سوود و تەکنییکەکانی گێڕانەوەی چیرۆک بۆ دایکان بیروڕا

د.محەمەد ناسر سیمایی. پسپۆڕی بواری دەرونی پەروەردەیی. مامۆستا لە زانکۆی کۆیە

زیاتر لە ھەزارساڵ دەبێت کە یەکێک لە ئەرک یان رۆڵی داپیرە ودایکەکان،  گێڕانەوەی چیرۆک بۆ منداڵ و نەوەکانیان بووە. ھەروەھا رۆڵی ژنێکی چیرۆک بێژ لە ناو کۆشکی پاشاکان یان لە ناو ھۆز و گەڕەکێکدا گرنگیی خۆی ھەبووە.

 لەم وتارەدا تیشک دەخرێتەسەر پێویستی و گرنگی پەروەردەیی و دەرونی، چیرۆک بۆ منداڵ و دایک و ھەر لەم سۆنگەیەوە بەگشتی توانا و ھونەری چیرۆکبێژی بۆ ژنان بەگشتی.

چێژوەرگرتن لە شتی جوان و بەرجەستە لە سروشتی زۆرینەی منداڵاندا ھەیە. ئەگەر خیزان و ژینگە سەرکوتیان نەکردبێت. سەرەتا دایک وباب لە ماڵدا پەرە بە زەوقی خەیاڵکاری و جوانناسیی منداڵ بۆ مۆسیقا (تەنانەت سازێکی زەربی / ایقاعی) و وێنە و وتاری جیاواز و قسەی نەستەق و چیرۆکی خۆش دەدەن.

کاتێک کە منداڵ بەرەبەرە تێدەگات لەم دەقە ئاخاوتنە"لە فرمێسکەکانی تۆدا زانیومە کە بارانێکی کەم بۆ مێروولەکان لافاوە"  یان بۆ ئاشتکردنەوەی دایکی دەڵیت "من تۆم بە ئەندازەی رووبارە زۆر درێژەکە خۆشدەوێت" لە رووی عەقڵییەوە گەشەی زۆرتر دەکات تاوەکوو منداڵێک، کەوا توانا و ورەی دەربڕینی بە شێوەی ئەدەبی نییە. ھەروەھا خولیا و دەستێوەردانی دەق و بەرھەمە ئەدەبییەکان یادگە (زاکرە) ی تاک بەھێزتر دەکات، کە ئەمەیش بۆ گەشەی زیرەکی پێویستە.

-سوودەکانی لە خێزاندا بەشێوەی ئاسایی  گوتنی چیرۆکی گونجاو بۆ تەمەنی منداڵ، لە سەروبەری نوستندا.

  -ئاشتبوونەوەی دایک و باب، لەگەڵ منداڵ ئەگەر لە رۆژدا ململانێ و توڕەیی و پشتگوێ خستنیان ھەبێت.

-فێرکردنی زانیاریی جۆراوجۆر و ژمارە وئەندازە بە منداڵ: سێ کیسەڵ و دوو مریشک پێکە ‌وە بوونە پێنج ھاوڕێ، بەم شێوەیە چیرۆک بۆ فێرکاری و بەھێزکردنی یادگەیش سودی ھەیە.

  -گوێرایەڵیی زۆرتری منداڵ بۆ دەنگ و ئاوازی وێژەیی مامۆستا و دایباب، چونکە شەو و کاتی چیرۆک، گوێ و ھەست رادەگرێت لە رۆژیشدا گوێڕایەڵی فراوان و قوڵتردەبێت.

   - پێدانی ناڕاستەخۆی ئامۆژگاری و بەھاکان - وەکوو ئەمانەتداری و ژینگەپاریزی و ئاشتیخوازی. بۆ نمونە: شتێکمان دۆزییەوە دامانە خاوەنەکەی بووینە ھاوڕێ و ھتد.
- رێکخستن و بەچێژکردنی خەوی منداڵ (بە تایبەت گەر لە کاتی نوستندا نەوازشی پرچ و شان و دەستی بکەین).

چیرۆک بێژیی داھێنەرانە:
  (creative storytelling)

لێرەدا بێجگە لە چێرۆکبێژیی ئاسایی، دایک بۆ منداڵ شێوازێکی تری چیرۆک بێژی باسدەکەین بە ناوی چیرۆک بێژیی داھێنەر، کە زۆر بەسوودە بۆ مامۆستا و دایکان.

 وەک پیناسە بریتییە لە : رێبازێکی سەرخستنی ئاستی کارامەیی و دەوڵەمەندکردنی چیرۆک بێژییە بە چالاکیی بەشدارانە ‌و زیندووکردنەوەی خەیاڵی بیسەر بە گۆڕانکاری لە بارودۆخ و کەش وھەوای گێڕانە وەی رووداوو- و بەسەرھاتەکان. زۆر گرنگ و بە سودە کە دایک یان چیرۆک بێژ لە کاتی گێڕانەوەدا بە گۆڕانکاری لە تیشکی ژوورەکە یان دە نگ و بۆن و شوێنی کە ل و پە لەکان جۆرێک نمایش و شانۆکاریی سادە و سانا زیادبکات بۆ چیرۆکە کە.

 بۆنمونە دە نگی تەپڵێکی بچووک کاتێک رووداوی ناو چیرۆک دە ڵێینە وە وەکو غاردانی ئەسپێک. یان تاریک کردنی ژوورەکە لەو کاتەی لە چیرۆکەکەدا شە ودادێت. لەم رێگایەوە دایک و ژنانی مامۆستا دەتوانن بە بێ تێچوو و کەل و پەلی زۆر ئاستی کارامەیی و دڵخۆشکەری چیرۆکەکە زۆر بەرز بکەنەوە. ھەروەھا دەکرێت کەلو پەلی سادەی ناوماڵ یان گەمەکانی منداڵ وەوو چەتر و قاپ و قاچاخ بە رێژەی کەم و سادە بخەینەوە ناو گێڕانەوەی چیرۆکەکە.
 

قۆناغەکانی گێڕانەوە و رێکخستنی دەنگ و ئاواز

ئەگەر بیربکەینەوە چیرۆکی باش لەم قۆناغانە پێکدێت (تێبینی: ئەو کەسانەی قسەی ئاسایی و رۆژانەش زۆر خۆش دەگێڕنەوە ھەر بەھۆی رێکخستنی ئەم قۆناغانەوەیە ):

 ١- پێشەکی یان ناساندنی زۆر کورت لە شوێن یان کەسێتی یان بارودۆخێک.
 ٢- ھەواڵ یان رووداوێکی تاڕادەیەک ناسراو و ئاسایی.
 ٣- ھەستیاری و بەرزبوونەوەی ئاستی ململانێی ئەو ھەواڵە یان یەک دوو ھەواڵی تر، کە دێتە ناو چیرۆکەکە.
٤- گەیشتن بە بەرزترین ئاست و لوتکەی مەترسی، خۆشی یان ھەستیاری.
 ٦- روونبوونەوەی رەمز و نھێنییەکان و نزمبوونەوەی ئاستی ھەستیاری. ٧- ئاسایی بوونەوە یان رۆیشتن بەرەو کۆتایی و بەستنەوەی مژاری چیرۆکەکە.
 بێژەر دەتوانێت بە گوێرەی قۆناغەکان، ئاست و ئاوازی دەنگی تاڕادەیەک رێکبخات و بشزانێت لە کوێی چیرۆکەکەدا، دەیەوێت گۆڕانکاری بکات یان درێژەی بھێڵێتەوە بۆ شەوێکی تر.
 

تێبینییەکان:

   1- ناکرێت چیرۆکێکی ئاڵۆز و پڕ ئامۆژگاری، کە گونجاوە بۆ منداڵی ٧ ساڵان بۆ تەمەن ١٢ ساڵانیش بگوترێت. بۆ منداڵی تەمەن دوو تا سێ ساڵانیش زۆر بەسوودە، چوار پێنج رستەی کورت بکرێتە چیرۆک و ناوی منداڵەکەشی تێدابێت.

2- گەر دایک بە خوێندنەوەی کتێبی چیرۆکیش بیکات بەسودە ، بەڵام زۆرترین سود ئەوەیە لە زەین و یادگەی خۆی چیرۆک بدۆزێتەوە و سەیری نێوچاوانی و کاردانەوەی منداڵ بکات، یان بتوانێت چیرۆکەکان بگۆڕێت و رێکیان بخاتەوە.

3- چیرۆک بێژی دایک (یان نەنک و خوشکی گەورە و مامۆستای ژن) تەنھا کات بەڕێکردن و خافڵاندنێکی جوانکاری نییە. بەڵکو وەکو چالاکییەکی بێ جێگرەوەی سیستەمی پەروەردە و فێرکردن و ھەروەھا وەکو رێکاری چارەسەریی تەنگەژەی دەرونی و پەروەردەیی منداڵ و خێزان لێکدەدرێتەوە و لە ھەندێک کلتوری پێشەنگی ئەدەبی شیعر و  منداڵاندا رەنگە بیستنی چیرۆک، وەک مافێک لە مافەکانی منداڵ دێتە بەرباس.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین