ئه‌گه‌ر ره‌ئیسى ببێته‌ سه‌رۆك كۆمارى ئێران وڵاتان پێشوازى لێ ناكه‌ن وەرگێڕان

نوچه‌نێت

"ئیبراهیم رەئیسی"، کاندیدی سەرۆک کۆماریی و سەرۆکی ئێستای دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی، یەکێکە لەو کەسانەی لە کوشتن و لەسێدارەدانی نایاسایی و سەرەڕۆیانەی هاوینی ساڵی ١٩٨٨دا دەستی هەبووە. بەپێی یاسای سزادانی نێودەوڵەتی، ڕەئیسی بە جدی گومانی "تاوان لە دژی مرۆڤایەتی" لە سەرە کە گەورەترین تاوانی نێودەوڵەتی بە هەژمار دێت. ئایا ئەگەر ڕەئیسی ببێتە براوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ساڵی ١٤٠٠، یەکەمین سەرۆک کۆماری داواکراوی ئێران دەبێت؟

ئەمڕۆ یەکشەممە ٣٠ ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ئێران ڤایەر" هەوڵی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی سەرەوەی داوە و لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە: تاوان لە دژی مرۆڤایەتی بە واتای کوشتنی کەسانێکی زۆر، ئەشکەنجەدان و کردەوە بێبەزەییانەکانی ترە کە لە دژی مرۆڤ ئەنجام دەدرێن و بە دابەزاندنی شکۆی مرۆڤ، پێگە و پلەوپایەی پێشێل دەکات. ئەو تاوانە لەپاڵ جینۆساید، تاوانی جەنگیی و دەستدرێژی سەربازیی، گەورەترین تاوانە نێودەوڵەتییەکانن. کوشتنی زیندانیان لە هاوینی ١٩٨٨ لە ئێراندا، لە کاتێکدا کە تەنانەت هەندێ لەو زیندانیانە ماوەی زیندانەکەیان بەسەرچوو بوو و لە بەرەبەرەی ئازادبووندا بوون، نموونەی تاوان لە دژی مرۆڤایەتیە.

به‌هێزترین كاندیدى سه‌رۆكایه‌تى ئێران
تۆمه‌تى كوشتنى زیندانیانى له‌سه‌ره‌
 



ئایەتۆڵا "خومەینی" لەو ساڵەدا مۆڵەتی بە چوار کەس واتە "حسێن عەلی نەیێری" حاکمی شەرعی ئەوکات، "مورتەزا ئەشراقی" دادوەری ئەوکاتی تاران، "مستەفا پور محەمەدی" نوێنەری ئەو کاتی وەزارەتی ئیتلاعات [دەزگای هەواڵگریی] لە زیندانی ئەوین و "ئیبراهیم ڕەئیسی" جێگری ئەوکاتی دادوەری گشتیی ئێران دا بۆ ئەوەی ئەو زیندانییە سیاسییانە کە هێشتا بڕوایان بە مەرام و سیاسەتەکانی گرووپ و حیزبەکانیان بوو، پاکتاو بکەن. ئەو چوارکەسە دواتر بە "لیژنەی مەرگ" ناسران. لە مانگەکانی تەمووز و ئابی ئەو ساڵەدا هەزاران زیندانی سیاسیی دوای لێپرسینەوەی چەند خولەکی لە سێدارە دران و لە گۆڕە بەکۆمەڵە بێ ناوونیشانەکاندا بنگڵ خران. 
هەر یەک لەو ئەندامانەی لیژنەی مەرگ، لە سێ دەیەی ڕابردوودا گەیشتوونەتە پلەی باڵای حکومەتی. تا ئێستا بەڵگەی زۆر بە دەستەوەن کە ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی ئێستای دەزگای داد، دەتوانێ ببێتە سەرۆک کۆماری داهاتووی کۆماری ئیسلامیی. 
تاوان لە دژی مرۆڤایەتی لەو جۆرە تاوانانەیە کە وڵاتانی تر دەسەڵاتیان هەیە دەستێوەردان بکەن، واتە هەر دەوڵەتێک دەتوانێت ئەو کەسەی کە تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی تاوان لە دژی مرۆڤایەتی یان دۆخێکی وەک ئیبراهیم ڕەئیسی هەیە و بە جدی گومانی لەسەرە، لە ناو سنوورەکانی وڵاتی خۆیدا دەستبەسەر بکات و ڕادەستی دادگای بکات. لە ئێستادا "حەمید نوری"، هاووڵاتی کۆماری ئیسلامیی، هەر بەو تۆمەتە لە سوید زیندانی کراوە و چاوەڕوانی لێپرسینەوە و بەڕێوەچوونی دادگایە.

بەڵام ئەگەر ڕەئیسی ببێتە سەرۆک کۆماری ئێران، بەو دۆسیەوە چ داهاتوویەکی دەبێت؟ بە شێوەی ئۆتۆماتیک سەرۆک کۆمارەکان، سەرۆک وەزیران، ڕابەران، پاشاکان و ئەو کەسانەی بەرپرسی سەرەکی وڵات بە هەژمار دێن، لە ڕووی سیاسییەوە پارێزراو دەبن. واتە ناکرێت لە وڵاتێکی تردا دەستبەسەر بکرێن، بەڵام حاڵەتێکی جیاوازیش هەیە. ئەگەر دادگایەکی نێودەوڵەتی وەک دادگای دادی نێودەوڵەتی لاها بۆ دەستبەسەرکردنی کەسێک کە گومانی تاوان لە دژی مرۆڤایەتی لێ دەکرێت یان تاوانبارە بە ئەنجامدانی ئەو تاوانە، بڕیار بدات، ئیتر مافی پارێزراوی سیاسیی نامێنێت و هەر دەوڵەتێک بیەوێت دەتوانێ تاوانبار یان گومانلێکراو دەستبەسەر بکات و ڕادەستی دادگای بکات. 
دەستگیرکردنی ئەو جۆرە کەسانە  دوای دامەزراندنی دادگایەکی نێودەوڵەتی، وەک دادگای لێپرسینەوە لە تاوانە جەنگییەکانی یوگسلاڤیای پێشوو یان دادگای لێپرسینەوە لە دۆخی لوبنان لە دۆسیەی تیرۆری "ڕەفیق حەریری"، دەکرێ ئەنجام بدرێ. ئەو جۆرە دادگایە بۆ لێپرسینەوە سەبارەت بە دۆسیەی تاوانەکانی هاوینی ١٩٨٨ تا ئێستا دانەمەزراوە، بەڵام ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەسەڵاتی ئەوەی هەیە فەرمانی دامەزراندنی ئەو دادگایە بدات و ئەگەر ئەندامانێک وەک چین و ڕووسیا ڤیتۆی نەکەن، زەمینە بۆ داواکردنی نێودەوڵەتی تۆمەتباران و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە فەراهەم دەبێت. 
لە ئێستادا لە دژی ڕەئیسی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا حوکمی دەستبەسەرکران نەدراوە و دادگای دادی نێودەوڵەتیش ناتوانێت ئەو حوکمە بدات، چونکە کاتی ڕوودانی تاوانەکانی ١٩٨٨ پێش دامەزراندنی ئەو دادگایە بووە و بەپێی ئەساسنامەی ئەو دادگایە، لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە سەبارەت بەو تاوانانە لە پێش دامەزراندنی ئەنجام دراون، لە دەسەڵاتی ئەو دادگایە نییە. لە لایەکی تریشەوە، کۆماری ئیسلامی ئەندامی ئەو دادگایە نییە کە داوای لێبکرێ کەسێکی وەک ڕەئیسی ڕادەست بکات، بەڵام ئەوە هەموو ئەگەرەکانی جێبەجێکردنی دادپەروەری سەبارەت بە دۆسیەی هاوینی ١٩٨٨ نین. 
دۆسیەی کوشتن و لە سێدارەدانی نایاسایی ئەو ساڵە بە هۆی هەڵەیەکی تەکنیکی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دانەخراو و هەر وا بە کراوەیى ماوەتەوە. کۆماری ئیسلامیی بە درێژەدان بە ئازار و ئەشکەنجەی بنەماڵەی قوربانیانی ئەو تاوانە و تێکدانی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی لە سێدارەدراوان، تا ئێستاش تاوانی دژە مرۆڤایەتی سەبارەت بەو دۆسیە درێژە پێداوە. بە واتایەکی تر، لە سێ دەیەی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامیی بە مەبەستی لەناوبردنی شوێنەوارەکانی ئەو تاوانە هەندێ کاری ئەنجام داوە کە ئەنجامەکەیان پێچەوانەی ئامانجە سەرەکییەکە بووە و ئەو دۆسیەیەی لە مەندی و ڕاوەستاوی دەرهێناوە و مەسەلەکانی پەیوەندیدار بەو دۆسیەیە نوێ و زیندوو هێشتووەتەوە. 
دۆسیەی تاوانەکانی هاوینی ١٩٨٨ لە ڕووی یاساییەوە هێشتا کراوەیە و تاوانی نوێتری پێ زیاد بووە کە هێدی هێدی دەرفەتی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕەخساندووە داوای تۆمەتباران و گومانلێکراوانی ئەو تاوانە بکەن. دەستەیەک لە شارەزایانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی ڕابردوو نامەیەکیان بۆ کۆماری ئیسلامیی نارد و داوای وەڵامدانەوەیان کرد سەبارەت بە لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەو دۆسیەیە. لەو نامەیەدا گووتراوە کۆمەڵکوژیی هاوینی ١٩٨٨ دەتوانێ وەک تاوانێک لە دژی مرۆڤایەتی بێت. 

ئه‌گه‌ر سه‌رۆكى داهاتووى ئێران ره‌ئیسى بێت
ئه‌وا بارودۆخى له‌ ئه‌حمه‌دى نه‌ژاد باشتر نابێت
 


لە هەڵوێستێکی نوێتردا، دوای ناردنی ئەو نامەیە بۆ کۆماری ئیسلامیی، زیاتر لە ١٥٠ شارەزای نێودەوڵەتی بواری یاسا و مافەکانی مرۆڤ کە لە ناویاندا "مێری ڕابینسۆن"، بەرپرسی پێشووی کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و "مارک مالوک" جێگری پێشووی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نامەیەکدا بۆ ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە کۆمەڵکوژیی ساڵی ١٩٨٨ی زیندانیانی سیاسیی ئێرانیان کرد. 
هەم هەڵوێستەکانی سێ دەیەی ڕابردووی کۆماری ئیسلامیی، هەم سکاڵا و دادخوازی بنەماڵەی قوربانیان و هەم لەم دواییانەدا ڕوانگەی شارەزایانی نێودەوڵەتی، ئەو دۆسیەیە زیندوو کردووەتەوە. ئەگەر ئیبراهیم ڕەئیسی ببێتە سەرۆک کۆمار، گرنگی جێبەجێکردنی دادپەروەری لە پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵکوژیەکەی ١٩٨٨ بە شێوەیەکی بەربڵاوتر لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەکەوێتە بەر باس. 
تا ئەو کاتەی کە ڕەنگە بڕیارێکی نێودەوڵەتی بدرێت و لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکان دەربارەی ئەو کوشتارە و داواکاری نێودەوڵەتی گومانلێکراوان و تۆمەتبارانی ئەو دۆسیە بگاتە ئەنجام، ڕەنگە ئیبراهیم ڕەئیسی بە کەڵکوەرگرتن لە مافی پارێزراویی سیاسیی لە گەشتەکانی خۆی بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا، دەستبەسەر نەکرێت، بەڵام ئەو دۆخە بە واتای ئەوە نییە سەردەمی سەرۆک کۆمارییەکەی ئاسان و بێ کێشەی دەبێت. ئەگەر دەوڵەتێکی ئەوروپی ئەنجامە سیاسییەکانی  لە ئەستۆ بگرێت و میوانداری لێ بکات، ڕەنگە هەموو جارێک پرسی تاوانەکە کاریگەری لەسەر گەشتەکە بکات، چونکە ناوی ڕەئیسی گرێدراوی ئەو دۆسیەیە. حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێستای ئێران، لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٧دا گوتی ڕەئیسی هیچ کارێک نازانێت جگە لە لەسێدارەدان. 
لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی مەحموود ئەحمەدی نەژاد، دۆسیەی تاوانیش لە ئارادا نەبوو و تەنیا حاشای لەوە کردبوو کە جووەکان لە لایەن نازییەکانی ئەڵمانیاوە کوژرابن، بەو حاڵەش هیچ دەوڵەتێکی ئەوروپی ئامادە نەبوو میوانداری لێ بکات. ئەگەر ڕەئیسی ببێتە سەرۆک کۆمار، دوورە دۆخی باشتر لە ئەحمەدی نەژاد بێت. 
دۆسیەی تاوانەکانی هاوینی ١٩٨٨ قۆناغە سەرەتاییەکان دەبڕێت بۆ ئەوەی ببێتە دۆسیەیێکی نێودەوڵەتی و ئەگەر یەکێک لە تۆمەتبارانی ئەو دۆسیە ببێتە سەرۆک کۆمار ئەو ڕەوتە خێراتر دەکاتەوە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین