کوردە فەیلییەکان چۆنێتی ڕۆژانی نەورۆز لە زوودا دەگێڕنەوە
ڕاز ئەسعەد
لە ڕووی مێژووییەوە کاشییەکان یەکەم ڕەچەڵەکی کوردە فەیلییەکانن، بە پێی ڕۆژهەڵاتناسەکان هیچ گومانێک نییە، کە ئەوان کۆنترینی هۆزە نیشتەجێکانی زاگرۆسن و لە چەندین هەزار ساڵ پێش زایینەوە ئەو مەڵبەندە زێدی ڕەسەنیان بووە. لەساڵی ١٧٤٦ی پێش زاییندا پادشای کاشیی (فەیلی) گانداش توانی یەکێتییەک لە نێوان کاشییەکان و هەندێک هۆزی وەک گۆتی و لۆلۆییەکاندا دروست بکات و بە سوپایەکی یەکگرتووی گەورەوە هێرشی کردە سەر دەوڵەتی بابل و داگیری کرد، ناوی لە خۆی نا پادشای چوار هەرێمەکە، لەدوای مردنی و لەساڵی ١٧١٠ی پێش زاییندا توانیان دەوڵەتی سۆمەری بڕوخێنن و بیخەنە ژێر قەڵەمڕەوی خۆیانەوە. کاشییەکان بە درێژایی شەش سەدە (١٧٤٦-١١٧١) ئیمپراتۆرییەتێکی مەزنیان بەڕێوەبرد.
کوردە فەیلیەکان لە زۆر کۆنەوە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ژیاون، ئەو بەشەیان کە لە عێراقی ئێستادا ژیاون نیشتەجێی ناوچەکانی بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری دیجلە بوون، کە ناوچەکانیان لە کەرکوک و باکوری خانەقینەوە دەستپێدەکات تا شاری بەسڕە، سەرباری هەموو بارگرژییەکان فەیلییەکان کوردبوونی خۆیان پاراستووە و زۆرینەی هەرە زۆری ڕۆژهەڵاتناسەکانی وەک: جۆن فالکهۆم و کرۆزۆن و لۆریێ و هاسل و هینری فلید، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن.
فەیلییەکان بەشێکی گەورەی کوردن و پێنج بەشن (لوڕ، لەک، کەڵهور، گۆران، شەبەک یان شابەگ) هەر یەکێک لەم بەشانەش چەندین هۆز و تیرە و عەشرەتیان لێ جیادەبێتەوە، کە ژماردنیان کارێکی ئاسان نییە. فەیلییەکان بە شێوەزاری کرمانجی باشور قسەدەکەن، کە کۆنترین شێوەزاری کوردییە و ئەم شێوەزارە چەندین لقی لێدەبێتەوە، لەوانە: لوڕی، کەڵهوڕی، لەکی، مەلەکشاهی، ئەرکەوازی، بەختیاری...تاد.
بە درێژایی مێژوو کوردە فەیلییەکان بەشێکی گرنگ و دانەبڕاوی جەستەی شەکەتی نەتەوەی کورد بوون، بەوپێیەی ئەوان لە تخوبەکانەوە بەردەوام لەبەردەم هەڕەشەی ڕاستەوخۆی سڕینەوەدا بوون، هەمیشە وەک سیمبولی زوڵملێکراوترین پارچەی جەستەی گەلی کورد، لە یادگەی نەتەوەییدا بوونیان جێی شانازی و ئەمەکی کۆی پارچە و پێکهاتەکانی دیکەی دایکی نیشتمان بووە.
هەر لە سەرەتای درووستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە فەیلیەکان کەوتوونەتە بەر شاڵاوێکی توندی سڕینەوەوە، ڕەنگە پێگەی بەهێزی ئابورییان لە ناوچەکانی خۆیاندا بەهەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییە ئابورییەکانی دەسەڵاتدارانی ئەوکاتەی عێراق لێکدرابێتەوە، ئەمەش بووبێتە فاکتەریکی ڕاستەوخۆ بۆ دژایەتیکردنیان لەلایەن هەموو حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانەوە، چونکە فەیلییەکان خاوەنی پێگەی ئابووری بەهێزبوون لە بەغدا و ناوچەکانی دیکەی باشوردا. ئەگەر لە مێژووی ئەو ناوچانە بڕوانیین زۆر بە زەقی دەردەکەوێت، کە فەیلییەکان لەڕووی ژمارەوە پێکهاتەیەکی سەرەکی شاری بەغدا و بەشێک لەشارەکانی باشور بوون، چەندین کەسایەتی گرنگ و ناوداری ئەو سەردەمە سەر بە بنەماڵە کوردە فەیلییەکان بوون.
کوردانی فەیلی هەمیشە بەوە ناسراون، کە خاوەنی هەستێکی توندی نەتەوەیین و بەهۆی زۆری هەڕەشەکانی سەریانەوە، لە هەمووان زیاتر پابەندبوون بە کولتوور و فەرهەنگی نەتەوەییەوە. لێرەدا دەمانەوێت گوزەرێکی خێرا بکەین بەنێو سەری ساڵ لای فەیلییەکان و چۆنێتی بەڕێوەچوونی نەورۆز یان وەک خۆیان دەڵین نەیروز، لە ناوچەکانی قوڵایی باشوردا، چونکە لەوێ بەتایبەتی لە پارێزگای واست، چەند شارۆچکە و گوندێک هەن، کە پێش ڕاگواستن تەواوی خەڵکەکەی یان بەشی هەرە زۆری کوردی فەیلی بوون، بەداخەوە ئێستا ژمارەیان زۆر کەم بۆتەوە و زۆرینەی دانیشتووانە دێرینەکەی بە شارەکانی ئێراندا بڵاوبوونەتەوە، چونکە نە بارودۆخی عێراق تەواو گونجاوە بۆ گەڕانەوەیان، نە کارێکی ئاسانیشە پاش نزیکەی پەنجا ساڵ دیسانەوە بگەڕێنەوە، بە تایبەتیش لە ئێستادا بەشێکی زۆریان خاوەنی ڕەگەزنامەی ئێرانین.
لەم وتارەدا نەمویست بۆ سەرچاوە نوسراوەکان بگەڕێمەوە، پێمباشبوو لەسەر زمانی چەند شایەتحاڵێکەوە شێواز و چۆنیەتی مەراسیمەکە بگێڕمەوە، بێگومان دۆزینەوەی شایەتحاڵ بۆ کارێکی وا زۆر قورسە، چونکە ئەوانەی ئەو سەردەمەیان لەبیرماوە و خۆیان بەشداربوون، ئێستا تەمەنیان لەسەروو حەفتا ساڵەوەیە، بەداخەوە ئەو نەوەیە بەرەو کۆتایی دەچن، بۆیە بۆ منیش گرنگتر بوو کە زانیاریەکانم لە دەمی ئەوانەوە وەربگرم و وەک مێژووی زارەکی تۆماری بکەم.
لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، یادکردنەوەی بۆنەیەکی نەتەوەیی لەو جۆرە لە قوڵایی باشووردا، جیاوازبووە لەوەی ئێستا و لەم ناوچانەدا دەگوزەرێت، ئەوکاتە هەم یادەکە و هەم خەڵک سادە و بێڕتووش بوون، بەڕێز محەمەد حەسون زەرگوشی، تەمەن ٧٧ ساڵ، خەڵکی قەزای حەی، سەبارەت بە یادکردنەوەی جەژنی نەورۆز گوتی : ئەو دەمە ئاهەنگەکان سادەبوون و لە ناو ماڵ و خێزانەکاندا یادیان دەکرایەوە، بەهۆی تێکەڵی زۆریشمان لەگەڵ هاوشارییە عەرەبەکانمان، ئەوانیش بە هەمان شێوازی ئێمە یادەکەیان لەگەڵدا دەکردینەوە، ئەو کاتە پێیاندەوت جەژنی "چوونە ناو ساڵی نوێوە"، تاڕادەیەک بە جەژنی "حەوت سین"ی ئێرانییەکان دەچوو، یان پێشیدەگوترا جەژنی "ژێر سەبەتە" چونکە سەبەتەیەکی پڕ لە خواردنی جۆراوجۆر ئامادە دەکرا، بەم شێوازە بەردەوام بوو تا حیزبی بەعس هاتوو ناوەکەی گۆڕی بە جەژنی دارودرەخت، بەڵام نەیتوانی یادکردنەوەی سەری ساڵ لە یادگەی خەڵکەکەدا بسڕێتەوە. ئەو خواردنانەی لە ڕۆژانی پێش نەورۆزدا ئامادە دەکران بۆ بەیانی دەبران بۆ دەشت و سەیرانی نەورۆز، لەوێ خێزانەکان خواردنەکانیان دەخوارد و تا ئێوارە بە یاری و قسەی خۆش و گۆرانی بەسەر دەبرا.
قاسم عەلوان ئەلواستی، تەمەن ٧٥ ساڵ لە بیرەوەرییەکانی ڕۆژانی گەنجی خۆیەوە، کە پڕی بوو لەبەرامەی نیشتمانی بە زۆر پێچوڵکراو، باسی ئەو سینییە یان ئەو سەبەتە خۆراکیە جۆراوجۆرەی بۆ کردین، کە چەند ڕۆژێک پێش نەورۆز بۆ پیرۆزکردنی یادەکە ئامادە دەکرا، بەو هیوایەی ڕزق و ڕۆژوو بەسەر ئەو خێزانەدا بڕژێت و هەمیشە سفرەیان ئاوەدان بێت، گوتیشی ئاهەنگ و یادکردنەوەکە کورد و عەرەبە هاوشاریەکانی دەگرتەوە.
هەروەها بەڕێز کەریم عەلی فەلەکی، تەمەن ٧٢ ساڵ زیاتر ڕوونکردنەوەی داینێ و وردتر باسی لەیادەکە کرد: ساڵانە چەند ڕۆژێک پێش ٢١/٣ خێزانەکان ئامادەکارییان دەست پێدەکرد، سینی خواردنەکان زۆر بە جوانی و تێروتەسەلی ڕێکدەخرا، تا ڕادەیەک لە چوارشەممەسوری ئێرانییەکان دەچوو، لای ئێمەش هەندێک پێیاندەوت جەمبەرسور. بەشێکی سینی خواردنەکان سەوزە بوو، بە تایبەت کاهو و کەرەوز، ئەمە جگە لە شیرینییە سادەکانی ئەو سەردەمە لە ماڵەکاندا دروستدەکران، بۆ نموونە شیرینییەک هەبوو پێماندەوت ئەردە، لە کونجی و شەکر دروستدەکرا، یان گەنمی خوساو لەگەڵ کونجی تێکەڵ دەکرا و دەکوڵێنرا، ئەمانە و چەندین جۆر خواردنی دیکەی سادە. سەرلەبەیانی ڕۆژی نەورۆز بە خێزانیی دەچووینە دەرەوەی شار و لە نێو سروشتدا خواردنەکە دەخورا و تا ئێوارەیەکی درەنگ کەیف و شادی دەگێڕدرا.
فەیلیەکان سەرباری دووریی و هەڕەشەی سەریان، بۆ ڕۆژێکیش یادی سەری ساڵ و نەورۆزیان لە بیرنەچووەتەوە، بۆیە هەردەم بە بەشیکی زیندووی نیشتمان دەمێننەوە.
١- راز ئەسعەد، نەیروز لە پارێزگای واستی قوڵایی باشور، ناوچەکانی حەی و شێخ سەعد بەنموونە، ڕۆژنامەی گڕی نەورۆز، ژ ٢٣، ٢١-٣-٢٠٢٣، سلێمانی، ل ٢.
٢-چاوپێکەوتن لەگەڵ بەڕێز محەمەد حەسون زەرگوشی، تەمەن ٧٧ ساڵ، خەڵکی ڕەسەنی قەزای حەی، ئێستا دانیشتوی شارۆچکەی شوش دانیالی ئەحوازە لە ئێران، 2-2- 2023 ، 4:00 - 15: 5
٣-چاوپێکەوتن لەگەڵ بەڕێز قاسم عەلوان واستی، تەمەن ٧٥ ساڵ، خەڵکی ڕەسەنی قەزای حەی، ئێستا لەوێ نیشتەجێیە ، 10-2- 2023 ، 15 : 12 – 1:00
٤-چاوپێکەوتن لەگەڵ بەڕێز کەریم عەلی فەلەکی، تەمەن ٧٢ ساڵ، خەڵکی ڕەسەنی ناحیەی شێخ سەعد، ئێستا دانیشتوی ئەحوازە ،17-2-2023 ، 10:00 - 11:15
٥-عبدالواحید الفیلی ، مختصر من تأریخ الکورد الفیلیین، https://www.facebook.com/share/1ADBtCExJ1/?mibextid=wwXIfr
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment