چەمکی یەکسانی و نایەکسانی  تێشووی خەباتی ژنانە بیروڕا

ڕاز ئەسعەد

نووسەر و بیرمەندی گەورەی عەرەب میخائیل نعێمە لە کتێبی (زاد المعاد)دا دەڵێت: (... ئەوە وەهمە کە پیاو ئازادە و ژن کۆیلەیە، هەر یەکێکیان لە دیدگای منەوە، مادام بەستراوە بەویترەوە، ئازادە بە ئازادی هاوڕێکەی و بەندەیە بە بەندێتی ئەو. ئایا پێتانوایە پاسەوانی بەندیخانە ئازادترە لە بەندکراوەکەی؟ نا ئەویش وەک ئەو بەندکراوە با کۆت و زنجیریش نەکرابێت، یان پێتانوایە نابینایەک کە چاوساغێکی لەگەڵدایە بە نابینایی دەمێنێتەوە؟ ئەو بینایی لە چاوی هاوڕێکەیەوە وەردەگرێت، با ڕۆشناییش لە چاوەکانی خۆیدا نەبێت. ئەگەر پیاو ئازاد بوایە ژن پێویستی بەوە نەبوو داوای ئازادی لێبکات، چونکە کەسی ئازاد، ئازادی کەس داگیرناکات، ئەوەی دەستی لە ئازادی گیر ببێت، هیچ کارێکی نامێنێت جگە لە ڕێ نیشاندانی کەسانی دیکە بۆ ئازادی، ئەوەشی وابزانێت ئازادی ئەوانی دیکەی لە چنگدایە، ئەگەر دەستی بکەنەوە دەبینن تەنیا کۆتەکانی کۆیلایەتی تێدایە، ئەو کۆتانە ئەو ئازادیەن کە ژنان بەتەمان لەدەستی پیاوانی بفڕێنن؟...)

ئەم بۆچوونە تەواوی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەگرێتەوە، هەر کاتێک خودی پیاو ئازاد بێت، ئازادی ژنانیش فەراهەمدەبێت، تووندوتیژی و نایەکسانی هیچ نییە جگە لە کاردانەوەی پیاو بۆ ئەو نا ئازادییەی خۆی گرفتاریەتی، تا کۆمەڵگاش بەرەو پێشتر بچێت کۆتوبەندەکانی سەر پیاوانیش زیاتر دەبن.

لێرەوە دەکرێت چاوێک بە دروشمی یەکسانی نێوان هەردوو ڕەگەزدا بخشێنین، ئایا یەکسانی ئامانجە یان هۆکارە بۆ گەیشتن بە ئامانج؟

دوای چەندین ساڵی دوورودرێژ لە خەبات و تێکۆشانی ژنان بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی، ئێستا چی بەرهەمهاتووە، ئایا یەکسانی بەدەستهاتووە یان هێشتا لە سەرەتاداین؟ دروشمی یەکسانی چەند ساڵێکە کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە و پێناسەکانی پێشووتر لەگەڵ دەرهاویشتە نوێیەکاندا نایەنەوە، بۆیە چەندین بۆچوونی نوێ لەم ڕووەوە دەرکەوتوون.

جێی خۆیەتی لێرە بەدواوە هەڵسەنگاندنێکی جددیی دوور لە پێداهەڵگوتن بۆ خەباتی ژنان لەم هەرێمەدا بکرێت، کە لە ماوەی ٣٥ ساڵی ڕابردوودا ئازادانە کاری لەسەر کراوە، تێکۆشان هەر ئەوە نییە لە ڕێکخراوەکانی ژناندا کار بکرێت، لەوەش گرنگتر هەڵسەنگاندنی کارەکانی پێشووترە لەلایەن کەسانی پسپۆڕ و شارەزاوە، تا بزانرێت تا چ ئاستێک کۆمەڵگای گۆڕیوە و تا چ ڕادەیەک توانیویەتی دروشمە هاوبەشەکەی ژنان، کە یەکسانییە، لە کۆمەڵگای کوردیدا بەرجەستە بکرێت.

هیچ کاتێک هەڵسەنگاندن ڕەخنە نییە، هەرچەندە ڕەخنەش بۆ دروستبوون و بەهێزکردنە و لە کاری هیچ ڕێکخراو و دامەزراوەیەکیش کەم ناکاتەوە، لەم هەرێمەدا چەندین ڕێکخراوی ژنان بە بودجەی زەبەلاحەوە لە ماوەی ڕابردوودا کاریان بۆ ئازادی و یەکسانیی جێندەریی کردووە، بەڵام ئەنجامەکەی ئەوەیە کە دەیبینین، کە زۆر بە ئاشکرا دیارە ئێمە لە کۆمەڵگایەکداین هێشتا قۆناغی ژنکوژی تێنەپەڕاندووە، چ جای یەکسانی، ئەگەر بە داتاکاندا بچینەوە بە ئاشکرا دەردەکەوێت کە ژنکوشتن لەم ٣٥ ساڵەدا زیادی کردووە لە چاو پێش ئەو قۆناغە، ئەمەش بەڵگەیە لە بێ ئەنجامی ئەو شێوازی خەباتە.

یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی خەباتی ڕێکخراوەکانی ژنان لەم وڵاتەی ئێمەدا ئەوەیە هێشتا نەبووەتە خەباتی ژنانە، بەڵکو خەباتی ژنانەیە بۆ ئایدیۆلۆجیایەکی دیاریکراو، بە واتایەکی دیکە ڕێکخراوەکان هەر یەکەو ئۆرگانی حیزبێکی دیاریکراون، خەباتەکەیان تەنیا بۆ پێشخستنی حیزبەکانە، نەک یەکسانیی ژنان و نەهێشتنی جیاکاری جێندەریی، باشترین بەڵگەش ئەوەیە کە هێشتا نەبینراوە ڕێکخراوێکی ژنان دژ بە بڕیارێکی حیزبەکەی خۆی  وەستابێتەوە، لە کاتێکدا کەس نییە نەزانێت حیزبەکانی ئەم وڵاتە تەواو پیاوسالارین و تەنیا یەک حیزبیش نییە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە جیاتی ژنان بەرەو ڕووی ژنکوژێک وەستابێتەوە، بە پێچەوانەوە ژنکوژەکانیشیان پاراستووە.

لە وڵاتی ئێمەشدا، وەک هەموو دنیا، بەداخەوە ڕەوشی یەکسانی بەرەو دواوە دێتەوە، کۆمەڵگای ئێمەش هێشتا لە سەرەتادایە و دیاردەکانی ئێستا ڕیشەی سەدان و بگرە هەزاران ساڵەیان هەیە، ژنان ئازادن هەڵگری هەر بیروباوەڕێکی سیاسی و حیزبی بن، بەڵام ئێستا لە هەموو کات پێویستترە ڕەوتی خەباتی ژنانە لە دەرەوەی حیزبەکاندا دروست ببێت، هەر ڕیکخراوێکی ژنانە سەر بە هەر حیزب و دەزگایەکی پیاوانە بێت، ناکرێت هیوای ئەوەی لەسەر هەڵبچنرێت، کە خەبات بۆ ژنان دەکات، بەڵکو بزانێت یان نەزانێت خەباتەکەی بۆ برەودانە بە نایەکسانی جێندەریی نەک بە پێچەوانەوە.

سەرچاوە

١-میخائیل نعیمة ،زاد المعاد، طبعة الثانیة ،الناشر مکتبة صادر، بیروت.

٢-زیمگۆند فرۆید، ژنێتی، و؛وەلید عومەر، چ١، ناوەندی ڕۆشنبیری ڕەهەند، سلێمانی، ٢٠٢٢.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین