ڕۆڵی ئافرەت لە بنیادنانی کەسایەتی کاریزما بۆ پیاو بیروڕا

چرا یاسین

بە گشتی كاریزما واتە توانای كەسایەتییەك لە بەڕێوەبردن و پێشڕەوایەتیدا بەهۆی هێزی كەسایەتی و بلیمەتی و بیروباوەڕەكەیەوە، نەك بەهۆی هێزی بازووی زۆر و توند. واتە هێزو كاریگەریی كەسی كاریزمی لە سیستمە یاسایی و شەرعییەكانەوە نییە، بەڵكو لەتوانای ڕاكێشانی خەڵكی و ڕازیكردن و قەناعەتپێكردنیانە بە پەیامەكەی كە وایان لێبكات بەدەوری ئەودا كۆ ببنەوە، بۆ نموونە كەسایەتیی ئایینی یان سیاسی یان هەندێکجار شاعیرو نووسەرو كەسایەتیی كۆمەڵایەتیش دەتوانێت خەسڵەتەکانی كاریزما لەخۆیدا كۆ بكاتەوە، بەبێ‌ ئەوەی پشت ببەستێت بە سامان و هەژموون و هێزی یاسایی و سەپاندنی زۆرەملێ‌.

  ماكس فێبەر دەڵێت‌:"كاریزما خاسیەتێكی جیاوازەو لەكەسایەتی تاكە كەسێكدا دەردەكەوێت كە لەكەسانی دیکە جیای دەكاتەوە، خەڵكیش بەپێی كاریزماكەی هەڵسوكەوتی لەگەڵدا دەكەن. بەو پێیەی كەسێكە خاوەنی هێزو توانایەكی سەروو سروشت و سەروو مرۆڤایەتییە، یان لایەنی كەم ئەو كەسایەتییە كۆمەڵێک تایبەتمەندی و هێزی نائاسایی هەیە كەسانی تر نییانە، ئیدی وەك ڕابەرو پێشەوا مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن".  لەگەڵ دەستپێکردنی مرۆڤایەتی ئافرەت وەک بوونێکی تەواوکەر لەگەڵ پیاودا بەشداری کایە کۆمەڵایەتییەکان بووە و بووەتە بەشێکی سەرەکی و پێکهێنەری کۆمەڵگە، ئافرەت بە چەند شێوازێک دەتوانێت ڕۆڵی خۆی وەک دروستکاری کەسایەتی کارێزمای پیاودا پیشان بدات.

یەکەمیان: ڕۆڵی ئافرەت وەکو دایک

    دایک لە کاتی پەروەردەکردنی منداڵ، هیچ گومانێک لەوەدانییە کە پەروەردە بنەماییەکی بنچینەییە بۆ هەموو گۆڕانکاری و پێشکەوتنێک، لە دەوڵەت و کۆمەڵگە.

 بێگومان ئەم گۆڕانکارییەش لە چوارچێوەی ماڵەکاندا سەرچاوە دەگرێت، و وردە وردە دەپرژێتە نێو کۆمەڵگە، خانمان بە پێی ئەوەی کە دایکن و زیاتر بەرکەوتەیان لەگەڵ منداڵدا زیاترە، منداڵ زۆربەی هەست و سۆزەکانی لە دایکەوە وەردەگرێت، بۆیە  بێگومان ڕۆڵی ئەوانیش زۆرترە لە پەروەردەکردندا، خانمی سەرکەوتوو دەزانێت، کە چۆن دەتوانێت ڕۆڵ ببینێت پەروەردەکردنێکی دروست و پێگەیشتووانەدا، دەبێت ئەوە بزانێت کە پەروەردەکردن تەنیا پڕکردنی گەدەی و پاکوخاوێنی و پارێزگاریکردنی نییە، بەڵکو ئەمە بەخێوکردنە نەک پەروەردەکردن، منداڵ دەگات بە قۆناغێکی تەمەن کە ئەو ھەڵسوکەوت و مامەڵانەی لەگەڵی بەکار دەھێنرێت، لە مێشکیدا دەچەسپێت و لەگەڵیدا گەورە دەبێت، منداڵ بەھۆی بابەتی نازپێدان و نازداری لە گەورەترین شتی ژیانی بێبەش دەکرێت، کە ئەویش ھەستکردنە بە بەرپرسیاریەتی، کاتێک وا ڕادەھێنرێت بۆ بچووکترین پێداویستی بگەڕێتەوە لای دایک و باوکی یان گەورەکان، ئەوە نازکێشانی نییە ئەوە ونکردنی ڕۆڵی ئەوە لە ژیاندا، بۆ نموونە میوانێکت دێت یان دەچیتە میوانداریەک، یان کەسێک  پرسیار لە منداڵەکە دەکات، دایکەکە لە بری ئەودا وەڵام دەداتەوە یان لە شوێنی ئەو بڕیار دەدات نموونە پێی دەڵێن ئەو شتە دەخۆییت؟ دایکی زوو بڕیار لەسەر خواردن یان نەخواردنی دەدات، ئەمەش بە ھەمان شێوە ونکردنی ڕۆڵی ئەو منداڵەیە لە ژیاندا، وای لێدەکات ھەست بە بەرپرسیاریەتی خۆی نەکات، چونکە بڕیار نییە ئەو منداڵەی بەر دەستت ھەر بە کوڕێکی بچکۆلانە بمێنێتەوە.  ھەموو دایکێک دەبێت منداڵەکەی، کوڕەکەی وا پەروەردە بکات کەوا ھەست بکا ئەمە کەسایەتییەکی مەزنە و سەرۆکێک پەروەردە دەکات، لە داھاتودا ڕەنگە ببێتە کاریزمایک بۆ وڵات و کۆمەڵگە، چونکە زۆرینەی ئەو ناوانەی لە مێژوودا زیندوون ھەر لە نێو خێزانێکەوە ھاتوون.

دووەمیان: ڕۆڵی ئافرەت وەکو هاوژین

ئافرەت تەنیا دوای هێنانە دونیای منداڵ نابێت بە پەروەردەکار، بەڵکو کاتێک هاوسەرگیری دەکات، ئەو دەبیت بە پەروەردەکار، پەروەردەکار بۆ هاوسەرەکەی، بەو پێیەی ئافرەت ڕۆڵی دەبێت لە چاودێری کردنی کاروباری هاوسەرەکەی، بەشداریکردن لە بریاردانەکانی، ئاگادارکردنەوە لە هەڵەکانی دەبێتە پەروەردەکاری هاوسەرەکەی، هەروەک ئەوەی کە  نووسەری ڕووسی سۆخۆملینسكی پسپۆڕ لە بواری پەروەردە دەڵێت «ئافرەت لە پەروەردەكردنی خۆشەویستیدا ڕۆڵی سەرەكی دەبینێت و نەك هەر دایكی منداڵە، بەڵكو پیاویش پەروەردە دەكات»، جەختیش لەوە دەكاتەوە كە دەڵێت: ئەوە ژنی ئازا و بەهێز و دڵسۆزە، پیاوی ئازا و بەهێز و دڵسۆز دەخوڵقێنێت و پیاو بە ڕۆحی ئافرەت دەوڵەمەندەو ناچار دەبێت، قەدری جوانی بگرێت» ئافرەت زۆرترین شت کە لە پیاوەکەی چاوەڕێی بکات ئەوەیە، کە وەک پاڵشت و سەنەدێک بێت بۆی، لە کاتێکدا پیاویش بە ھەمان شێوە ھەمان شت لە ھاوژینەکەی چاوەڕێ دەکات، زۆرێک لە خانمان کە دەچنە نێو پرۆسەی ھاوسەرگیرییەوە، لە سروشتی پیاو تێنەگەیشتوون، ھەمیشە بۆ ھاوسەرگیری سەرکەوتوو چەند قۆناغێک ھەن کە دەبێت ئەو دوو کەسە بیبڕن، ئەوانیش سەرەتا خۆناسین، دواتر یەکترسانین، پاشان ھاوسەرگیری کردن. پیاو سروشتی وایە کە حەز دەکات ھەست بە بوون و بایەخی بکرێت لە ماڵەوە لە لای خێزان و لەلای منداڵەکانی، کەسێک بێت متمانەی پێبکرێت، بەڵام چەند کردارێکی ئافرەت ھەن ئەو ویستەی پیاو لەناو دەبەن، دیارترینیشیان بەراودکردن، بە گرنگ نەڕوانینە دەستکەوتەکانی، شکاندنەوەی، پرتە و بۆڵەکردن لەسەر زۆربەی شتەکان، گەورەکردنی لە ڕادەبەدەری ئەو کێشانەی کە ڕۆژانە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، ھەموو ئەمانە بە گشتی و بەراوردکردنی بە کەسانی دەورووبەری وا دەکات بێ متمانەیی دروست ببێت، چونکە ئەگەر پیاوێک متمانەی خێزان و ماڵەوەی نەبێت، بێگومان ناشتوانێت لە دەرەوە خۆی بنوێنێت، ھەنگاوی گەورە بھاوێژێت وکار بۆ شتی مەزن بکات، ئامانجی مەزن بۆخۆی دیاری بکات، لە کۆتاییشدا ببێتە خاوەن کەسایەتییەکی کاریزمی سەرکەوتوو، هەتا وای لێدێت کە ڕۆڵی خۆی ون بکات پێویستە چی بێت و چۆن بێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین