له ناو خۆیاندا تووشی كێشه بوون، هه‌ندێك له‌و لایه‌نانه ده‌یانه‌وێت ڕێگری له ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن، یان دوابخرێت بۆ كاتی یاسایی خۆی، به‌ڵام ئێمه پێمانباشه له كاتی خۆی ئه‌نجام بدرێت و دوانه‌كه‌وێت.
نوچه‌نێت: تا ئێستا هیچ لایه‌نێكی سیاسیی كوردستانیی، داوای كردووه هه‌ڵبژاردن دوابخرێت؟
عارف ڕوشدی: تا ئێستا نه‌مانبیستووه داوایه‌كی له‌و شێوه‌یه كرا بێت، هیوادارین ئه‌و لایه‌نه سیاسییانه‌یش كه كێشه‌ی ناوخۆییان هه‌ن، كێشه‌كانییان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌بێت، تا هه‌ڵبژاردنه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی كوردستا‌ن بشكێته‌وه..
نوچه‌نێت: ده‌نگۆیه‌ك هه‌بوو، كه پارتی له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی سه‌در و موقته‌دا سه‌در ڕێككه‌وتنی پێشوه‌خته‌ی ئه‌نجامداوه، ئه‌و ڕێككه‌وتنه هه‌ر ده‌نگۆیه، یان له واقیعدا هه‌یه؟
عارف ڕوشدی: پێش هه‌ڵبژاردن هیچ ڕێككه‌وتنێكمان له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه عێراقییه‌كان نه‌كردووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی سه‌در سه‌ردانیمان هەبووە و لێكتێگه‌یشتن هه‌یه له نێوانمان، ئه‌م لێكتێگه‌یشتنانه‌یش باشن، بۆ ئه‌وه‌ی له كاتی درووستبوونی كێشه له نێوان هه‌رێم و به‌غداد، له‌به‌ر ڕۆشنایی و ده‌ستوور و ڕه‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندی یاسایی هه‌ردوولا، پێکەوە هەوڵى چارەسەرکردنیان بدەین.
پارتی خوازیاره، رەوتێکی نیشتیمانی له عێراق حوكمڕان بێت، كه باوه‌ڕی به سیسته‌می فیدڕاڵی هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كێشه و گرفتانه‌ی كه هه‌ن چاره‌سه‌ر ببن، چونکە ئێمه‌یش ئێستا به‌شێكین له عێراق، كێشه و گرفته‌كانی عێراق كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانیش ده‌بێت، ئەگەر کێشە و گرفتەکانی عێراق چارەسه‌ر ببن، ئەوە به‌شێك لە کێشەکانی هەرێمیش چارەسەر دەبن.
شانازی سەركەوتنی شاندی حكومەتی هەرێم لە بەغدا بەر لایەنەكانی تریش دەكەوێت
نوچه‌نێت: پێشبینیتان بۆ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان چییه، ئایا پێبیشنی زیادبوونی كورسییه‌كانتان ده‌كه‌ن؟
عارف ڕوشدی: ڕه‌نگه نه‌توانین ئێستا ژماره‌ی كورسییه گریمانه‌كراوه‌كانمان بڵێین، به‌ڵام تا ڕاده‌یه‌كی باش، له كاره‌كانی خۆمان ڕازین، بۆیه پێشبینی ده‌كه‌ین كه ئاستی جه‌ماوه‌ریمان باش بێت، دەبینین جەنابی کاک نێچیرڤان بارزانیی یاخود کاک مەسرور بارزانیی کە دوو سەرکردەی دیاری ئەم حزبە و ئەم گەلەن، لە چالاکییەکی بەردەوامدان، لەگەڵ دەوربەر و وڵاتانی دونیایش له په‌یوه‌ندییه‌كی به‌رده‌وامدان، هەموو هەوڵێکییان بۆ ئەوەیە بارودۆخی هەرێم، لەرووی سیاسی و ئابووری و ئاسایشه‌وه پێشبخه‌ن.
به‌شێكی زۆری ئه‌و سه‌ركرده دیارانه‌ی جیهان كه هاتوونه‌ته به‌غداد، سه‌ردانی هه‌ولێریشییان كردووه بێجگە لە دیدارەکانیان لەگەڵ سەرۆکایەتى هەرێم و بەغدا، چونەتە خزمەت جەنابی سەرۆک مسعود بارزانى، ئه‌مه نیشانه‌ی به‌هێزی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانە، هەر لە بارەى بەهێزى پێگەى هەرێمەوە: له‌و ڕۆژانه‌ی پێشوودا، ڕاوێژكاری ئه‌ڵمانیا، له كۆنفرانسی ساڵانه‌ی خۆیدا، گوتی: دەبێت ئێمە بەردەوام بین لە پشتیوانی کورد، هەروەها پەرلەمانی ئەڵمانیا بریاریدا، ماوه‌ی مانەوەى راوێژکارە سەربازییەکان بۆ دوو ساڵی‌تر درێژ بكرێتەوە، لە لایەکى دیکەوە وڵاتانی وەکو بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئەمریکا، بۆ چاكسازییەکانى وەزارەتى پێشمه‌رگه لەسەر هێڵن، کاتێک پاپای ڤاتیكان سه‌ردانی عێراقی كرد، به ته‌نها له شاری هه‌ولێر توانى كۆبوونه‌وه‌ی فراوان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا ئه‌نجام بدات، ئه‌مه‌ش سەلمێنەرى ئه‌و ڕاستییه‌یه، كه کوردستان ژینگەى لەبارى پێکەوە ژیانى هەموو پێکهاتەکانە و ئازادیی و پێشکەوتن و ئاسایش بەرقەرارە .
له ڕووی خزمه‌تگوزاریشه‌وه، جیاوازییه‌كی زۆر له نێوان كوردستا‌ن و ناوچه‌كانی تری عێراق هه‌یه، بەردەوام پرۆژەی گەورە لە بواری پیشەسازی و کشتوکاڵی لە برەودان و هه‌وڵ ده‌درێت بازاڕ بۆ به‌رهه‌مه‌كانییان دابین بکرێت، ئەم پێشکەوتنانەش دەمانبه‌نە قۆنا‌غێکی پێشکەوتووتر و كاریگه‌ری ئەرێنییان له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی بێكاریی ده‌بێت، ده‌كرێت بڵێین له‌و كار و پرۆژەو چالاکییەکانەدا، ئێمه وه‌ك پارتیی له ڕێگه‌ی سه‌رۆكایه‌تیكردنی حكومه‌ته‌وه به‌شدارییانین و پشتیوانی‌یان ده‌كه‌ین، بەم هۆکارانە له جه‌ماوه‌ری خۆمان دڵنیاین، له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا پشت و پەنامان دەبن.
نوچه‌نێت: تاچه‌ند نیگه‌رانیی خه‌ڵكی كوردستانتان له به‌رچاو گرتووه؟
عارف ڕوشدی: هه‌ر نیگه‌رانییه‌ك هه‌بووبێت، گرنگى پێویستمان پێداوە و هه‌وڵمانداوه چاره‌سه‌ری بكه‌ین، له هه‌موو وڵاتانى دونیاشدا نیگه‌رانی هه‌ر هه‌یه و به‌رده‌وامیش نیگه‌رانی هه‌ر ده‌بێت، چونكه ژیان به‌رده‌وامه و به‌رده‌وامیش خواست و داواكارییه‌كان زۆرتر ده‌بن.
نوچه‌نێت: ئه‌و نیگه‌رانییانه كاریگه‌ریییان بۆ سه‌ر ئاستی جه‌ماوه‌ریتان نا‌بێت؟
عارف ڕوشدی: نیگه‌رانییه‌كان به هه‌ند وه‌رده‌گرین، به‌ڵام پێمانوایه كاریگه‌ری له‌سه‌ر سه‌نگ و پێگه و جه‌ماوه‌ری پارتی درووست ناكات، چونکە خەڵكی كوردستا‌ن ده‌زانن، بە هەموو توانایەکمانەوە پشتیوانی خواستەکانى ئەوانین و لە هەوڵی بەردەوامداین، گرفت و کێشەکانییان چارەسەر بکەین، لە پیناوەیشدا چەندین جار شاندى حکومەت بەرەو بەغداد ڕۆیشتون و مەبەستییان بووه چارەسەرێک بۆ ئەو كێشه‌كانە بدۆزنه‌وه، كه ساڵانێکە بە هەڵواسراوى ماونەتەوە.
نوچه‌نێت: به‌ڵام هه‌ندێك لایه‌نی سیاسیی و هه‌ندێك كاراكته‌ری سیاسیی، ده‌ڵێن ئێمه چووین بۆ به‌غداد و ڕێككه‌وتنه‌كه و ده‌ستكه‌وته‌كانی بۆ ئێمه ده‌گه‌ڕێته‌وه، بۆچوونی ئێوه چییه؟
عارف ڕوشدی: ئێمه باوه‌ڕمان به‌وه‌یه، شاندی حكومه‌ت چووه و حكومه‌تیش نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی كوردستا‌ن ده‌كات، بۆیه سه‌ركه‌وتنی گفتوگۆكان، سەرکەوتنی خەڵکی کوردستانە، سەرکەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، هەر لایەنێك له‌و شانده‌دا به‌شدار بووبێت، دەتوانێت بڵێت سه‌ركه‌وتنه‌كه به‌ر منیش ده‌كه‌وێت.
نیگه‌رانییه‌كانی خەڵك به هه‌ند وه‌رده‌گرین
بۆچوونی پارتی له باره‌ی په‌رله‌مانی كوردستا‌ن و هه‌ڵبژاردنی داهاتووی كوردستا‌ن
نوچه‌نێت: ئایا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستا‌ن له كاتی خۆیدا ده‌كرێت؟
عارف ڕوشدی: تا ئێستا بڕیاروایە، هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستا‌ن له كاتی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت، ئه‌و
بڕیاره گۆڕانكاری به‌سه‌ردا نه‌هاتووه ..
نوچه‌نێت: تاچه‌ند له ئه‌دای په‌رله‌مانی كوردستا‌ن ڕازین؟
عارف ڕوشدی: په‌رله‌مان ده‌زگه‌یه‌كی یاسادانانى نیشتیمانییه، پێمانباشه به هێمنی و رێککەوتن ئەرکەکانى راێیبکات ، فراكسیۆنی پارتیی له په‌رله‌مانی كوردستا‌ن، فراكسیۆنی زۆرینه‌یه، ئەگەر بمانەوێت ده‌توانین هه‌موو یاسا و بڕیارێك به زۆرینه تێپه‌ڕێنین، به‌ڵام هه‌میشه خۆمان له‌وه بواردووە وهەوڵمانداوە بە هاوبەشی و كۆده‌نگیی و پرسه‌كان یه‌كلایی بكرێنه‌وه
نوچه‌نێت: تاچه‌ند لە پەرلەمانتارەکانی خۆتان رازین؟
عارف ڕوشدی: لێیان ڕازین و پێمانوایه كاره‌كانی خۆیان باش ئه‌نجام داوه، ئه‌گه‌ر كه‌موكوڕییه‌كیشییان هه‌بێت، هیوادارین خۆیان هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی بده‌ن.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment