باڵوێزخانەی ئیمارات لە ئیسرائیل دەکرێتەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت:

دوای رێککەوتنی ساڵی رابردووی نێوان ئیسرائیل و ئیمارەت بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، باڵوێزخانەی ئیمارات لە تەلئەبیب، رۆژی چوارشەممە لە مەراسیمێکدا بە بەشداری سەرۆک کۆماری ئیسرائیل، بە فەرمی دەکرێتەوە.

رۆژی دووشەممە ١٣ی تەمووزی ٢٠٢١، ماڵپەڕی "ئیندێپێندێنت" بڵاوی کردەوە، ئیمارات و ئیسرائیل، ١٥ی سیپتەمبەری ٢٠٢٠، بە نێوەندگیری دۆناڵد ترەمپ، پەیمانی ئیبراهیمیان ئیمزا کرد. ئەو پەیمانە، رێککەوتنێکە بۆ ئاشتی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەب. 

کردنەوەی باڵوێزخانە و دەستپێکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیش بەشێکە لە پرۆسەی ئاساییکردنەوە و پەرەپێدان بە پەیوەندییە دوولایەنەکان. 

محەمەد خاجە، باڵوێزی ئیمارات لە ئیسرائیل چەند مانگێک لەمەوبەر، بە مەبەستی ئامادەکردنی زەمینە بۆ کردنەوەی باڵوێزخانەى ئیمارات لە ئیسرائیل، لەو وڵاتە نیشتەجێ بوو. 

ئیسرائیلیش سەرەتاکانی ئەمساڵ، باڵوێزی خۆی رەوانەی ئەبوزەبی کرد، لە میانەی مەراسیمی کردنەوەی باڵوێزخانەی ئیسرائیل لە ئەبوزەبی کە بە بەشداری وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بەڕێوەچوو، یائیر لاپید، بنیامین نەتانیاهۆى سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیلیشى وەک "ئەندازیاری پەیمانی ئیبراهیم" ناوی هێنا و سوپاسی هەوڵەکانی کرد بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی عەرەب و موسڵمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 

ئەنتونی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکایش لە راگەیێندراوێکدا، پێشوازی لە یەکەمین سەردانی وەزیرێکی دەرەوەی ئیسرائیل بۆ ئیمارەتە یەکگرتووەکانی عەرەبی و و کردنەوەی باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە لە ئەبوزەبی کرد و گوتی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ "بەدیهێنانی داهاتوویەکی پڕ لە ئاشتی و ئاسایش و پڕشنگدار بۆ هەموو خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، درێژە بە هاوکارییەکانی لەگەڵ ئیمارات و ئیسرائیل دەدات. 

بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل کە دەقی لێدوانەکەی باڵوێزی ئەو وڵاتەی بڵاو کردووەتەوە، بلینکن وێڕای ئاماژەکردن بەوەی کە ئیسرائیل هەر لێرەیە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماڵیەتی، گوتی: "ئێمە لێرەین و دەمێنینەوە، داوا لە هەموو وڵاتانی ناوچەکە دەکەین دان بەوەدا بنیێن و لەگەڵمان دانوستان بکەن". 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین