داڕمان و ملهوڕیی مرۆڤە، تووندوتیژی بەرهەمهێناوە نەک هیچی تر
چیمەن ساڵح
ئینجا مرۆڤ لە ئەمڕۆدا دەژی، من منداڵ بووم لە ژنی بەتەمەنم بیستووە بەشێکی زۆری ژنی جاران ڕۆژ تا ئێوارە خزمەتیان کردووە و ئێوارەش تێروپڕیان لێ دراوە و سبەی هەستاون وەک ئەوەی هیچ نەبووبێ، ئەوە کولتووری جاران بووە، کولتووری ئەمڕۆ ئەوەی قبوڵ نییە و خراپیش نییە، ژنێکی پزیشک کە باوکێکی خوێندەوار و ماقوڵی هەیە، ئەوەی پێ قبوڵ نییە، لە هیچ شوێنێکی قورئانیش نەنووسراوە ژنەکە هەر دەبێ قبوڵی بێ و بەزۆرە.
ئەوەی باس دەکرێ نەشەرعە و نە هیچ، ئەوە شەرعی خەڵکە، تەنانەت یاساش کاتێک لەگەڵ پێویستی و شکۆی تاک و کۆمەڵگا و مافی خەڵک یەکناگرێتەوە، پێیی دەوترێ یاسای خەڵک، چونکە چەند کەسێک بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دایانهێناوە و دەیانەوێ وات دەربخەن کە بەرزتر و باڵاترە. لە هیچ شوێنکی شەرع نەنووسراوە، هەرچی پیاوە ئیلا و بە زۆرە و چارەی تر نییە و دەبێ چەند ژنێک بێنێ، دەڵێ دەتوانێ بەم مەرجانە، هەروەک چۆن مافی تەڵاق وەرگرتن ڕێ پێدراوە، بەڵام بوغزێنراوە..
لە ڕاستیدا، فرەژنی و تەڵاق یەک ئاستیان هەیە لە شەرعدا و هیچیان دڵخواز نین و باش نین، ئەوە ڕوون و ئاشکرایە، ئەوە خۆیان دروستییان کردووە کە فرەژنی خەریکە وەک نوێژ و ڕۆژووی لێ دەکەن. لە داکۆکی لێکردنی ئەوەی هەیە تەنیا ئەوەیە، بۆی هەیە و کاتی پێویست و کاتە پێویستەکەش دیسان هەر ژنەکەی دەتوانێ بۆخۆی جیابێتەوە و ئیتر لەگەڵ ئەو پیاوە نەژی. هیچ شتێک لە ئاییندا، نەیوتووە نابێ، لەوانەیە هەر نەتوانێ لەگەڵی بژی، تەنانەت ئەگەر خۆی منداڵیشی نەبێ و هەر کەموکورتییەکی هەبێ، ئەگەرە لە ڕووی دەروونییەوە نەتوانێ ئەو پیاوە ببینێ، ئێ ژن مرۆڤە و هەست دەکات و هەڵوێستی هەیە، ئەگەر وایە با جۆرە ئاژەڵێک بووایە، یەکێک لە بنەما جوانەکانی ئایین ئەوەیە، مرۆڤ دەبێ بە حوکمی خوا ڕازی بێ، بەڵام ڕازی نییە و بەناوی شەرعەوە وادەزانێ بەرەڵای دنیا بووە.
فرەژنی و تەڵاق یەک ئاستیان هەیە لە شەرعدا و هیچیان دڵخواز نین و باش نین
هەربۆیە، پیاوێک بەنیازە ژنی دووەم بێنێ، یەکەم دەبێ ئامادەبێ، وەک لە قورئان هاتووە و بە ئیحسان، ژنەکەی لێی جیابێتەوە، ئەگەر ئەو ژنە ویستی، چونکە کاتێک ئەو ژنە ژیانی لەگەڵ پێکهێناوە ئەو ژنی تری نەبووە، بۆیە پێیی ڕازی بووە. دووەم، لەسەرەتاوە، باشترە ژنێک نەهێنێ کە بۆ نموونە، پزیشک بێ، ئەندازیار بێ، مامۆستابێ تادوایی.. بەهەر شێوەیەک پێگەیەکی کۆمەڵایەتی هەبێ، چونکە ئەوە ئیشی هەیە، لە ناو خەڵکە، خەڵک کۆنتاکتی لەگەڵی هەیە، هاوڕێی هەیە، بۆی زەحمەتترە کە پێی بگوترێ ژنی بەسەر هاتووە. یاخود، خۆی داهاتێکی باشی هەیە و خۆی پێ بەڕێوەدەبرێ ناچار نییە. قوڕوقەپ لێی دانیشێ، کێشە هەر دروست دەبێ.
دوایی هەر یەکە، لە فرەژنی و تەڵاق لە ئاییندا، وەک یەک ڕێگەیان پێ دراوە، هەردووک ڕێگەچارەن و ڕێسانین، ئەگەر مەسەلەکە خۆپەرستی و ئینکارکردنی شەرع نییە بۆ هێندە بۆ فرەژنی پەرۆشن و بۆ هێندە تەڵاق دزێوە؟ ئەوە بانێکە و دووهەوا، مل نەدان بۆ ئەو ڕاستیانە، زیانی بۆ کۆمەڵگا زۆر زۆرە، لەگەڵ هەر کەسێکم کە زوڵمی لێ بکرێ ئینجا ژن بێ یان پیاو، بۆیە ئەوەی ڕاستییە لام گرنگە نەک ئەوەی بەرژەوەندییە !
هەر لەو کارەساتەی کە لە هەولێر ڕوویدا، لەوانەیە خەڵکی چوار قوربانی دەبینن کە بە فیشەک لە لایەن تاوانبارەکەوە کوژراون. بەڵام لە ڕاستیدا، ئەو تاوانە زۆر لەوە گەورەترە، یەکەم ئەگەر کۆمەڵگاش بەشێکی بێ هەست بێ لەبەرامبەر تاواندا، ئەوا بەشێکی زۆر گەورەی تووشی شۆکی دەروونی بووە. بەڵام هێشتاش، ئەوەی باسی دەکەم قوربانییە سەرەکییەکە نین. قوربانی سەرەکی ئەو ئەندامانەی خێزانەکەیە کە چاودێریی ڕووداوەکە بوون و تیایدا ئامادەبوون لە تاوێکدا، ئازیزترین کەسەکانیان خەڵتانی خوێن کراون، لە ئێستادا پرسەبارن و لە دواییشدا ژیانێکی پڕ لە سەختی چاوەڕوانیانە، لە کۆمەڵگایەکدا کە هەستیی بەرامبەر بەرپرسارێتی کۆمەڵایەتیی لە لایەن کۆمەڵێک دامودەزگاوە و کە میدیاکان بەشداریی سەرەکین لاوازکراوە. تاوانێکی وا گەورە و گەلێک لە تاوانە گەورەکانی ڕابردووش، دەبووا ببوونایە مایەی قۆناغێکی نوێی دوای ئەو تاوانە، باشتر بیر بکرایەتەوە و ڕێو شوێنی باشتر پیادەبکرایە.بەڵام جێیی داخە ئەوە ڕووینەداوە. ڕوداو و تاوانی گەورە ڕوودەدەن، بەوە کۆتاییان پێ دێ، کە ئاریشەیەکی کۆمەڵایەتی بوون، بۆ ئاریشەی کۆمەڵایەتی کەمە؟!
پێویستە کارەساتی کوشتن قێزەون بکرێ و مەترسیدار بکرێ
ئایا هەموو ئەو ڕوداوە تووندوتیژییانەی کە ڕوودەدەن مایەی ئەوە نین کە مرۆڤی ئەم کۆمەڵگایە وا لێ بکەن، بیر لەوە بکاتەوە، کە بۆ ئەوەی بژی پێویستی بە ژیریی و بیرکردنەوەی زیاترە؟ لەوانەیە ئەوەی ئەو لە مێشکیدا بلۆک بووە هەڵەیەکی گەورەبێ؟ ئەگەر تاکەکانی کۆمەڵگایەک بۆ بەرژەوەندیی خۆشیان بیر نەکەنەوە، ئەی نابێ کە ڕۆژانە وای دەردەخەن منداڵ و نەوەکانیان خۆش دەوێن، لەبەر ئەوان ئەو شوێنە وا پڕ لە خۆڵ و خاشاکی دەروونی و عەقڵی بەجێ نەهێڵن، کاتێک کە ژیان بەجێ دێڵن؟ جارێ یەکەم ڕاستیی کە مرۆڤ خۆی پێ هێمن بکاتەوە ئەوەیە، ئەگەر لەو گەردوونە گەورەیە بڕوانێ چ وەک قەبارە و فراوانی و چ وەک تەمەنەکەی، مرۆڤ شتێکی ئەوتۆ نییە تیایدا و دنیا لە دەوری ئەو ناسوڕێتەوە، لە هەمان کاتدا، مرۆڤ کاتێک هەستی هەیە و هەست بە ئازار دەکات، شتێکی باشە کە ڕێگای دروست بۆ ژیان هەڵبژێرێ و بە باشی بژی. بۆ ئەمەش تەنیا دەرمان، دانپێدانانە بە نەزانین و بیرکردنەوەیە بۆ زانین.
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووداوە توندوتیژەکان کە مەترسییەکی گەورەن لە سەر ئاسایشی کۆمەڵگا و تاکەکان، پێویستە تووندوتیژیی بەتایبەتی کارەساتی کوشتن قێزەون بکرێ و مەترسیدار بکرێ. لە هەندێک لە وڵاتەکانی کە ئاسایشیان باشە و پێشکەوتوون، کۆڵان هەیە پەنجا ساڵ پێش ئێستا کەسێکی لێ کوژراوە، ئێستاش خەڵک بەوێدا تێپەڕنابن. نەک تەنیا ئەوەبێ کە بابەتی هەواڵی ڕۆژانەبێ و میدیاکان کاتی خۆیانی پێ پڕ بکەنەوە وەک لە ئێستادا بەداخەوە ڕوودەدات. هەر کەسە و تاوێک بیر بکاتەوە و تەنیا لە ماوەی ساڵێکدا، بەبیرخۆی بێنێتەوە کە لەو ساڵەدا چەند جار گوێ بیستی کوشتن بووە! تەنانەت گەیشتووەتە ئەو ڕادەیەی خەڵکانێک پەیدابوون کە پێییان خۆشە کاتێک یەکێک دەکوژرێ! لە کاتێکدا، لەبەر هەر هۆکارێک بێ کوشتنی مرۆڤ کارەساتە. سوکایەتی بە مرۆڤ گەیشتووەتە لوتکە بەتایبەتی لە باسی ژن وهاوسەرگیریی، پێت سەیرە هیچ نەبێ ئەو خەڵکە بیر بکاتەوە کە دایکی هەیە؟ خۆ دایک سوکایەتی پێ ناکرێ؟ چۆن مرۆڤ منداڵی هەبێ و لە دواییشدا نەوەی دەبێ، ئەم بارودۆخەی پێ ئاساییە، لە کاتێکدا دەزانێ دەبێ نەوەکانی لە شوێنێک بژین و لە ناو کۆمەڵگایەکدا بژین کە لە ئێستادا، خۆی لە بەرهەمهێنانی خراپییەکانیدا بەشدارە؟!
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment