وەزیری دەرەوەی تورکیا: بەشار ئەسەد ئامادەنییە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان تورکیە

نوچە نێت

هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لێدوانێکدا دەڵێت، تورکیا دەیەوێت سەقامگیری دەستەبەربکات بۆ سووریا و رایگەیاند، "ئەسەد و هاوبەشەکانی ئامادەنین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئاسایبکەنەوە."

ئەمڕۆ یەکشەممە (دووی تشرینی دووەم/2024) ماڵپەڕی (T24) بڵاویکردەوە، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لێدوانێکیدا سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی سووریا دەڵێت، "ویستی تورکیا ئەوەیە حکومەتی سووریا و ئۆپۆزسیۆن سیاسەتێکی دروست پەیرەو بکەن، بۆ ئەوەی کۆتایی بە ململانێکانیان بهێنن و بتوانن ڕێکبکەون، هەروەها دەبێت کەشێکی ئەمنی و سەقامگیر بۆ گەلەکەیان بڕەخسێنن." 
هاکان فیدان ئاماژە بەوە دەکات، "ئەوەی ئێمە لە کردەوەکانی حکومەتی سووریا تێگەیشتوینە ئەوان هیچ مەبەستەکیان نییە ڕێکبکەون لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن و بەیەکجاری پەیوەندییەکانی نێو خاکی سووریا ئاساییبکەنەوە."
سەبارەت بە رازینەبوونی سەرۆکی سووریا وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، "تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک لەلایەن ئەسەد و هاوبەشەکانی نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ تورکیا، وادیارە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی سووریا لە زیادبووندایە، ئەگەر رێکخراوە تیرۆرستیەکان بیانەوێت سوود لەو پشێویە وەرگرن، لەوانەیە خاکی سووریا بکەوێتە مەترسی و ناسەقامگیریەکی زیاتر و کەسیش ئەمەی پێخۆش نییە."
لەدوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بانگەوازی بەشار ئەسەد سەرۆکی سووریای کرد پەیوەندییەکانیان وەکو رابردوو ئاسایبکەنەوە، بەڵام سەرۆکی سووریا ڕەتیدەکاتەوە و دەڵێت، مەرجی سەرەکی دانوستاندنی تورکیا و سووریا کشانەوەی هێزەکانی تورکیایە بەیەکجاری لە نێو خاکی سووریا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین