وڵاتە هاوپەیمانەكانی ئۆکرانیا سزای نوێی بەسەر ڕووسیا و کۆریای باکوور دەسەپێنن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

هەریەکە لە ئەمەریکا، یەکێتیی ئەوروپا و کۆریای باشوور بەهۆی زیادبوون و فراوانبوونی هاوکاریی سەربازی نێوان ڕووسیا و کۆریای باکوور، سزای نوێی بەسەر هەردوو وڵات دەسەپێنن.

ڕۆژی سێشەممە (17/کانوونی یەکەمی/2024) ماڵپەڕی (ئارتی) بڵاویکردەوە، ئەمەریکا، یەکێتیی ئەوروپا و کۆریای باشوور سزای نوێیان بەسەر ڕووسیا و کۆریای باکووردا سەپاند و ڕایانگەیاند، "بەهۆی زیادبوونی هاوکاری سەربازی نێوان کۆریای باکوور و ڕووسیا ئەم هەنگاوەمان گرتووەتە بەر".

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوێکی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا دوێنی دووشەممە، "دوایین سزاکانی واشنتن بانکەکان، جەنەڕاڵەکان، بەرپرسانی تری کۆریای باکوور و هەروەها کۆمپانیاکانی گواستنەوەی نەوتی ڕووسیا لە خۆدەگرێت".

وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور ڕایگەیاند، "(11) هاووڵاتی و (15) لایەنی خستووەتە لیستی ڕەشەوە بەهۆی ئەوەی دەستیان لە هاوکاری سەربازی نایاسایی نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە".

یەکێتیی ئەوروپا ڕایگەیاند، "وەزیری بەرگریی کۆریای باکوور و جێگری سەرۆک ئەرکانی کۆریای باکوور لە پازدەهەمین پاکێجی سزاکانی دژ بە ڕووسیا ڕاگەیاند. سزاکانی یەکێتیی ئەوروپا (52) هاووڵاتی و (30) لایەنی دیکەیان کردووەتە ئامانج کە زۆربەیان کۆمپانیاکانی بەرگری، کۆمپانیاکانی کەشتیوانی ڕووسیا و زیاتر لە (50) کەشتی پەیوەندیدار بە هەناردەکردنی وزەی ڕووسیاوە بوون.

ئەم هەنگاوانەی ئەم وڵاتانە بەرامبەر بە ڕووسیا و کۆریای باکوور دوای ئەوە هات کە وڵاتانی ئەندامی (G7) لەگەڵ کۆریای باشوور، ئوسترالیا و نیوزلەندا دوێنێ دووشەممە بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، "ئیدانەی هەماهەنگییە سەربازییەکانی نێوان کۆریای باکوور و ڕووسیا کرد".

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین