شاندێكى ئه‌منى هه‌رێم و وه‌زیرى ناوخۆى عێراق كۆبوونه‌وه‌ کوردستانی

نوچه‌نێت

وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراق رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ عوسمان غانمى وه‌زیرى ناوخۆى عێراق و شاندێكى باڵاى ئه‌منى هه‌رێمى كوردستان كۆبوونه‌ته‌وه‌ و تاوتوێى بابه‌تى پاراستنى سنووره‌كانیان كردووه‌ته‌وه‌.

نووسینگه‌ى وه‌زیرى ناوخۆى عێراق له‌ راگه‌یێندراوێكدا بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 17ى حوزه‌یران، له‌ به‌غدا عوسمان غانمى وه‌زیرى ناوخۆى عێراق پێشوازى له‌ شاندێكى باڵاى ئه‌منى هه‌رێمى كوردستان كردووه‌، كه‌ كۆمه‌ڵێك به‌رپرسى باڵاى په‌یوه‌ندیدار به‌ دۆسیه‌ى ئه‌منى تێدا بووه‌.

راگه‌یێندراوه‌كه‌ ناوى ئه‌ندامانى شانده‌كه‌ى هه‌رێمى نه‌هێناوه‌ و ته‌نیا ئاماژه‌ى به‌ ناوى جه‌بار یاوه‌ر ئه‌میندارى گشتى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ كردووه‌ .

له‌باره‌ى ئامانجى كۆبوونه‌وه‌كه‌یش راگه‌یێندراوه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات تاوتوێى دۆسیه‌ى پاراستنى سنووره‌كان كراوه‌، به‌ تایبه‌تى له‌و ناوچانه‌ى كه‌ به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ى هاوبه‌شه‌. دووپاتى ئه‌وه‌ش كراوه‌ته‌وه‌ هێزه‌كانى پاراستنى سنوورى هه‌رێمى كوردستان رۆڵى گرنگیان له‌ تێكشكاندنى داعش هه‌بووه‌.

له‌كۆتایى ساڵى رابردوودا حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى فیدڕاڵى دوو رێككه‌وتنیان له‌ بوارى ئه‌منى ئه‌نجام داوه‌ و یه‌كێكیان له‌ چوارچێوه‌ى رێككه‌وتنى شنگاله‌ و ئه‌ویتریان بۆ ناوچه‌ى كێشه‌له‌سه‌ره‌كانه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین