بەربەستەكانى بەردەم مانەوەى توركيا لە ئەفغانستان شیکاری

نوچەنێت:

لە چەند ڕۆژى داهاتوودا، توركيا چاوەڕوانى بەرەيەكى نوێى ململانێكان دەكات، لەوانەيە ئەوجارە بەو گەرمييە نەبێت، كە لەساڵانى رابردوو لە جەنگەكانى سووريا و ئازربەيجان و ليبيا روويدا، ئەوەش تاقيكردنەوەيەكى ڕاستەقينەيە بۆ قورسايى ناوچەيى و نێودەوڵەتى ئەنقەرە، لە سايەى ئەو ئاڵنگەرييە ئابوورى و سياسيانەى توركيا لە ئاستى ناوخۆيى كە پەيوەستە بە جوڵە بەردەوامەكانى ئۆپۆزسيۆن بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە، لە ئاستى دەرەكيش پەيوەستە بە گرێبەستەكانى چەك لە نێوان ئەمريكا لە لايەك، رووسيا لە لايەكى تر.

ئەفغانستان بە روانگەيەكى تازە داناندرێت بۆ ئەنقەرە، چونكە نزيكەى (٢٠) ساڵە هێزەكانى توركيا لە ئەفغانستانن، پەيوەندى ديپلۆماسى ئەو دوو وڵاتە زياتر لە (١٠٠) ساڵە، بەڵام دەرهاوێشتەكان و واقيع و رووداوە تازەكان ئاماژە بەوە دەكەن، ئەنقەرە لە ناو ئەو هەموو كێشەى ئەفغانستان لەبەردەم ئەركێكى قورس دايە، بەتايبەتى کە ئێستا كشانەوەى هێزى وڵاتان دەستى پێكردووە، هەروەها جەنگ لە نێوان هێزەكانى ئەفغانستان و چەكدارانى تاڵيبان بەردەوامە، تاڵيبان دەستى بەسەر رووبەرێكى فروانى ئەفغانستان داگرتووە، هەوڵيشدەدات دەست بەسەر تەواوى خاڵە سنوورييەكان دابگرێت.

لەپاڵ ئەو رووداوانەى لەسەر خاكى ئەفغانستان روو دەدەن، وانشنتن و ئەنقەرە پەلەيانە بۆ گەيشتن بە رێككەوتنى پاراستنى فڕۆكەخانەى كابول، بۆ ئەو مەبەستەش خەڵوسى ئاكار وەزيرى بەرگرى توركيا و لويد ئۆستن وەزيرى بەرگرى ئەمريكا تاوتوێى پرسى پاراستنى فڕۆكەخانەى كابوڵيان كردوە.

وەزارەتى بەرگرى توركيا لە بەياننامەيەكدا رايگەياند، "دواى كۆتاييهاتنى ئەركى هێزەكانى هێزەكانى ناتۆ، هێزەكانمان بەردەوام دەبن لە دابينكردنى پاڵپشتى پێويست لە پێناو كاركردنى فڕۆكەخانەى كابول".

ئەو پەيوەندييەى نێوان وەزيرانى بەرگرى ئەمريكا و توركيا، بە دووەم پەيوەندى دادەندرێت لە رۆژێكدا، وەزارەتى بەرگرى ئەمريكا، "ئاماژە بەوە دەكات هەردوو وەزير بە تەلەفۆن تاوتوێى كۆبوونەوەكانى هەردوو وڵاتيان كرد سەبارەت بە پاراستنى فڕۆكەخانەى كابول، كۆبوونەوەكانيشيان بە ئەرێنى وەسف كرد. لەو كۆبوونەوانە وەزارەتى بەرگرى توركيا لەگەڵ شاندى ئەمريكى باسيان لە بوارەكانى هەماهەنگى كردووە بۆ بەگەڕخستنى فڕۆكەخانەى كابول.

 

مەرجەكانى ئەنقەرە بۆ مانەوەى هێزەكانى لە ئەفغانستان

وەزيرى بەرگرى توركيا لە لێدوانەكانى پێشووى ئاماژەى بەوە كرد، "مانەوەمان لە ئەفغانستان بەگوێرەى بارودۆخە، مەرجەكانمان چييە؟ پاڵپشتى سياسى و دارايى و لۆجستى، ئەگەر ئەو داواكارييانەمان جێبەجێكرا، دەكرێت لە فڕۆكەخانەى كابول بمێنينەوە".

رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمارى توركياش دواى كۆبوونەوەى لەگەڵ جۆ بايدن لە پەراوێزى لوتكەى ناتۆ، گوتى، "پاكستان و مەجەڕ لەوانەيە رۆڵيان ببێت لە دابينكردنى پاراستنى ئەو فڕۆكەخانەيە، كە گرنگى ستراتيژى هەيە"، هەروەها ئاماژەشى بەڕەزامەندى توركيا كرد بۆ مانەوەى ئەو هێزانە.

لە بەياننامەى لوتكەى ناتۆ لە (١٤)ى مانگى حوزەيرانى رابردوو، ئاماژە بە ئەگەرى رادەستكردنى پاراستنى ئەو فڕۆكەخانەيە بەتوركيا كرا، لەگەڵ دابينكردنى هاوكارى بۆ ئەو مەبەستە. توركيا چەندين ساڵە زياتر لە (٥٠٠) سەربازى لە ئەفغانستان هەيە لە چوارچێوەى ئەركى هێزەكانى ناتۆ.

 

توركيا بۆچى دەيەوێت لە ئەفغانستان بمێنێتەوە؟

سەرۆكى توركيا لە لێدوانەكانى پێشووى ئاماژەى بەوە كرد، "دواى كشانەوەى هێزەكانى ئەمريكا و ناتۆ، وڵاتەكەى تاكە وڵاتى متمانە پێكراوە لە ئەفغانستان بمێنێتەوە". گوتيشى، "ئەمريكا بەو نزيكانە ئەفغانستان جێدەهێڵێت، كاتێكيش ئەمريكا كشايەوە، تاكە وڵات كە جێى متمانە بێت بۆ بەردەوامى دان بە كارەكەى لەو وڵاتە، بەدڵنياييەوە توركيايە".

هەروەها لەبەشێكى ترى قسەكانيشى جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، "لەوانەيە بڕيارى كشانەوەى ئەمريكا لە ئەفغانستان، توركيا بەرپرسيارێتى زياتر لەو وڵاتە بگرێتە ئەستۆ".

دكتۆر عەلى باكير مامۆستاى پەيوەندييە نێودەوڵەتييەكان لە زانكۆى قەتەڕ، لە لێدوانێكى بۆ ماڵپەڕى (نون پۆست)دەڵێت، "لە چەند ساڵى رابردوو توركيا لەگەڵ مەجەڕ و فەڕەنسا و وڵاتانى لە چوارچێوەى هێزەكانى ناتۆ ئەزموونى بەگەڕخستن  و پارێزگاريكردنى لە فرۆكەخانەى كابول هەيە". لەبەشێكى ترى قسەكانى باكير ئاماژەى بەوەشكرد، "توركيا گونجاوترە بۆ ئەو ئەركە، چونكە توركيا دەوڵەتێكى موسڵمانە، هێزەكانى لە ئەفغانستان بەشدارى جەنگى نەكردووە، ئەركيان زياتر دابينكردنى ئاسايش و مەشقكرپێكردنى هێزەكانى ئەو وڵاتە و هاوكارى مرۆيى بووە، دژى هيچ لايەنێكى  ئەفغانستان نەبووينە".

هەروەها باكير جەختى لەسەر ئەوەش كردووە، "توركيا ناوبانگ و پێگەيەكى باش و هێزى نەرمى هەيە، بەڵام مانەوەى لەو وڵاتە پەيوەستە بە پێوەر و مەرجەكانى ئێستاى، كە لەگەڵ وڵاتانى ئەمريكا و پاكستان و مەجەڕ گفتوگۆ لەسەر مەرجەكان دەكات".

دكتۆر كۆرشاد زۆرلۆ راگرى كۆلێژى زانكۆى بوزوك و نووسەر لە رۆژنامەى (خەبەرى) توركى لە لێدوانێكى بە (ساسە پۆست)ى راگەياند، "توركيا لە سێ لايەنەوە پێگەيەكى تايبەتى لە ئەفغانستان هەيە.

يەكەم: پەيوەستە بەو پەيوەندييە مێژووييە قووڵەى هەردوولا، كە لەسەردەمى كەمال ئەتاتورك  بنياتنراوە، ئەوكاتەى ئەتاتورك هەوڵى دەدا سياسەتى كرانەوە بەرووى جيهان پەيڕەو بكات، وەك پاڵپشتيكردنى بۆ ئاشتى و مۆدێرنە".

دووەم: "توركيا تا ئێستا لە ئەفغانستان بەردەوام دووربووە لە ململانێ ناوخۆييەكانى ئەو وڵاتە، وەك هێزێكى دوور لە جەنگ ماوەتەوە، بەوەش رێزى هەموو لايەنەكانى ئەو وڵاتەى بەدەستهێناوە".

سێيەم: "پەيوەندى رۆشنبيرى قووڵى نێوان توركيا و ئەو هاونشتيمانييە ئەفغانيانەى ژيانيان توركييە، توركيا توانيويەتى ئەوەش بەكار بهێنێت بۆ پاراستنى باڵانسى هێز لەناو ئەو وڵاتە، كردويەتى بە پردێكيش بۆ ئاشتى و سەقامگيرى لەو وڵاتە".

 

بەربەستەكانى بەردەم توركيا

لەچەند ساڵى رابردوو هێزەكانى ناتۆ نەيانتوانى کۆنترۆڵى تەواوى خاكى ئەفغانستان بکەن، سەرەڕاى ئەو هەموو زيانەى لە زۆربەى هێرشەكان بەريانكەوت، نەياتوانى بەربەستەكانى بەردەم بوونيان لەو وڵاتە تێك بشكێنن، ئەوە پاڵى بەتوركياوەناوە بير لەو بەربەستانە بكاتەوە كە لەكاتى مانەوەى لە ئەفغانستان رووبەڕووى دەبێتەوە.

لەو بارەيەوە دكتۆر عەلى باكير دەڵێت، "مانەوەى توركيا لە ئەفغانستان پەيوەستە بە مەرجە بابەتييەكان و پابەندييە ناوچەيى و نێودەوڵەتييەكان بۆ دابينكردنى پێداويستيیە لۆجستييەكان، ئەگەر هەموو لايەنەكان لەسەر ئەو شتانە رێككەوتن، لەوانەش توركيا و ناتۆ و پاكستان و ئەفغانستان بەهەردوو بەرەيەوە، ئەوكات مەترسى لەبەردەم بوونى توركيا و بەڕێوەبردنى ئاسايشى ئەو فڕۆكەخانەيە نامێنێت".

بەڵام ئەگەر ئەو مەرجانە جێبەجێ نەكران، توركيا رووبەڕووى مەترسى گەورە دەبێتەوە، ئەگەر داواكارييە دارايى و ئەمنى و لۆجستييەكانى جێبەجێ نەكرێت، كە بۆ سەركەوتنى رۆڵى لە ئەفغانستان پێويستە، توركيا ئەو ئەركە ناگرێتە ئەستۆ".

روحوڵا عومەر ئەفغانى شارەزا لە كاروبارى ئەفغانستان لە لێدوانێكى بۆ (نون پۆست) گوتى، "ئەو بەربەستانەى كە لەكاتى مانەوەى توركيا رووبەڕووى دەبنەوە زۆرن، لەوانە، ئەو ئەمنيەتەى لە چەند ساڵى رابردوو هەيبوو نامێنێت، كە هيچ لایەنێک هێرشى نەكردۆتە سەر باڵيۆزخانە و بنكەى سەربازیى توركيا لەو وڵاتە". سەبارەت بە هۆكارى ئەوەش ئاماژەى بەوەكرد، "بەئامانج نەگرتنى توركیا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەيوەندييە باشەى کە لەگەڵ لايەنەكان هەیبوو، بەڵام ئەگەر توركيا وەك تاكە هێزى بيانى لە ئەفغانستان بمێنێتەوە، لەلايەن تاڵيبانەوە دەكرێتە ئامانج".

دەربارەى هەڵوێستى بزووتنەوەى تاڵيبان بەرانبەر مانەوەى هێزەكانى توركيا لە ئەفغانستان، سوهەيل شاهين وتەبێژى ئەو بزووتنەوەيە رايگەياند، "هێزەكانى توركيا لە ئەفغانستان بەشێكن لە هێزەكانى ناتۆ لەو وڵاتە، بۆيە پێويستە توركيا بەگوێرەى رێكەوتنى (٢٩)ى شوباتى (٢٠٢٠) لەگەڵ ئەمريكا، هێزەكانى لە ئەفغانستان بكشێنێتەوە". هەروەها ئاماژەى بەوەش كرد، "بەپێچەوانەى ئەوە توركيا دەوڵەتێكى ئيسلامييە، لەگەڵ ئەفغانستان پەيوەندى مێژوويیان هەيە، هيوادارين ئەو پەيوەندييە باش و بەهێزە لە دروستكردنى حكومەتێكى نوێى ئيسلامى لە داهاتوو لە ئەفغانستان پێكەوەمان ببەستێتەوە".

هەر سەبارەت بە بەربەستەكان روحوڵا عومەر ئاماژەى بەوە كرد، "بەربەستێكى تر لەبەردەم توركيا وڵاتانى دراوسێى ئەفغانستانە، وەك ئێران و رووسيا و چين، ئەو وڵاتانە رازى نابن توركيا لە ئەفغانستان بمێنێتەوە،  بۆ ئەوەش لەوانەيە كار لەسەر هاوكاريكردنى تاڵيبان بكەن بۆ ئەوەى بەزەبرى هێز توركيا دەربكات، بەتايبەت رووسيا رازى نابێت وڵاتێكى ئەندامى ناتۆ هێزى سەربازى لە وڵاتێكى دراوسێى هەبێت".

حيكمەت چەتين وەزيرى دەرەوەى پێشووترى توركيا، كە نوێنەرى ناتۆ بوو لە ئەفغانستان رايگەياند، "مانەوەى هێزەكانى توركيا لە ئەفغانستان پەيوەستە بە رەزامەندى تاڵيبان، بەبێ ئەوە مەترسيەكانى مانەوەى كێشەى گەورە دروستدەكات، دەكرێت توركيا بە رێككەوتنى دوولايەنە دوور لە ناسنامەى نێودەوڵەتى دواى كشانەوەى هێزە دەرەكييەكان بچێتە ئەفغانستان". لە بەشێكى ترى قسەكانى چەتين ئاماژەى بەوە كردووە، "بەبێ رەزامەندى تاڵيبان توركيا رووبەڕووى مەترسى ئەمنى گەورە دەبێتەوە، كە توركيا پێويستى پێى نييە، بۆیە دەبێ رێكخراوەكانى وەك ناتۆ و نەتەوە يەكگرتووەكان پاڵپشتى توركيا بكەن".

سەبارەت بە كۆنگرەى ئاشتى بۆ ئەفغانستان كە بڕيار بوو (٢٤)ى مانگى نيسانى ئەمساڵ لە توركيا ببەسترێت، بەهۆى ئامادەنەبوونى تاڵيبان بۆ بەشداريكردن، كۆنگرەكە دواخرا، هەروەها لە پێناو خێراكردنى هەوڵەكانى گەيشتن بە رێككەوتنى نێوان تاڵيبان و حكومەتى ئەفغانستان، ئەمريكا بڕيارى داوە لە (١١) مانگى ئەيلوولى ئەمساڵ هێزەكانى بەتەواوى لەو وڵاتە بكشێنێتەوە، بزووتنەوەى تاڵيبانيش رەتيكردۆتەوە بەر لە كشانەوەى هێزە بيانييەكان، ئامادەى هيچ كۆبوونەوەيەك بێت.

 

ترسى توركيا لە هاتنى شەپۆلى پەنابەران

توركيا پێى وايە بەمانەوەى لە فغانستان دەتوانێ بەشداربێت لە چارەسەركردنى زۆربەى ئەو كێشانەى كە رووبەڕووى ناوچەكە بۆتەوە، گرنگتريتن ئەو كێشانەى بەردەوام روو لە ئەفغانستان دەكەن، كە لەوانەيە لە رۆژانى داهاتوو زياتر بێت، بەتايبەت توركيا پێشوازى لە هەزاران پەنابەرى ئەفغانستان دەكات، كە لەرێگەى ئێرانەوە روويان لە توركيا كردووە، هەندێكيان لە توركيا دەمێننەوە، هەندێكيان روو لە ئەوروپا دەكەن.

بۆ ئەو مەبەستەش مەولوود چاوشئۆغلۆى وەزيرى دەرەوەى توركيا داواى هاوكارى نێودەوڵەتى كرد، بۆ چارەسەكردنى مەترسييەكانى ئەگەرى شەپۆلى پەنابەرانى ئەفغانستان.

ئۆغلۆ گوتى،"راپۆرتەكان ئاماژە بە ئەگەرى شەپۆلى پەنابەرانى ئەفغانى دەكەن، لە ئەنجامى ئەو دۆخە تازەى رووبەڕووى وڵاتەكەيان بۆتەوە، ئێمە هەوڵدەدەين هەماهەنگى لەگەڵ وڵاتانى ئەو ناوچەيە بكەين، كە بۆ ئەو پرسە مەترسى رژديان هەيە".

هەروەها روونيكردەوە، "توركيا و يەكێتى ئەوروپا گيرۆدەى شەپۆلى پەنابەرانن، هەموويان دەبەست ئەو قەيرانەوە دەناڵێنن، چ ئەو وڵاتانەى پێيدا دەپەڕنەوە، چ ئەو وڵاتانەى رووى تێدەكەن".

هەروەها لەبەشێكى ترى قسەكانى ئاماژەى بەوەكرد، "چارەسەكردنى ئەو ئالنگەرييە هاوبەشە، بەتايبەت لەگەڵ يەكێتى ئەوروپا دەبێت، كە لەلايەنى ئايدياڵى پێويستە تواناى چارەسەكردنى ئەو كێشەيەمان لەو وڵاتەى سەرچاوەى لێوەگرتووە هەبێت، دەتوانين لە ئەفغانستان چى بكەين؟ بەلایەنى كەم دەتوانين هاوكارى گەشەكردنى ئابوورى ئەو وڵاتە بكەين".

دكتۆر كۆرشاد زۆرلۆ لە لێدوانێكى بۆ (نون پۆست) گوتى، "دروستكردنى پەيوەنديەكى بەهێز لەگەڵ ئەفغانستان ئامانجێكە توركيا پێويستى پێيەتى، هەروەك پێويستە توركيا بەردەوام پاڵپشتى ئاشتى و ئارامى گەلى ئەفغانستان بكات، لە لايەكى تريشەوە ئەو رێككەوتنە ئەگەرى ئەوەى هەيە توركيا لە داهاتوو هەستى پێ بكات، ئەویش نەبوونى سەقامگيرى لەو وڵاتە دەبێتە هۆى قەيرانى نوێى پەنابەران".

بە پێشڕەوييەكانى تاڵيبان لە باكوورى ئەفغانستان، توركيا زيانمەندترين وڵات دەبێت، ئەو ناوچەيە لەڕووى مێژووى و رۆشنبيرييەوە بە توركيا بەستراوەتەوە، بۆيە مانەوەيان بە پارێزگاریکردن لايەنێكى گرنگى كاريگەرى رۆشنبيرى توركيا لەو ناوچەيە دادەنرێت".

وەک پێشتر باسمان كرد، پەيوەندى نێوان توركيا و ئەفغانستان كۆن و بەهێزە، بەر لە ماوەيەكى كەم هەردوولا يادى (١٠٠) ساڵەى پەيوەنديەكانى نێوانيان كردەوە، هەروەك دكتۆر عەلى باكير ئاماژەى بەوە كرد توركيا وڵاتێكى مسوڵمانە ناوبانگێكى باشى لە ئەفغانستان هەيە، دەتوانێت رۆڵ ببينێت لە دۆسيەى ئەفغانستان.

هەرچەندە دۆسيەى ئەفغانستان زۆر ئاڵۆزە، پەيوەستە بە چەند وڵاتێكى ناوچەيى و نێودەوڵەتى، سەرەڕاى بەريەكکەوتنى بەرژەوەندييە ناوخۆييەكانى ئەفغانستان، توركيا تواناى زياترى نييە بۆ بەڕێوەبردنى ئەو دۆسيەيە، بەڵام ميكانزمى شايستەى هەيە بۆ بەڕێوەبردنى ئەو دۆسيەيە، بە رەزامەندى وڵاتانى ترى لەوانە پاكستان، کە ئەگەر لەو كارەى سەركەوتوو بێت، رۆڵى گەورە دەبينێت.

تەمام ئەبوو خەير

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین