میلیشیاكان ئاگربه‌ست ده‌شكێنن و هێرش ده‌كه‌نه‌وه‌ سه‌ر هێزه‌كانى ئه‌مریكا عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

حه‌وت گرووپى میلیشیایى عێراق ئه‌وانه‌ى سه‌ربه‌ ئێران ئاگربه‌ستن ده‌شكێنن و رایده‌گه‌ینن ده‌ست به‌ هێرشه‌ مووشه‌كانیان بۆ سه‌ر هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عێراق ده‌كه‌نه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 25ى ئادار حه‌وت گرووپى میلیشیایى كۆتایى به‌ ئاگربه‌سته‌كه‌یان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى ئه‌مریكا ده‌هێنن و رایده‌گه‌ینن ده‌ست به‌ هێره‌شه‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه‌.

ماڵپه‌ڕى شه‌فه‌ق نیوز له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار زانیارییه‌كانى وه‌رگرتووه‌ و ده‌ڵێ ئه‌و حه‌وت هێزه‌ میلیشیایه‌ خۆیان به‌ "به‌رگریى عێراقى" ده‌ناسێنن و دواى ئه‌وه‌ى له‌ 10ى تشرینى یه‌كه‌مى رابردوو رایانگه‌یاندبوو كه‌ هێرشه‌كانیان دژى هێزه‌كانى بیانى و ئه‌مریكا له‌ عێراق راده‌گرن. ئه‌وا جارێكى تر ده‌ست به‌ هێرشه‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه‌.

ماڵپه‌ڕى شه‌فه‌ق نیوز به‌ دڵنیایى نازانێ ئه‌و حه‌وت میلیشیایه‌ كامانه‌ن بۆیه‌ ته‌نیا ناوى سێ هێز ده‌هێنێ ئه‌وانیش عه‌سائیبى ئه‌هل حه‌ق و كه‌تیبه‌كانى حزبوڵا و بزووتنه‌وه‌ى نوجه‌بایه‌.

له‌ مانگى ئۆكتۆبه‌ر كاتێك ئه‌مریكا دواى توندبوونى هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ى داخستنى باڵیۆزخانه‌كه‌ى له‌ عێراق كرد، به‌ فشارى ئیسماعیل قائانى سه‌ركرده‌ى فه‌یله‌ق قودسى سه‌ربه‌ سوپاى پاسدارانى ئێران، میلیشیاكان ئاگربه‌ستیان راگه‌یاند. گوایه‌ ده‌رفه‌تێك به‌ ئه‌مریكا ده‌ده‌ن تا هێزه‌كانى بكێشێته‌وه‌ و هه‌روه‌ها نایانه‌وێ له‌دوایین رۆژى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى بیانوویه‌ك بده‌ن ده‌ست دۆناڵد تره‌مپى سه‌رۆكى پێشووى ئه‌مریكا نه‌وه‌ك له‌ وه‌ڵامدا زه‌برێك بوه‌شێنێ.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین