كۆمەڵی دادگەریی كوردستان: لێكۆڵینەوە لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەكەین کوردستانی

نوچە نێت

لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان  لە ڕاگەیێندراوێكدا ئاماژە بەوە دەكات، كە پرسیاریان لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی كوردستان بۆ دروست بووە و دەڵێن، "سەرقاڵی ‏لێكۆڵینەوەین."

ئەمڕۆ سێشەممە (22/تشرینی یەكەم/2024) لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان ڕاگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە و پشتڕاستی كەمكردنەوەی دەنگەكانیان دەكەنەوە و دەشڵێت، "ئەم دۆخە پێویست بە هەڵسەنگاندنی ورد و بەدواداچوونی جددی دەكات، پشتیوان ‏بە خوا بە پلان و ستراتیژ و بڕیاری پێویستەوە، لە ئایندەدا هیوا و ئومێد بۆ ئەندامان و دۆستان و دەنگدەرانمان ‏دەگێڕینەوە.‏"

 

دەقی ڕاگەیێندراوەكەی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان:

جەماوەری كوردستان..‏

دەنگدەرانی كۆمەڵی دادگەری..‏

ئەندام و لایەنگران..‏

پاش کۆتایهاتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەڕلەمانی كوردستان، ئەنجامە بەدەستهاتووەكانی كۆمەڵی دادگەری لە ‏ئاست چاوەڕوانیی ئێمە و هەڵوێست و هەوڵەكانماندا نەبووە.‏

ئێمە سوپاسی تەواوی دەنگدەرانمان دەكەین كە متمانەیان بە كۆمەڵی دادگەری دا و پشتیوانییان لێ كرد. ‏سوپاسی هەموو لیژنە و بازنە و تیم و میدیا و چاودێران و تەواوی ئەندامانمان دەكەین، سوپاسی تەواوی ‏كاندیدەكانمان دەكەین كە ماندووبوون و هەوڵی زۆریان دا. بەڵام وەك دیارە دەنگەكانی كۆمەڵی دادگەریی ‏كورستان كەمی كردووە.‏

سەرباری ئەوەی هەندێك زانیاریمان لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن بەدەست گەیشتووە، کە لای ئێمە پرسیار لەسەر پرۆسەکە دروست دەکات و سەرقاڵی ‏لێكۆڵینەوەین لەبارەیانەوە، پاش تەواوبوونی لێكۆڵینەوەكانمان هەڵوێستی خۆمان لەبارەی پرۆسەكەوە ‏ڕادەگەیەنین.

ئەم دۆخە پێویست بە هەڵسەنگاندنی ورد و بەدواداچوونی جددی دەكات، پشتیوان ‏بە خوا بە پلان و ستراتیژ و بڕیاری پێویستەوە، لە ئایندەدا هیوا و ئومێد بۆ ئەندامان و دۆستان و دەنگدەرانمان ‏دەگێڕینەوە.‏

گومانی تێدا نییە خەبات و پڕۆژەی كاری ئیسلامی هەڵكشان و داكشانی تێدایە و ئایندە پێویستی بە ورەی بەرز ‏و چەسپاوی و بەردەوامی هەیە، هەر بۆیە داواتان لێ دەكەین پشوودرێژ و خۆڕاگر بن، پشتیوان بەخوا ‏كاروانی كۆمەڵی دادگەری باشتر و درەوشاوەتر دەبێت.‏

والسلام علیكم ورحمە الله

لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان

‏21/10/2024 زایینی، 18 / ربیع الاخر/ 1446 كۆچی

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین