دەرفەتەکەی سەرۆکی پەرلەمان تەواو بوو هێشتا حکومەت بێ وەڵامە کوردستانی

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان هەفتەیەک دەرفەتی بە حکومەت دابوو بۆ ئەوەی روونکردنەوە لەسەر کێشەی مووچە بدات، بەڵام دەرفەتەکە تەواو بوو هێشتا حکومەت وەڵامی نییە و سەرۆکی لیژنەی دارایش لە پەرلەمان دەڵێ، "هۆکاره‌كه‌ سەفەری وەزیرەکان بوو، بەڵام هەفتەی داهاتوو ئەم دانیشتنە دەکرێت".

رۆژی دووی ئەم مانگە بڕیاربوو دانیشتنێکی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەڵام رۆژێك بەر لەوادەی دانیشتنەکە د. رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە ئەکاونتی خۆی لە فەیسبووك روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووە و دانیشتنە چاوەڕوانکراوەکەی بەبێ ئامانج وەسف کرد.

هەر لە هەمان روونکردنەوە سەرۆکی پەرلەمان هەفتەیەك دەرفەتی بە حکومەت دا بۆ ئەوەی روونکردنەوە لەسەر کێشەکانی مووچە بدات.  لە دەقی روونكردنه‌وه‌كه‌ى رێواز فایەق هاتبوو، "ئێمە جارێک زیاتر داوای ئامادەبونی حکومەتمان کردووە، بەڵام وەڵامی ئیجابیمان وەرنەگرتووە، بۆیە 56 پەرلەمانتار داوایەکیان پێشکەشکردوە کە دانیشتن بکرێت بەبێ ئامادەبونی حکومەتیش لەبەرامبەردا 65 پەرلەمانتار یاداشتێکیان ئامادەکردووە و دەیانەوێت حکومەت ئامادە بێت بۆ ئەوەی باسی مووچە بکرێت".

له‌ به‌شێكى روونكردنه‌وه‌كه‌ى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان ئاشكراى كردبوو، كه‌ ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌ك ده‌رفه‌تیان به‌ حكومه‌ت داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى روونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر مووچه‌ بدات، د.رێواز فایه‌ق گوتى، "ماوەی هەفتەیەکمان داوە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێمانباشە ئامادەی ئەو کۆبوونەوەیە ببن، پێمان بڵێن هۆکارەکانی دواکەوتن و لێبڕینی مووچە چین ، لەسەر ئەو بنەمایە قسەی خۆمان بکەین، لە نێوان 2ی حوزەیران و 10ی حوزەیراندا کە ئەو بابەتە لە ساڵی 2014ەوە هەیە هیچ روونادات".

وه‌ك تێبینى ده‌كرێت ماوه‌كه‌ى سه‌رۆكى په‌رله‌مان ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 10ى حوزه‌یران ته‌واو ده‌بێت، به‌ڵام تا ئێستا واده‌ى هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى په‌رله‌مان حكومه‌ت له‌سه‌ر مووچه‌ دیار نییه‌.

زیاد جەبار، سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابووری لە لێدوانێکی بۆ نوچەنێت گووتی، " هەروەک دیارە ئەم هەفتەیە بەشێك لە وەزیرەکان لەگەڵ سەرۆکی حکومەت لە دەرەوەی وڵات بوون و بەشێکی تریشیان لە بەغداد بوون، داوای ئەوەیان کرد کە هەفتەی داهاتوو دانیشتن بکرێت و حکومەت لە پەرلەمان ئامادە بێت. ئەو وەزیرانەی کە تایبەتمەندن بێن پەرلەمان و روونکردنەوە بدەن."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین