فه‌رمانبه‌رانى لۆكهید مارتنى ئه‌مریكى له‌ به‌له‌د ده‌كشێنه‌وه‌ و ره‌وانه‌ى هه‌ولێر ده‌كرێن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

كۆمپانیاى لۆكهید مارتنى ئه‌مریكى كه‌ له‌ بنكه‌ى ئاسمانى به‌له‌د كارى چاككردنه‌وه‌ى فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى عێراق ده‌كات، به‌ هۆكارى ئه‌منى بڕیارى كشانه‌وه‌ى تیمى فه‌رمانبه‌رانى دا و به‌شێكیان ره‌وانه‌ى هه‌ولێر ده‌كات.

ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى حوڕه‌ى ئه‌مریكى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 11ى ئایار له‌ راپۆرتێكدا باس له‌ كشانه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌رانى كۆمپانیاى لۆكهید مارتنى ئه‌مریكى له‌ بنكه‌ى ئاسمانى به‌له‌دى عێراق ده‌كات.

له‌ راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ به‌ راگه‌یێندراوێكى جوزیف لاماركا ده‌كات كه‌ به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌كانه‌ له‌ كۆمپانیاى لۆكهید مارتن.  لاماركا ده‌ڵێ، "به‌ هاوئاهه‌نگى له‌گه‌ڵ حكومه‌تى ئه‌مریكى و به‌و پێیه‌ى سه‌لامه‌تى فه‌رمانبه‌رانمان له‌ پێشینه‌ى كاره‌كانمانه‌، لۆكهید مارتن تیمى فڕۆكه‌ى ئێف-16 له‌ عێراق ده‌كێشێته‌وه‌". له‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ نه‌كراوه‌ ره‌وانه‌ى كوێ ده‌كرێن.

به‌ڵام به‌رپرسێكى عێراقى به‌ رۆژنامه‌ى نیویۆرك تایمزى ئه‌مریكى راگه‌یاندووه‌، كۆمپانیاكه‌ 70 فه‌رمانبه‌رى له‌ بنكه‌ى ئاسمانى به‌له‌د هه‌یه‌ و 50 كه‌سه‌یان ره‌وانه‌ى ئه‌مریكا ده‌كرێنه‌وه‌ و  20 فه‌رمانبه‌ریش ره‌وانه‌ى هه‌ولێر ده‌كرێن.

به‌رپرسێكى باڵاى وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ فه‌رمانبه‌ره‌كان به‌هۆى هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كانى سه‌ر بنكه‌كه‌ ده‌كشێنه‌وه‌ و هه‌وڵى عێراقیش به‌ رازیكردنى مانه‌وه‌یان شكستى هێناوه‌ و  ئه‌وان به‌ عێراقیان گوتووه‌، "دوو سێ مانگ ده‌ڕۆین و دواتر ئه‌گه‌ر ئاسایش هه‌بوو ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌".

عێراق له‌ ساڵى 2011  فڕۆكه‌ى ئێف-16ى له‌ ئه‌مریكا كڕیوه‌، ئه‌و تیمه‌ له‌ بنكه‌ى ئاسمانى به‌له‌د كارى چاككردنه‌وه‌ ده‌كه‌ن، به‌ كشانه‌وه‌ى ئه‌وانیش چاوه‌ڕوان ده‌كرێت هێزى ئاسمانى عێراق زیانى به‌ربكه‌وێت.

بنكه‌ى به‌له‌د له‌ پارێزگاى سه‌لاحه‌دین، یه‌كێكه‌ له‌و بنكانه‌ى كه‌ هه‌فتانه‌ له‌لایه‌ن میلیشیاكانه‌وه‌ هێرشیان ده‌كرێته‌سه‌ر و تا ئێستا حكومه‌تى عێراق نه‌یتوانیوه‌ جڵه‌وى ئه‌و میلیشیانه‌ بكات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین