هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوامە وەرگێڕان

نوچە نێت: تایبەت

ئامادەكردنی: سنوور یاسین

پێشەکی

هەریەکە لە چەکدارانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، چەکدارانی حیزبوڵڵا لە لوبنان دووپاتی دەکەنەوە، "بەردەوام دەبن لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، بەرپەرچدانەوەیان تاوەکو ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دەگەن بە ڕێککەوتن یاخود ڕاگەیاندنی ئاگربەست.

هەردوو گرووپەکە ڕایانگەیاندووە، "زنجیرەیەک هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و مووشەکیان کردووەتە سەر پێگەکانی ئیسرائیل لە باشوور و باکوری ئەم وڵاتە"

لە لایەکی ترەوە بەرپرسانی ئەمەریکا ئاشکرایان کرد، "بەهۆی نیگەرانیان لە ئاسایش و بارودۆخی ناوچەکە، هێزەکانی ئەمەریکا هێرشیان کردووەتە سەر کۆگاکانی چەکی حوسییەکان لە یەمەن".

 

هێرشی مقاوەمەی ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل

ڕۆژی پێنجشەممە (17/تشرینی یەکەم/2024) گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند، "بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان شوێنێکی گرنگیان لە ئیلات لە باشووری ئیسرائیل کردووەتە ئامانج".

لە بەیاننامەیەکدا گرووپەکە ڕایگەیاند، "لە بەردەوامی بەرپەرچدانەوەکانمان لە دژی داگیرکارییەکانی ئیسرائیل و پشتیوانی کردن لە هاووڵاتیانی سڤیلی فەلەستین و لوبنان، دووپاتی دەکەنەوە هێرشەکانیان بۆ سەر ئەم وڵاتە چرتر و زیاتر دەکەنەوە".

ئەمەریكا: بەردەوام دەبین لە ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنانمان دوور بن یاخود بەهێز بن.

 

چەکدارانی حیزبوڵڵای لوبنانی

ڕۆژی چوارشەممە (16/تشرینی یەکەم/2024) حیزبوڵڵا ڕایگەیاند، "بەردەوامن لە هەنگاوە سەربازییەکانیان دژی ئیسرائیل، هێرشی مووشەکیان کردووەتە سەر ئیسرائیل".

چەکدارانی حیزبوڵڵا جەخت لەوە دەکەنەوە، "بە مووشەک ئۆتۆمبێلێکیان کردووەتە ئامانج و زیانی گیانی لێ کەوتووەتەوە، هەروەها کۆگا گرنگەکانی ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج".

میدیاکانی ئیسرائیل پشتڕاستی هەواڵەکەیان كردۆتەوە و دەڵێن، "بە مووشەک هێرش کراوەتە سەر وڵاتەکەمان".

 

هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر حووسیییەکان

لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "سوپای ئەمەریکا هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئامانجەکانی حووسییەکان لە یەمەن ئەنجامداوە".

وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ڕاشیگەیاند، "هێزی ئاسمانی ئەمەریکا هێرشی وردیان کردووەتە سەر پێنج کۆگای چەک لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکان، بەپێی زانیارییە فەرمییەکان ئەو دامەزراوانە پێکهاتەی ئەم چەکانەیان تێدایە کە لە هێرشەکاندا بەکاردەهێنرێن بۆ سەر کەشتییە بازرگانی و سەربازییەکان لە ناوچەکەدا".

لوید ئۆستن ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، "ئەمەریکا توانای بێ هاوتای هەیە بۆ ئەوەی کۆتایی بە دامەزراوە و کۆگاکانی حووسییەکان بهێنێت، سوپای ئەمەریکا نمایشێکی گرنگی کرد، بەردەوام دەبین لە ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنانمان هەرچەند دوور بن یاخود بەهێز بن".

وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ڕاشیگەیاند. "بەهۆی هێرشە مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکانی حوسییەکانەوە ڕێگای بازرگانی نێودەوڵەتی پەکی کەوتووە، ئامانجی هێرشەکانمان بێهێزکردنی توانای حووسییەکانە تاوەکو نەتوانن بەردەوام بن لە برەودان بە ناسەقامگیرییەکانی ناوچەکە".

لە لایەکی ترەوە فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "ئەمەریکا تەنیا زیانی بە کۆگاکانی چەکی حووسییەکان گەیاندووە، هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە".

بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە (21) هەزار هاووڵاتی بوونەتە قوربانی

وەزارەتی تەندروستی فەلەستین ڕایگەیاند، لە (7)ی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە (42,500) فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون. نزیکەی (100) هەزار هاووڵاتیش بریندار بوون.

بە گوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و حکومەتی فەلەستین لە سەرەتای جەنگی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماسەوە زیاتر لە نیوەی ماڵەکانی غەزە وێران بوون یاخود زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، (%80)ی کەرتی بازرگانی لە کار کەوتووە، (%87) باڵەخانەی قوتابخانەکان زیانیان بەرکەوتووە و نەخۆشخانەکانیش زیانی زۆریان بەرکەوتووە.

لە لایەکی تریشەوە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە (2,367) هاووڵاتی لە لوبنان گیانیان لە دەستداوە، (11,088) هاووڵاتی بریندار بوون، زۆربەیان هاووڵاتیانی سڤیل بوون، نزیکەی (1.5) ملیۆن هاووڵاتیش ئاوارە بوون.

هەروەها هەر بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە یەمەن چوار هاووڵاتی گیانیان لە دەستداوە، (33) هاووڵاتی تریش بریندار بوون.

بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی ئیسرائیل زیاتر لە (1,139) هاووڵاتی گیانیان لە دەستداوە، نزیکەی (8,730) هاووڵاتیش بریندار بوون، 

سەرچاوە: ماڵپەڕی (شەفەق نیوز)

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین