له‌سه‌ر کوردستان- عێراق

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

چه‌ند رۆژێكه‌ ده‌نگۆى تووڕه‌بوونى وه‌زیرى دارایى هه‌یه‌، ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانتارێكى یه‌كێتى ده‌ڵێ، "حكومڕانى یارى منداڵان نییه‌ تاكو زویر بن" سه‌رۆكى فڕاكسیۆنى پارتیش ده‌ڵێ، "تا ئێستا نیگه‌رانى وه‌زیرى دارایى به‌ ئێمه‌ نه‌گه‌یشتووه‌".

له‌دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى هه‌فته‌ى رابردووى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌نگۆى تووڕه‌بوونى ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیرى دارایى له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌یه‌. سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ نوچه‌نێتى راگه‌یاند، وه‌ك تێبینى ده‌كرێت وه‌زاره‌تى دارایى هیچ راگه‌یێندراوێكى نوێى بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت رۆژى پێنجشه‌ممه‌ كه‌ رۆژى حیسابى شه‌ش مانگه‌ى بانكه‌كان بوو ده‌بووایه‌ وه‌زاره‌ت روونكردنه‌وه‌ بدات، كه‌چى نه‌یداوه‌.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى ئایا وه‌زیرى دارایى زویر و نیگه‌ران بووه‌، باڵانبۆ محه‌مه‌د په‌رله‌مانتارى یه‌كێتى له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت گوتى، "حکومڕانی یاری منداڵان نییە تاکو زویر بن، دەبێ حکومەت ئەوە بزانێت کە ئەگەر گەورەترین کۆسپی بێتەڕێ دەبێت رەچاوی بەرژەوەندی هاووڵاتیان بکات. روونکردنەوە لەسەر چی دەدەن ئایا لەسەر شتێک کە نەخوازراوە یاخود لەسەر شتێک کە لەژێر دەسەڵاتی خۆیاندا نییە، حکومەتی هەرێم چەندان جار بەڵێنی بە هاووڵاتی داوە و بەڵێنەکانی ناباتە سەر، ئەمانە هەموو پەیوەندی بە ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیەکانەوە هەیە، هەموو دەستی تۆمەت بۆ یەك درێژ دەکەن".

سه‌باره‌ت به‌هه‌مان بابه‌ت زانا مه‌لا خالید سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان له‌ دیمانه‌یه‌كى كه‌ناڵى رووداو ده‌ڵێ، "وەزیری دارایی لە کۆبوونەوەکەی پەرلەمان سەرەڕای هەموو ئەو پرسیارانەی ئاراستەی کران، بە پشوو درێژییەوە وەڵامی پێویستی پەرلەمانتارانی دایەوە و هیچ نیگەرانییەکی نەبووە، تاوەکو ئێستاش لەسەر زاری وەزیری داریی یان وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستاندنەکان گوێبیستی نیگەرانی نەبووین. تاوەکو ئێستا هیچ نیگەرانییەک لەلایەن فراکسیۆنەکانی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ئێمە نەگەیشتووە، بەپێچەوانەوە هەردوو فراکسیۆنی پەرلەمانیان لەناو پەرلەمانی کوردستاندا گلەیی و رەخنەکانیان ئاراستەی وەزیرەکانی خۆیان بووە و بەر لە وەزیرەکانی بەشدار لەو دانیشتنە کە لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین