سكاى نیوز ورده‌كاریى ناوبژیوانى به‌رهه‌م ساڵح له‌گه‌ڵ هاوسه‌رۆكه‌كانى یه‌كێتى بڵاوده‌كاته‌وه‌ کوردستانی

نوچه‌نێت

ماڵپه‌رى سكاى نیوزى عه‌ره‌بى له‌ راپۆرتێكدا باس له‌ ململانێى هاوسه‌رۆكه‌كانى یه‌كێتى و هه‌وڵه‌كانى به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمار بۆ ناوبژیوانى ده‌كات و ده‌ڵێ، "ته‌نیا به‌وه‌ گه‌یشتووه‌ كه‌ داوایان لێ بكات دان به‌خۆ بگرن و ئه‌وانیش به‌ڵێنیان پێداوه‌".

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 11ى ته‌مووز ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى سكاى نیوزى عه‌ره‌بى، راپۆرتێكى له‌سه‌ر ململانێى هاوسه‌رۆكه‌كانى یه‌كێتى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، هه‌ندێك زانیاری له‌سه‌ر ناوبژیوانى به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق ئاشكرا ده‌كات.

راپۆرته‌كه‌ به‌و ناونیشانه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، "ململانێى خێزانى له‌سه‌ر رێبه‌رایه‌تى یه‌كێتیى نیشتمانىى كوردستان" دواتر باس له‌وه‌ ده‌كات كێشه‌كان له‌نێوان بافڵ تاڵه‌بانى و لاهور شێخ جه‌نگى به‌و ئاسته‌ گه‌یشتووه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى به‌كارهێنانى هێز له‌ دژى یه‌كتر ده‌كه‌ن.
سه‌باره‌ت به‌ هۆكارى كێشه‌كه‌، راپۆرته‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات بافڵ تاڵه‌بانى كۆمه‌ڵێك به‌رپرسى له‌ ده‌زگاى زانیارى و دژه‌ تیرۆر دوورخستووه‌ته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیانى ده‌ستگیركردووه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ لاهور شێخ جه‌نگییه‌وه‌ نزیكن، لاهوریش ئه‌و كه‌سانه‌ى بێ راوێژكردن له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانى به‌رداوه‌، بۆیه‌ كێشه‌كه‌ سه‌رى هه‌ڵداوه‌.

سكاى نیوز باس له‌وه‌ ده‌كات زۆر شت له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و میدیاكانى ناوخۆ بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تى ئه‌و حزبه‌ بێده‌نگى هه‌ڵبژاردووه‌ و له‌و كاته‌یشدا به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق به‌ ناوبژیوانى هه‌ڵساوه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كى نزیك له‌ به‌رهه‌م ساڵح له‌ راپۆرته‌كه‌ قسه‌ى كردووه‌ و گوتوویه‌تى، "له‌ ئه‌نجامه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان به‌رهه‌م ساڵح به‌وه‌ گه‌یشتووه‌ ئه‌وان دان به‌خۆیان بگرن و هه‌ردوو لا له‌ ئه‌گه‌رى به‌كارهێنانى چه‌ك و توندوتیژى بۆ چاره‌سه‌ركردنى ناكۆكییه‌كان دوور بن، ئه‌وانیش به‌ڵێنیان داوه‌ پابه‌ندى ئه‌و هه‌نگاوانه‌ بن".
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین