بۆ هه‌رزانكردنى نرخى به‌نزین په‌رله‌مان دوو پێشنیار به‌ حكومه‌ت ده‌دات کوردستان- عێراق

سیهام میران، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

گولیزار ره‌شید سندى جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ى وزه‌ و سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان بۆ "نوچه‌نێت" ئاشكراى ده‌كات دوو پێشنیاریان به‌ حكومه‌ت داوه‌ بۆ هه‌رزانكردنى نرخى به‌نزین له‌ هه‌رێمى كوردستان. پێشنیارى یه‌كه‌میان كه‌ هى لیژنه‌كه‌یه‌ بریتییه‌ له‌وه‌ى به‌نزین له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌رهه‌م بێت و پێشنیارى دووه‌میش كه‌ خۆى كردوویه‌تى، ئه‌وه‌یه‌ وه‌ك به‌ر له‌ ساڵى 2014 به‌نزین به‌ كۆبۆن به‌ تاكسییه‌كان بدرێت.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 28ى نیسان گولیزار ره‌شید سندى په‌رله‌مانتارى كوردستان و جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ى وزه‌ و سامانه‌ سروشتییه‌كان و پیشه‌سازى و بازرگانى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ نوچه‌نێتى راگه‌یاند، لیژنه‌كه‌یان هه‌وڵ ده‌دات به‌ هاوكارى حكومه‌ت نرخى به‌نزین هه‌رزان بكات.

گولیزار ره‌شید سندى گوتى، "ئێمه‌ له‌ لیژنه‌كه‌مان كۆبوونه‌وه‌مان كردووه‌ و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆك بووین، كه‌ حكومه‌تى هه‌رێم بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ پاڵاوگه‌ى فه‌رمى له‌ هه‌رێمى كوردستان دابنێت بۆ به‌رهه‌مهێنانى به‌نزین، كه‌ ئه‌مه‌یش چه‌ند سوودێكى ده‌بێت"

به‌گوێره‌ى لێكدانه‌وه‌ى لیژنه‌كه‌ ئه‌گه‌ر به‌نزین له‌ناوخۆ به‌رهه‌م بێت ئه‌وا به‌ر له‌هه‌موو شتێك كرێى گواستنه‌وه‌ى نایه‌ته‌سه‌ر، بیانووى ئه‌وه‌ نامێنێته‌وه‌ كه‌ به‌هۆى دۆلاره‌وه‌ نرخه‌كه‌ به‌رز ببێته‌وه‌، جیا له‌وه‌یش ده‌توانرێت باشتر چاودێرى كوالێتییه‌كه‌ى بكرێت و جگه‌ له‌مانه‌یش داهاته‌كه‌ هه‌ر له‌ ناو كوردستان ده‌مێنێته‌وه‌.

جیا له‌و پێشنیاره‌ گولیزار ره‌شید باسى له‌وه‌ كرد خۆیشى یاداشتێكى تایبه‌تى داوه‌ته‌ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان تێیدا داواى كردووه‌ وه‌ك به‌ر له‌ ساڵى 2014 حكومه‌ت چه‌ند وێستگه‌یه‌ك و به‌نزینخانه‌یه‌ك بكاته‌وه‌ و نرخه‌كه‌ به‌ ده‌ست حكومه‌ته‌وه‌ بێت، به‌نزین به‌ تاكسییه‌كان و ئۆتۆمبیلى كرێ بدرێت.

له‌ كۆتایى لێدوانه‌كه‌ى ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ دووپاتى كرده‌وه‌، ئه‌وان له‌ لیژنه‌كه‌یان له‌ هه‌وڵى خۆیان به‌رده‌وام ده‌بن بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشه‌یه‌.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین