په‌رله‌مانتاران زۆرترین پێشیلكارییان له‌ به‌رانبه‌ر ده‌ستوور كردووه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

به‌گوێره‌ى لێدوانى چه‌ندان په‌رله‌مانتارى عێراقى، خودى په‌رله‌مانتاران زۆرترین پێشیلكاریى ده‌ستوور و په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانیان كردووه‌، له‌ ئه‌نجامى ئه‌و كاره‌شیان 60 یاسا له‌ په‌رله‌مان كه‌ڵه‌كه‌ بووه‌.

كۆى ژماره‌ى ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى عێراق 329 كه‌سه‌، كه‌چى به‌رِێژه‌ى 70% نائاماده‌بوونیان تۆماركراوه‌. ئه‌مه‌یش وا ده‌كات رۆژنامه‌یه‌ك خولى ئێستاى په‌رله‌مان به‌ خراپترین خول وه‌سف بكات.


به‌گوێره‌ى ئه‌و راپۆرته‌ رۆژنامه‌وانییانه‌ى بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، ته‌نیا یه‌كێك له‌ دانیشتنه‌كان 260 په‌رله‌مانتار ئاماده‌بووه‌، ئه‌گینا زۆربه‌ى دانیشتنه‌كان به‌ئاماده‌بوونى 170 په‌رله‌مانتار به‌ڕێوه‌چووه‌.

په‌رله‌مان به‌ره‌و خۆهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ ده‌چێ
كه‌چى تا ئێستا چه‌ندان په‌رله‌مانتار سوێندیان نه‌خواردووه‌

جیا له‌وه‌یش تا ئێستا چه‌ندان په‌رله‌مانتار سوێندى یاساییان نه‌خواردووه‌، دیارترینیان نوورى مالیكى و حه‌یده‌ر عه‌بادى و ئه‌سعه‌د عیدانى و راكان جبوورى-ين.

هه‌ندێك له‌ په‌رله‌مانتارانى تر ساڵێك زیاتره‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵاتن و تا ئێستا مووچه‌كانیان وه‌رده‌گرن.

به‌هار مه‌حموود ئه‌ندامى لیژنه‌ى یاسایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌ رۆژنامه‌ى سه‌باحى عێراقى گوتووه‌، هه‌ر په‌رله‌مانتارێك سێ جار به‌سه‌ر یه‌كتره‌وه‌، پێنج جار به‌ پچرِپچڕى له‌ دانیشتنه‌كان ئاماده‌ نه‌بێت، ئه‌وا ده‌بێت متمانه‌ى لێ وه‌ربگیرێته‌وه‌، كه‌چى تا ئێستا لێكۆڵینه‌وه‌ و لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هیچ په‌رله‌مانتارێك نه‌كراوه‌.

له‌راپۆرتێكى رۆژنامه‌ى "عه‌ره‌بى جه‌دید" باس له‌وه‌ كراوه‌، له‌ ئه‌نجامى ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌ى په‌رله‌مانتاران 60 پڕۆژه‌ یاسا كه‌ڵه‌كه‌بووه‌، كێشه‌یه‌كى تریش رووبه‌ڕووى په‌رله‌مان ده‌بێته‌وه‌، كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ خۆهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌یه‌.

بۆ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌، پێویسته‌ په‌رله‌مان خۆى هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌، بۆئه‌مه‌یش پێویستى به‌ ده‌نگى 220 په‌رله‌مانتار هه‌یه‌، له‌ ئێستاوه‌ مه‌ترسى ئاماده‌نه‌بوونى په‌رله‌مانتاران و ته‌واونه‌بوونى رێژه‌ى یاسایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق ده‌ركه‌وتووه‌.


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین