نێچیرڤان بارزانی: مامەڵەی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان فیدراڵی نییە
نوچە نێت
ئەمڕۆ چوارشەممە (26/شوبات/2025) سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لە کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر، لە دیدگەی هەرێمی کوردستانەوە باسی لە هەندێک بابەتی گرنگی نێوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی کرد.
دەقی قسەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
پرسیار: کەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکدێت؟
نێچیرڤان بارزانی: ئێستا کە ئێمە لێرە دانیشتووین هەر لە هەولێر شاندی یەکێتی و پارتی خەریکی گفتوگۆیەکی جدین لەسەر پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. لەوانەیە پرسیار لەوە بکرێت تۆزێک دەرێژ بووەوە ئەم مەسەلەیە، بەڵام ئێمە پێمان وایە تەنانەت پێویستە کاتی باشتری بدەینێیە، ئێستا یەکێکی و پارتی لە پرۆسەیەکی گفتوگۆدان بۆ ئەوەی ئەو بنەمایانەی کە جێگەی بایەخی هەردوو لان لە رێککەوتنێکدا جێگیری بکەن کە ببێتە بنەمایەک بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێـمی کوردستان، ئەمە لە لایەک؛ لە لایەکی دیکە هەرێمی کوردستان لە ساڵی رابردوودا هەڵبژاردنێکی زۆر سەرکەوتووانەی بەڕێکرد، رێژەی بەشداریی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنەکان 72٪ بوو. ئەمە بەڕاستی جێگەی شانازی و سوپاسکردنی گەلی کوردستانە کە بەوشێوەیە بە بەرپرسیارێتییەوە هەڵسوکەوتیان کرد بەرامبەر بە هەڵبژاردنەکان. لە هەمانکاتدا، بەرپرسیارێتییەکیشە بۆ یەکێتی و پارتی. بەرپرسیارێتییەک دەخاتە سەر ملی بەتایبەتی یەکێتی و پارتی وەکو دوو حیزبی براوە، حیزبی یەکەم و حیزبی دووەم کە پێویستە لە ئاست ئەو چاوەڕوانییەی کە خەڵک لێیان هەیە، هەوڵێکی جدی بدەن، حکومەتێكی کارا دروست بکەن کە جێگەی متمانە و هیوا و ئومێدی خەڵکی هەرێـمی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بێت، ئەم گفتوگۆیانە ئەگەر درێژەش بکێشن، بەڵام لە ئاکامدا ئێمە شایەتی ئەوە بین حکومەتێک دروست دەبێت کە لەسەر کە جێگەی متمانە بێت بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان، من پێموایە دەکرێت تەحەموڵی ئەو داوکەوتنەش بکەین.
پرسیار: مانگی 10 هەڵبژاردن دەکرێت لە عێراق. درێژەکێشانی پێکهێنانی حکومەت لە هەرێمی کوردستان و نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی ناکاتە سەر دانوستاندنەکان؟
نێچیرڤان بارزانی: بە رای من پێوست نییە ئەم دوو شتانە تێکەڵ بە یەکدی بکەین. ئەو هەڵبژاردنەی کە ئێمە لە هەرێمی کوردستان کردمان لەڕاستیدا جێگەی خۆیەتی من لێرەوە دیسان سوپاسی هاوکاری و پشتگیریی تەواوی بەغدا بکەم، سوپاسی سەرۆکوەزیران بکەین، سوپاسی سەرۆکی پەرلەمان و پەرلەمانی عێراق بکەین، سوپاسی دادگەی فیدراڵیی عێراق بکەین، هەروەها ئەنجوومەنی دادوەری، سەرۆککۆماری عێراق، ئەمانە هەموویان یارمەتیدەر بوون بۆ ئێمە بۆ ئەوەی بتوانین هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو ئەنجام بدەین، ئەم دوو بابەتە دەبێت لە یەکدی جیا بکرێنەوە، من پێموایە خەڵکی کوردستان چاوەڕێی ئەوەن کە ئەم حکومەتە زۆر زووتر لەوە پێکبێت، من هیوادارم ئێمە ئەوە بە جدی وەربگرین، چونکە وەکو عەرزم کردی، ئەو 72٪ بەشداریکردنە و ئەو دەنگانە و ئەو متمانەیەی کە گەلی کوردستان بەم حیزبانەی داوە، هەر ئەمەش وادەکات کە ئەم حیزبانە پەلە بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەت.
پرسیار: باسی ئەوەت کرد کە لەوانەیە زۆر درێژە نەکێشێت، بەڵام لەهەمانکاتیشدا باست لەوە کرد کە پێویستە یەکێتی و پارتی زیاتر گفتوگۆ بکەن بۆ ئەوەی زیاتر لە یەکدی تێبگەن، ئایا ئەمە رێگەخۆشکەرە بۆ ئەوەی کە ئێمە شێوەیەکی نوێی رێککەوتنی ستراتیژیی یەکێتی و پارتی ببینین؟
نێچیرڤان بارزانی: ئەگەر سەیری رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەکێتی بکەین لە قۆناخی ئەو رێکککەوتنەی کە ئێمە هەمانبووە و پێمان دەگوت رێککەوتنی ستراتیژی، ئێمە شایەتی قۆناخێکی زۆر ئاوەدانی و پێشکەوتنی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کوردستان بووین، لە سایەی ئەو رێککەوتنەی کە ئێمە لەگەڵ یەکێتی کردمان و پێمان گوت رێککەوتنی ستراتیژی. لەوانەیە ئەوەی ئێستا بە تەواوی ناوی ناهێنین و ناڵێین رێککەوتنی ستراتیژی، بەڵام بنەمایەکی دروستی ئیداری و سیاسییە بۆ ئەوەی ئێمە چۆن حوکمڕانی لەنێو هەرێمی کوردستاندا چارەسەر بکەین و ئەو کێشانەی کە لە رێگەی ئێمە چ لە رووی ئیدارییەوە و چ لە رووی سیاسییەوە هەوڵ بدەین لەنێو ئەو رێککەوتنەی کە ئێستا لەگەڵ یەکێتی دەکەین هەمووی ئەوانە جێگری بکەین.
پرسیار: ئێمە وەکو رۆژنامەڤان هەندێک جار خۆتێهەڵقوتداندنی (فزوولی) زۆر دەکەین.
نێچیرڤان بارزانی: نا بیکە، کێشەی نییە. بەڵام وەکو د. محەممەد ئیحسانی مەکە. سەرۆکی پەرلەمان سەلماندی کە عێراق دیموکراتییە و زۆر تەحەمولی کرد.
پرسیار: نا تەنیا ویستم پرسیاری ئەوە بکەم کە حکومەتەکە تەنیا یەکێتی و پارتی پێکیدەهێنن یان لایەنی دیکەیش تێیدا بەشدارن؟
نێچیرڤان بارزانی: راستییەکەی یەکێتی و پارتی لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەوڵیان دا، یەکێتیش هەوڵی دا لەگەڵ لایەنەکان بەبێ پارتی پێکیبهێنێت و پارتیش هەوڵی دا، بەڵام ناچێتە سەر، دەبێت ئەم دوو حیزبە پێکەوە دابنیشن و حکومەت پێکبهێنن، بێگومان پێکهاتەکانی دیکەیش بەشدار دەبن و هەر ئەوە نییە، بەڵام ئەوەی سەرەکی، ئەوەی تاوەکو ئێستا هەیە، بەڵی پارتی و یەکێتی دەبن.
روودا: گۆڕانکاریی گرنگ لە ناوچەکە بەتایبەتی سووریا روویداوە و بێگومان پێدەچێت کاریگەری لەسەر بەگشتی دۆخی کورد و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی هەبێت، ئایا بە پێویستی نازانن کە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان جگە لە یەکێتی گفتوگۆتان هەبێت وەکو سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان؟
نێچیرڤان بارزانی: ئێمە لەگەڵ هەموو لایەنەکان قسەمان هەیە، لەوانەیە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشمان نەکردبێت کە بڵێین کۆبوونەوەیەک بکەین و لەنێو ئەو کۆبوونەوەیە ئەم شتانە باس بکەین، بەڵام ئێمە لە پەیوەندیی بەردەوامداین، لەگەڵ هەموو حیزبەکان و قسەشمان هەیە لەوبارەوە، و ئەو حیزبانەی کە لە کوردستانن، هەموویان بە خەمخۆرییەوە ئەم پرسە دەخەنە بەرباس و لێکۆڵینەوەی بۆ دەکەن، بەردەوام ئاگامان لە یەکدی هەیە.
پرسیار: خاڵێکی سەرنجڕاکێش ئەو دیدارانەیە کە لەکاتی سەردانەکانتاندا بۆ بەغدا لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەریشدا دەیکەن، لەکاتێکدا وەک حیزبێکی سیاسیی دیاریکراو نین، بەڵام ئەمە کاریگەری کردووەتە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا؛ پێتوایە بەردەوامبوون لەم رێگەیە دەتوانێت رێگەیەکی دروست بێت بۆ ئەوەی هەموو کێشەکان چارەسەر بن؟
نێچیرڤان بارزانی: با من شتەکە وا باس بکەم، کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا چییە؟ با واز لە حکومەتیش بێنین. گەورەترین کێشە کە ئێمە هەمانە، ئێمە بە ناو سیستمێکی فیدراڵیمان هەیە، بەڵام لە پراکتیزەکردن و جێبەجێکردنی ئەوەی کە لە عێراق دەکرێت، هەموو شتێکە تەنیا فیدراڵی نییە، مەرکەزییەتێكی یەکجار زۆر مەرکەزییە.
کێشەکە، کاتێک بەغدا سەیری هەولێر دەکات، بەغدا وا بیر دەکاتەوە کە هەولێر نەک تەنیا وەکو سیستمێکی فیدراڵی هەڵسوکەوت ناکات، بەڵکو وەکو وڵاتێکی خاوەن سەروەری و ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانیش هەڵسوکەوت دەکات، بەڵام کە هەولێریش سەیری بەغدا دەکات ئەو هەڵسوکەوتانەی بەغدا لەگەڵ هەولێر دەیکات، ئەوەندە مەرکەزین، لە هیچ وڵاتێکی فیدراڵی لە جیهاندا ئەو شتانە نییە، ئەمە راستییەکەیەتی، ئەمە بۆ شکاندن نییە، من چەند جارە کە دەچم بۆ بەغدا بەتایبەتی لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە عێراق، ئێمە ئەم موناقشەیە دەکەین، کاکە وەرن با دابنیشین، پێناسەیەکی دروست لەسەر سیستمی فیدراڵی بکەین، ئێمە ئەگەر ئەو کێشانە چارەسەر بکەین من پێموایە بۆ سەقامگیریی سیاسیی عێراقیش باشە.
ئەم ئاڵۆزییەی کە ئەمڕۆ هەیە لەنێوان ئێمە و بەغدا لە ئەنجامی مەسەلەی دەسەڵاتەکانە، کێ دەسەڵاتی چی هەیە، لەوانەیە ئێمە هەندێک هەڵسوکەوت بکەین لە فیدراڵی زیاتر بێت، بەڵام ئەوانیش ئەو هەڵسوکەوتانەی کە لەگەڵ هەرێم دەیکەن، زۆر مەرکەزین. ئێمە دەبێت لە شوێنێک دابنیشین ئەم گفتوگۆیە بە شێوەیەکی جدی بکەین، ئەم گفتوگۆیە کلیلی چارەسەری سیاسیی دۆخی عێراقە.
دەزگای دادوەریی عێراقیش لەم چوارچێوەیەدا ئێمە گفتوگۆمان لەگەڵ کردووە، با راشکاوانە قسە بکەم، بەڵی کاتێک باسی ئەوە دەکرا کە ئێمە نابێت ئەسڵەن لەگەڵیان دابینیشین، بەڵام من کە لەگەڵیان دانیشتم ئاسۆیەکی دیکەم بینی لە مەسەلەی پێکەوە کارکردن. من سەرۆکی دادگەی فیدارڵیی عێراقم بانگهێشت کردووە و گوتم ئێوە بۆ نایەن یەکێک لە کۆبوونەوەکانی خۆتان لە هەولێر بکەن، هەولێر بەشێکە لە عێراق، ئێمە بەشێکین لە عێراق ئێوەش فەرموون وەرن، فەرموون یارمەتیمان بدەن پێناسەی فیدراڵییمان بۆ بکەن، فیدراڵی چییە پێناسەمان بۆ بکەن.
من پێموایە ئەگەر ئەم کێشەیە چارەسەر بێت ئێمە هیچ کات رۆژێک لە رۆژان ئەمە نابێتە کێشە کە پارەیان نارد، مووچە بوو بە هەواڵ، نەبوو بە هەواڵ؛ کێشەی سەرەکی لە سیستم دەستپێدەکات، سیستمی عێراق سیستمێكی فیدراڵی نییە، بە ناو فیدراڵییە، بەڵام لە نێوەرۆک و جێبەجێکردندا زۆر دوورە.
پرسیار: بانگهێشتەکەی قبووڵ کرد؟
نێچیرڤان بارزانی: بناگهێشتەکەی قبووڵ کرد، بەڵێ. ئێمە بەینمان لە سەرۆکایەتی لەگەڵیان زۆر خۆشە و ئەوانیش بە سوپاسەوە بانگهێشتەکەیان قبووڵ کردووە بێنە هەرێمی کوردستان.
پرسیار: ئایا هەموو شتێک بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە؟
نێچیرڤان بارزانی: ئەوەی کە پەیوەندی بە تورکیاوە هەیە تورکیا بەردەوام دەریبڕیوە کە ئامادەیە و تورکیا کێشەی نەبووە لەوەی کە هەرێمی کوردستان نەوت هەناردەی دەرەوە بکات. بێگومان یەکەم شت لە مەسەلەی ئەم نەوتە من چەند جارێکی دیکەش جەختم لەسەر کردووەتەوە، (بە) بۆچوونی ئێمە، نەوت کاڵایەکی بازرگانییە و وەکو کاڵایەکی بازرگانی سەیری دەکەین، ئێمە بە سیاسی سەیری نەوت ناکەین، ئێمە پێمان وایە کاڵایەکی بازرگانییە، فەرموون لە ئەنجامی ئەوەی کە عێراق، بەتایبەتی ئەندامی پەرلەمان کە تاوەکو ئێستا دەنگیان بۆ ئەوە (هەمواری یاسای بودجە) نەدابوو، عێراق نزیکەی 19 تاوەکو 20 ملیار دۆلار زەرەری بەرکەوتووە، ئەمە پارەیەکی یەکجار زۆرە بۆ عێراق.
بەخۆشییەوە سەرۆکوەزیران کە ئێمە قسەمان لەگەڵ کرد، بە سووپاسیشەوە بۆ جەنابی سەرۆکی پەرلەمان کە ئەمڕۆ لێرە تەشریفی هێناوە و دانیشتووە، ئەویش پێداگرییەکی زۆری کرد کە ئەم هەمواری یاسایە دەبێت بە زووترین کات جێبەجێ بکرێت.
ئێستا بەشی تەکنیکی ماوەتەوە لە بابەتەکە، ئێستا هەموو شتێک ئامادەیە، تورکیا ئامادەیە، لایەنی عێراقیش ئامادەن، هەندێک بابەتی تەکنیکی هەیە، پارەی کۆمپانیاکان چۆن ورەبگیرێت، بە چی شێوەیەک بێت، ئەمانە شتی تەکنیکین، بەڵام بنەماکە بڕیاری لەسەر دراوە و ئێمە چاوەڕیی ئەوە دەکەین کە ئینشائەڵڵا لە ماوەیەکی نزیکدا نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی بەندەری جەیهان و دەرەوە بکرێت.
پرسیار: ئەمریکا و رووسیا هیچ رۆڵیکیان لەم بابەتەدا هەیە؟
نێچیرڤان بارزانی: بێگومان ئەمریکا وەکو هاوبەشێکی سەرەکی؛ رۆڵی ئەمریکا رۆڵی هاندەر بووە بۆ ئەوەی ئەم بابەتە بە زوویی چارەسەر بکرێت، چونکە بەشێک لەم کۆمپانیایانە کۆمپانییای ئەمریکین و بێگومان ئەمریکا زۆر هەوڵیداوە کە ئەمە بکرێت. جەنابت ناوی رووسیات هێنا، بەڵێ رووسیاش هەوڵی داوە چونکە هەندێک لە کۆمپانیاکانی رووسیش نەک تەنیا ئەمریکییەکان، بەڵکو رووسەکانیش لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، بەڵام ئەمریکا وەکو هاوبەشی سەرەکیی عێراق و هەرێمی کوردستان دەوری هەبووە لەوەی کە هانی هەردوو لای داوە، هانی بەغدا، هەولێر و ئەنقەرەی داوە بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت و نەوت هەناردە بکرێت.
پرسیار: راگیرانی نەوتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت جیا لە 20 ملیار دۆلار زەرەرەکە، کاریگەری لەسەر بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستانیش هەبێت، لەگەڵ سەرۆکوەزیران سوودانی چۆن باسی گەرەنتیکردنی ئەم بابەتە کراوە؟
نێچیرڤان بارزانی: خۆی مەسەلەی مووچە، جەنابی سەرۆکی پەرلەمان لە کۆبوونەوەیەک دانیشتبووین لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، لەوێ دانیشبووین، سەرۆکی پەرلەمانیش هەر چۆن لێرە راشکاو (سەریح) بوو، لەوێش بەو راشکاوییەوە (سەراحەت) گوتی، بابە کێشەی مووچەی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەن، بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراقیش روونە، دادگەی فیدراڵی دەڵێت، مووچە دەبێت جیا بکرێتەوە لەو کێشانەی کە ئێمە لەگەڵ بەغدا هەمانە. تاوەکو ئێستا ئێمە کۆبوونەوەیەکمان کردووە پێکەوە، بەندە لەگەڵ سەرۆکی دادگەی فیدراڵی و لەگەڵ سەرۆکوەزیران هەرسێکمان و لەوێدا هەولویستی سەرۆکی دادگە زۆر روون بوو کە دەبێت مووچە جیا بکرێتەوە، لەڕاستیدا بە بۆچوونی من سەرۆکوەزیرانیش ئەوەی کە پێیکراوە، بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن خۆیەوە کەمتەرخەمی نەکردووە، ئێمە بابەتی دیکەمان هەیە، هەندێک ئەرکیش حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت جێبەجێیان بکات وەکو رای خۆم، وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێموایە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەوپەڕی شەفافییەتەوە لەوبارەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ بەغدا کردووە.
ئێمە تەمەنا دەکەین مەسەلەی بودجە نەبێتە بابەتی سەرەکیی پەیوەندییەکانی ئێمە و عێراق، ئێمە تەواوکەری یەکدین لە عێراق، ئێمە لە هەندێک بواردا یارمەتیی ئەوان دەدەین، لە هەندێک بواردا ئەوان یارمەتیی ئێمە دەدەن. ئێمە بابەتی دیکەمان هەیە، ئێمە مادەی 140ـمان هەیە، مەسەلەی پێشمەرگەمان هەیە، واتا زۆر شتی دیکە هەیە، ناکرێت ئەمە هەمووی چڕ بکرێتەوە بودجە، مەسەلەی مووچە مافی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دادگەی فیدراڵی، پەرلەمانی عێراق، بەپێی دەستوور دەبێت ئەو مافە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەکو بەشێک لە عێراق دابین بکەن، ئەمە مافێکی دەستوورییە. هەموو هەوڵی ئێمەش ئەوەیە کە ئێمە بگەینە خاڵێک، بابەتی مووچە لە هەواڵ و لە بەپەلەی هەواڵ دەربچێت.
پرسیار: لە رۆژانی رابردوودا زۆر باسی گرنگی رێگەی گەشەپێدانت کرد. لە راستیدا گفتوگۆ هەیە، چ گرنگییەکی بۆ هەرێمی کوردستان هەیە. هەرێمی کوردستان لە کوێی ئەم پرۆژەدایە. بۆ عێراقیش بەشێوەیەکی گشتیی ئاخۆ دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت یان تەنیا پرۆژەیەکە و باس دەکرێت؟
نێچیرڤان بارزانی: خۆی بەڕێزتان گوێتان لە قسەکانی سەرۆکوەزیران بوو لەسەر بابەتی رێگەی گەشەپێدان، کە دەرگەیەکی گەورە بۆ عێراق دەکاتەوە لە رووی ئابووری و سەقامگیری سیاسیی و ئابووریشدا. بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێ ئەم رێگەیە بەشێوەیەک بکرێت، دەزانی ئەمە پرۆژەیەکی ستراتیژییە و زۆریش گەورەیە. ئەمە دەبێ وڵات بکا بە یەک، نەک جیاوازی دروست بکات. بە نیسبەت ئێمە لە هەرێمی کوردستان ئێمە زۆر بایەخ بەوە دەدەین بۆ ئەوەی بزانین ئەم رێگەیە بە کوێدا دەڕوات؟ بە چ رێگەیەک و چۆن دەڕوات؟ دیزاینەکەی چۆن کراوە؟ ئێمە پێمانوایە دەبێ بەشێوەیەک بکرێت کە هەرێمی کوردستان و پێکهاتەکانی دیکەش لە هەرێمی کوردستان و لە عێراقدا لەم پرۆژەیە سوودمەند بن. ئەم پرۆژانە دەبێ بەشێوەیەک دیزاین بکرێ کە وڵات بکات بە یەک. ئینتیما دروست بکات و پابەندی دروست بکات. ئەگەر من بزانم دیزاینەکە بەشێوەیەک کراوە بەس بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان تێیدا هیچ دەستکەوتی نەبێت، زۆر سرووشتییە ئێمە پشتگیری ناکەین.
پرسیار: ئێستا چۆنە دیزاینەکەی؟
نێچیرڤان بارزانی: تاوەکو ئێستا نازانم، بەڵام ئێمە لە گفتوگۆیەکی جدیداین کە ئەم دیزاینە دەبێ بەشێوەیەک بکرێت کە هەرێمی کوردستانیش تێیدا سوودمەند بێت. ئەوەی پەیوەندی بە تورکیاوە هەیە، تورکیا ئامادەیە بۆ ئەوەی ئەم کارە بکات. ئەو بەشەی پەیوەندیی بە چ رێگەیەکدا بڕوات تورکیا هەڵوێستی روونە و دەڵێت ئەمە بابەتێکی نێوخۆیی خۆتانە و ئێوە دەتوانن چارەسەری بکەن. ئێمە هیوادارین لە بەغدا بەمشێوەیە سەیری ئەم پرۆژەیە بکرێت چۆن ئەم پرۆژەیە دەبێتە هۆکاری دروستکردنی ئینتیما و پابەندی بۆ وڵات. بەشوێنێکدا بڕوات کە هەمووان سوودمەند بین تێیدا.
پرسیار: لە رۆژانی رابردوودا بەتایبەتی دوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی. باس لە هەڕەشەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە عێراق دەکرێت. پێتوایە چ رێگەیەک هەیە بۆ سیاسەتڤانانی کورد، شیعە و سوننە بۆ ئەوەی پێکەوە کاربکەن. بۆ ئەوەی عێراق دووربێت لەو ململانێیانە و بڕیارێکی سەربەخۆیان هەبێت.
نێچیرڤان بارزانی: خۆی لەم بابەتەدا دوو شت هەیە. یەکەمیان، ئێمە ئەگەر سەیری رووداوەکان بکەین. دەبینین سەرۆکوەزیران و دەوڵەتی عێراق بەشێوەیەکی زۆر حەکیمانە رەفتاریان کردووە. نەیانهێشتووە عێراق ببێتە ئاگری ئەوەی کە لە ناوچەکە هەیە بێتە سەر عێراق. عێراقیان دوورخستووەتەوە و بۆیە بە بۆچوون و دیدگەی ئێمە دەبێ عێراق دوور ببێت لەمە. عێراق خۆی کێشەی یەکجار زۆری هەبووە. هەر لە ساڵی 2003ـەوە بەردەوام کێشەی هەبووە. جەنابی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باسی کێشەکانی کرد بە چەند قۆناخێکی جیاواز. ئێستا خەریکە وردە وردە عێراقییەکان دەیانەوێت تۆزێک بحەسێنەوە تۆزێک بتوانن هاتوچۆ بکەن، بتوانن ئابوورییان پەرەبسەنێت و باشتر ببێت. ئێستا کاتی ئەوە نییە عێراق بۆ ئەم شتانە رابکێشرێت، ئەمە یەکەم. دووەم، دەبێ ئەم هێزە چەکدارانە دەبێ هەموویان بخرێنە ژێر کۆنترۆڵی حکومەت. ناکرێت هەر هێزێک بە ویستی خۆی لە نێو عێراقدا شتێک بکات و کێشە بۆ حکومەت دروست بکات. بە راشکاوی دەیڵێم، ئەگەر ئەمانە کارێکی ئەوها بکەن لە ئەنجامدا هەموو لایەکمان زەرەر دەکەین، زۆریش زەرەر دەکەین. لە رووداوەکانی سووریا کە سەرۆکوەزیران بڕیاریدا نەهێڵێت هێزە چەکدارەکان بەرەو سووریا بچن. بڕیارێکی زۆر حەکیمانە بوو، عێراقی لە ئاگرێکی زۆر گەورە پاراست. عێراق بە یەک شت دەپارێزرێت. بەوەی دوور بێت لەم ململانێیانەی کە لە ناوچەکەدا هەیە. عێراق دەبێ بەشێک بێت لە یارمەتیدان نەوەک بەشێک بێت لە کێشە. ئەگەر وا نەبێت پێموایە عێراق تووشی کێشەی زۆر گەورە دەبێت.
پرسیار: دیمەنێکی دیکە کە زۆر سەرنجڕاکێشە ئەوەیە هەرێمی کوردستان سەرەڕای بارودۆخی خۆی، خەریکە رۆڵێکی ناوچەیی پەیدا دەکات. ئێمە لەم رۆژانەدا و رەنگە لە چەند رۆژی داهاتووشدا ئەوەی بینیمان لە میدیای تورکی بڵاودەکرێتەوە سەرۆکی بەندکراوی پەکەکە بانگەشەیەک بکات بۆ پرۆسەی ئاشتی و بابەتی چەکدارانی پەکەکە. بەڕێزتان وەکو ئەوەی لە میدیاکان باس دەکرێت رۆڵێکی سەرەکیت هەیە بۆ کارئاسانی کردن لەم بابەتەدا. دۆستایەتیشت لەگەڵ بەڕێز سەرۆککۆماری تورکیا هەیە. ئەم پرۆسەیە ئەمجارە سەردەکەوێت؟
نێچیرڤان بارزانی: خۆی دەتوانم بەمشێوەیە قسە بکەم. ئەم پرۆسەیە جدییە، پرۆسەکە زۆر بە جدی لە تورکیا دەستیپێکردووە. ئەگەر خۆشتان بینیتان ئەوەی سوورە لەسەر جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە دەوڵەت باخچەلی-یە کە ئێستا لە نەخۆشخانەیە و دەبێ هەمووان نزای بۆ بکەین ئیشاڵڵا تەندروستی باش دەبێت. ئێستا وای لێهاتووە حەز بکەین تەندروستی باش ببێت. پێموایە پرۆسەکە پرۆسەیەکی جدییە و ئەوە پرۆسەیەک نییە بە شێوەیەکی تاکتیکی کرابێت. رۆڵی ئێمە رۆڵی یارمەتیدەرە و ئێمە دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆیی تورکیا ناکەین. رۆڵێ ئێمە ئەوەیە چۆن بتوانین رۆڵێک بگێڕین بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بین ئەم کێشەیە چارەسەر بێت. بەڵام ئەوەی گرنگە لای ئێمە و دیارە ئەم کێشەیە بە چەک چارەسەر نابێت. بانگەوازی سەرۆک ئۆجەلان، نەخشەرێگەیەک دەبێت بۆ ئەوەی چۆن ئەم کێشەیە بەشێوەیەکی دروست چارەسەر بکرێت. بە رای من زۆر کاتی پێویستە. پێچەوانەی پێشبینییەکان کە وای بۆ دەچن بە شەو و رۆژێک چارەسەر بکرێت. بەڵام بە دڵنیاییەوە لەماوەیەکی نزیکدا ئەم بانگەوازە بکرێت. بانگەوازەکەش روونە بانگەوازی ئاشتییە و هیوادارم پەکەکە و هەموو لایەنە سیاسییەکانی دیکە پێشوازی لە بانگەوازی بەڕێز ئۆجەلان بکەن. بکەونە بوارێکی دیکەی چارەسەری سیاسی لە تورکیا بۆ ئەوەی لە خێری هەم تورک و هەم کورد و هەموو ئەو پێکهاتانەی تێدابێت کە لە تورکیان. ئێمە وا چاوەڕێ دەکەین. سەبارەت بە رۆڵی ئێمە، بەڵێ پێشتریش رۆڵمان هەبووە و ئێستاش دووپاتمان کردووە بۆ هەردوولا. هەرێمی کوردستان ئامادەیە هەر رۆڵێک کە پەیوەندی بە نزیککردنی هەر لایەنێک هەبێت ئێمە ئامادەین.
پرسیار: شاندەکەی ئیمرالیش هاتن، سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد. سەردانی سەرۆک بارزانی، بەڕێزتان، کاک مەسروور، کاک بافڵ و کاک قوبادیان کرد. چ پەیامێکیان لە بەڕێز ئۆجەلانەوە هێنا بۆ بەڕێزتان؟
نێچیرڤان بارزانی: پەیامیان، ئەوان گوتیان سەرۆک ئۆجەلان داوای کردووە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەین و ئەم پەیامە کە پەیامی ئاشتییە. هەر ئەوەندە بوو لەمە زیاتر نەبووە. پێیان گوتین پەیامەکەی پەیامی ئاشتییە و دەیەوێت زوو رایبگەیێنێت و بانگەوازەکەی وا دەبێت کە داوا لە پەکەکە بکات چەک دابنێت و بچنە نێو پرۆسەیەکی سیاسی. ئێمەش پێشوازیمان کرد و پێمان گوتن، ئێمە وەک هەرێمی کوردستان ئامادەین پشتگیری لەم بابەتە بکەین و هەرچیمان پێ بکرێت لەم چوارچێوەیەدا ئێمە ئامادەین. پەیامەکەیان بەمشێوەیە بوو.
پرسیار: وای دابنێین پەکەکە بانگەوازەکەی قبووڵکرد و چەکی دانا. چەکی پەکەکە لە کوێ دادەنرێت و سەرکردەکانی بەرەو کوێ بچن؟ ئەندامەکانی بەرەو کوێ بچن؟ ئایا هیچ پرۆژەیەکی دیاریکراو لەمبارەیەوە باس کراوە؟
نێچیرڤان بارزانی: باسکراوە، ئێمە ناتوانین باس لە هەموو نێوەڕۆکی ئەمانە باس بکەین کە گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە یەکەم شت چییە بکرێت؟ پێشوازی پەکەکە چۆن دەبێت بۆ ئەم بانگەوازە؟ ئەگەر ئەمە کرا، دوای ئەوەیە دەکرێ پەکەکە کۆنفرانسێکی ساز بکەن و رایبگەیێنن. شتەکانی دیکە پرۆسەکە چۆن دەست پێدەکات، ئەمە وردەکاری خۆی هەیە. بۆ ئەم وردەکارییانە پێمان گوتوون ئامادەی هاوکاری و یارمەتییان بکەین، بەڵام ناوەڕۆکەکەی تاوەکو ئێستا بەمشێوەیە روون نییە. ئێمە جارێ چاوەڕێی هەنگاوی یەکەمین بە چ شێوەیەک پەکەکە هەڵسوکەوت لەگەڵ بانگەوازی بەڕێز ئۆجەلان دەکات.
پرسیار: پێتانوایە رێگە بدرێت عەبدوڵڵا ئۆجەلان تێکەڵی کاری سیاسی بکرێتەوە؟
نێچیرڤان بارزانی: بەڕای من لە پرۆسەیەکدا با. با هەندێک واقیعبین بین. ئێمە لە عێراقدا ناتوانین هەمان مۆدێل لە تورکیا یان لە هەر شوێنێکی دیکەدا هەتبێت. زۆر جیاوازە، بەڵام بە دڵنیاییەوە یەک شت هەیە، ئەمە پرۆسەیەکە زۆر لەسەرخۆ و بەهێواشی دەڕوات. بە پەلە ئەستەمە ئەم پرۆسەیە هیچی لێ شین ببێت. دەبێ تەحەمول هەبێت، دەبێ ستراتیژییەت هەبێت، دووربینی و بەردەوامیش هەبێت. ئێمە هەناسەمان کورتە و تەحەمول ناکەین، هەیە دەڵێ بەخوا هیچ نەکراوە. ئەمە پرۆسەیەکی زۆر ئاڵۆزە، ئەم پرۆسەیە کاری شەو و رۆژێک نییە و بە شەو و رۆژێکیش چارەسەر ناکرێت. بەڵام ئەو هەنگاوانەی هەن لە ئەنجامدا پێموایە خۆم وای دەبینم کە خێری تورکیا و کورد و خێری هەمووانی تێدایە.
پرسیار: دوا پرسیار، لە دوای رووخانی ئەسەد لە سووریا، ترەمپتان لە پاریس بینی و دواتر لە میونشن زۆر سەرکردەتان بینی. جۆرێک لە فۆکوسی قسەکانی بەڕێزتان لە گفتوگۆ رۆژنامەڤانییەکەدا ئەوە بوو کە سووریا مژارێکی سەرەکی بووە. دواتر هەندێک راپۆرت بڵاوکرایەوە کە رۆڵتان هەبووە لە ناوبژیوانی بۆ رێگرتن لە روودانی شەڕ لە سێ گەڕەکی حەلەب. ئایا ناوبژیوانیتان لەنێوان هەسەدە و دەسەڵاتی نوێی سووریا و رەنگە تورکیاش، بەردەوامە لەم بابەتە یان ئەمە تەنیا تایبەت بوو بەو قۆناخەی ئەوسا؟
نێچیرڤان بارزانی: خۆی لە رۆژانی یەکەمدا نیگەرانی گەورەی ئێمە ئەوە بوو ئێمە چۆن بتوانین ئەو کوردانەی لە حەلەبن بپارێزین. بەڕاستی لەم بابەتەدا تورکیا رۆڵێکی باڵای هەبوو لەم بابەتەدا و رۆڵێکی یەکلاکەرەوەشی هەبوو. ئێمە سوپاسی دەوڵەتی تورکیا دەکەین کە لەگەڵ ئێمە لەسەر هێڵ بوون بۆ ئەوەی پێیان کرا بەتایبەتی لەم دوو سێ رۆژەی یەکەم ئێمە زۆر نیگەرانی ئەو سێ گەڕەکەی حەلەب بووین کە کوردی تێدایە. بەڵام تورکیا بە سوپاسەوە سوپاسی سەرۆککۆمار، وەزیری دەرەوە و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری دەکەم. هەموویان زۆر یارمەتیدەر بوون کە کێشە دروست نەبێت و هەرواش بوو کێشە دروست نەبوو.
پرسیار: دەستپێشخەرییەکە هی ئێوە بوو؟
نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ دەستپێشخەرییەکە هی ئێمە بوو. ئەمە ئەرکی ئێمەیە ئەوان برای ئێمەن لە سووریا. کاتێک دۆخەکە گەیشتە ئەو ئاستەی ئەوان تووشی کێشە ببن، بە ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین ئەوەی پێمان بکرێت یارمەتییان بدەین و یارمەتیشیان دەکەین. لەو رۆژەوە تاوەکو ئێستا بەهەموو شێوەیەک سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان نەک تەنیا بەندە، ئەوانی دیکەش لە سەرکردایەتی هەرێمی کوردستانەوە و ئێمەش بەردەوام کارمان بۆ ئەوە کردووە چۆن دەتوانین یارمەتی براکانی خۆمان لەوێ بدەین. پەیامی ئێمەش بۆ ئەم برادەرانە ئەوە بووە کە ئێوە دەبێ لەناو پرۆسەی سیاسی لە سووریا خۆتان ببیننەوە. ئێوە دەبێ رانەوەستن بۆ ئەوەی بانگهێشت بکرێن دەبێ خۆتان بچنە دیمەشق و لە پرۆسەی سیاسی لەناو سووریای نوێدا دەبێ کورد بەشدار بێت. ئەوەی کە لە سووریا روویدا نەک تەنیا بۆ ئێمە موفاجەئە بوو، بەڵکو ئەحمەد شەرع خۆیشی پێ موفاجیئ بوو بەوەی روویدا. چاوەڕوان نەکراو بوو. باوەڕناکەم پێشبینی ئەوەی بکردایە بەمشێوەیە بەڕێوەچوو بێت. ئەمە پلان نەبوو، ئەمە رووخان بوو هەمان ئەو رووداوەی لە 2014 لە موسڵ روویدا.
سەبارەت بە ئەحمەد شەرع هەمان شت بوو. پێموایە ئەوان ئۆپەراسیۆنێکی دیاریکراویان داڕشتبوو بۆ ناوچەی حەلەب، بەڵام دوای ئەوەی رووخان روویدا، هاتنە حەلەب. ئەمە واقیع و راستییە ئەگەر سەیری رابردووی ئەم گرووپە بکەیت، رابردوویەکیان هەیە مرۆڤ پرسیار لە خۆی دەکات، ئاخۆ ئەوەی دەیڵێن راستە یان راست نییە؟ بەڵام لەلایەکی دیکەشەوە سەیری ئەو پەیامانە بکەیت دوای ئەوەی کە هاتوونەتە سەر دەسەڵات، هەموو پەیامیان ئەوەیە ئەوان دەیانەوێت کێشەکانی سووریا چارەسەر بکەن. ئەگەر لە راستیدا سیاسەتیان ئەوەیە کە دەیانەوێت کێشەکانی سووریا چارەسەر بکەن، پێموایە دەبێ هەموو لایەک یارمەتییان بکەن ئەم کارە بکەن. لەلایەکی دیکەوە نیگەرانین، چونکە هەست دەکەین ئەوان حەزیان بەوەیە ئەم کارە بە مەرکەزیەت بکەن. بە مەرکەزییەت بەو شێوەیە ئەوان دەیانەوێت ئەوە سووریا بەمشێوەیە بەڕێوەناچێت. سووریا وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەئاینییە. دەبێ حیساب بۆ هەموو لایەک بکرێت. ئەگەر حیساب بۆ هەموو لایەک نەکرێت کە بەشداربن لە پرۆسەی سیاسیی سووریای نوێ. بە دڵنیاییەوە پرۆسەکە سەرناکەوێ.
خۆی ئەم بابەتە دوولایەنە، لایەنی یەکەم ئێمە هەوڵماندا کوردەکان بپارێزین و تا رادەیەکی زۆر سەرکەوتین. ئێستا هەوڵی ئێمە ئەوەیە چۆن لە پرۆسەی سیاسیی یارمەتییان بدەین. دەگەڕێمەوە بۆ سەر پرسیاری بەڕێزتان، کە ئایا ئێمە ئێستاش لەناو ئەم بابەتەین، بەڵێ ئێستاش ئێمە لەناو بابەتەکەداین و خەریکین لەگەڵ هەموو لایەنەکان و ئامانجی سەرەکیی ئێمە ئەوەیە بگەنە چارەسەرێک لە چوارچێوەی سووریا. چارەسەرێک خۆی لە چوارچێوەی سووریا ببینێتەوە. ئەوەی کە لە هەرێمی کوردستان لە عێراق هەمان تۆ ناتوانیت هەمان کۆپی بگوازیتەوە سووریا و جێبەجێی بکەیت هەر ناکرێ و ئەستەمە. بەڵام پێمانوایە ئەگەر پرۆسەیەک دەستپێبکات و ئەم پرۆسەیە لە ئەنجامدا هەموو پێکهاتەکانی سووریا خۆیان لەم پرۆسەیەدا ببیننەوە ئەمە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ سووریا و چانسێکی گەورەشە چونکە ئەم میللـەتە ئازار و مەینەتی زۆری بینیووە. بەڕاستی شایستەی ئەوەیە لەمەودوا ژیانێکی باشتر بژین.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment