تورکیا لە دەروازەی ئابوورییەوە خۆی لە ئیدارەی بایدن نزیکدەکاتەوە
نوچهنێت
تورکیا هەوڵدەدات لە ڕێگای دەروازەی ئابووری و بازرگانییەوە مەیلی ئیدارەی نوێی ئەمریکا بەلای خۆیدا ڕابکێشێت، بەتایبەت دوای ئەوەی ئیدارەی بایدن ڕەتیکردەوە تورکیا وەک هاوبەشێکی متمانەپێکراو ببینێت، ئەوەش نیشانەی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە.
تورکیا بە باشی لە گرنگیی دۆسیەی ئابووری تێدەگات بە نیسبەت واشنتنەوە، بۆیە وەک هەوڵێک بۆ گۆڕینی ڕووانگەی بایدن لە بەرامبەر هەوڵەکانی تورکیا بۆ زاڵبوونی هەژموونی بەسەر ناوچەکەدا، کاری لەسەر دەکات، بەڵام وا دیارە ئەو هەوڵەی تورکیا هێشتا بەس نییە.
ئەوە بوو ئیسماعیل گیولا، سەرۆکی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا، ڕایگەیاند ئەنکەرە دەیەوێت ناوەندێکی لۆجستی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکاتەوە بۆ هاریکاریکردنی لە بەرزکردنەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوولا و وتی کە ئەو ناوەندە لۆجستییە ڕۆڵی دەبێت لە بەرجەستەکردنی ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئەنکەرە و واشنتن بۆ ١٠٠ ملیار دۆلار.
دەبێ بڵێین پەیوەندییەکانی نێوان سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەییب ئەردۆغان و سەرۆکی پێشووی ئەمریکا پێشکەوتنی گرنگی بەخۆوە بینی تا ئەو ڕادەیەی ترەمپ گڵۆپی سەوزی بۆ حکومەتی تورکیا هەڵکرد دەستێوەردان لە ژمارەیەک گۆڕەپاندا بکات جا لە لیبیا بێت، یان سووریا و ئەوەش هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی تووڕەکرد.
هەر لە سەردەمی ترەمپدا پەیوەندییە ئابوورییەکانی ئەمریکا و تورکیا پێشکەوتنی بە خۆوە بینی، ئەوە بوو ساڵی ٢٠١٨ هەردوولا ڕێککەوتن کاربکەن لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات بۆ ئاستی ١٠٠ ملیار دۆلاری ئەمریکی.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا، لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ دا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات گەیشتە ٢٠ ملیار و ٦٤٠ ملیۆن دۆلار.
بەڵام بە بۆچوونی چاودێران گرەوکردن تەنیا لەسەر لایەنی ئابووری بۆ کاریگەری دانان لەسەر سیاسەتی ئەمریکا، ڕێبازێکی هەڵەیە، نابێتەهۆی بەرەنجامی راستەقینە، چونکە ئیدارەی بایدن سوورە لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی فراوانخوازیەكانی تورکیا.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەنتۆنی بلینکن لە ئەنجوومەنی پیران و بەر لە وەرگرتنی متمانەی ئەنجوومەنەکە، رووانگەکانی خۆی خستەڕوو کە ئیدارەی نوێ بیانگرێتەبەر لە بەرامبەر تورکیا، لەوێدا تورکیای ئەندامی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)ی وا وەسفکرد کە "گوایە هاوپەیمانی ئەمریکایە" ئاماژەشی بەوە کرد دەکرێت سزای زیاتر بەسەر تورکیادا بسەپێنرێن بەهۆی کڕینی سیستمی بەرگریی ڕووسی.
لە ١٤ی ئەیلوول و بەهۆی ئەوەی ئەنکەرە سیستمی بەرگریی ئێس٤٠٠ی ڕووسیی کڕی، ئەمریکا هەندێک سزای بە کردەیی بەسەر تورکیادا سەپاند، ئەوەش ئاڵۆزیی زیاتری خستە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
ئەو هەڵوێستە توندانەی ئەمریکا بەرامبەر تورکیا، گۆڕانێکی بچووکی دروستکرد لە هەندێک سیاسەتەکانی ئەو وڵاتە لە هەمبەر یەکێتیی ئەوروپا و یۆنانی دراوسێ و بە دیاریکراوی لە دۆسیەی بەدواداگەڕانی سامانە سروشتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.
ئیدی تورکیا بواری مانۆڕکردنی لە ژمارەیەک دۆسیەدا نەماوە، لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەو پەردەپۆشییە سیاسییەی دۆناڵد ترەمپ بۆی دروستکردبوو.
لای خۆیەوە تورکیا بەردەوامە لەسەر کڕینی سیستمی بەرگریی ڕووسی و ئەوەش زۆر لە ناوەندەکانی بڕیاری واشنتنی نیگەران کردووە.
هەروەک پەیوەندیی تاکەکەسی نێوان سەرۆکی تورکیا و بایدن زۆر ئاڵۆزە، بەجۆرێک سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار ئەردۆغانی وا ناوبردووە کە سەرکوتکەرە و دژە دیموکراسییە.
چاودێران وایدەبینن کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا ناتوانێت ڕوانگەی خۆی بەرامبەر تورکیا بگۆڕێت، تا ئەوکاتەی تورکیا بە تەواوی ڕەوت و سیاسەتی خۆی لە ناوچەکەدا دەگۆڕێت و پابەند دەبێت بە بڕیارە نێودەوڵەتییەکانەوە.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment