نزیکبوونەوەی مەهەپە و دێم بۆچوونی جیاوازی لێدەکەوێتەوە تورکیە

نوچە نێت

ئامادەكردنی: دنیا ئەحمەد 

میدیای توركیا و چاودێرانی سیاسی ئەو وڵاتە باس لە دەستپێیكردنەوەی خولێكی نوێی گفتوگۆی ئاشتی و پرسی چارەسەری كورد دەكەن، بەپێی هەندێ سەرچاوەی ڕۆژنامەوانی داوا لە عەبدوڵڵا جەلان ڕێبەری پێشووی پارتی كرێكاران (پەكەكە)  كراوە لەگەڵ پەكەكە گفتوگۆ بكات، لەلایەكی دیكەوە بەشێك لە پارتە عەلمانییەكان داوا لە پارتە كوردییەكان ببن بە پارتێكی توركی و دژی چالاكییە قەدەغەكراوەكان لە توركیا بوەستنەوە.

ماڵپەڕی (T24) بڵاویکردەوە، لەدوای ئەوەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەیی تورك (مەهەپە)  لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی تورکیا چووە لای ئەندامانی پارتی دیموكراتی و یەكسانی (دێم پارتی) و سڵاوی لێکردن و دەستی تەوقەكردنی بۆ درێژکردن، ئەو هەڵوێستەی باخچەلی لێکدانەوەی جیاوازی بۆ کرا، سەبارەت بە كاردانەوەكانیش باخچەڵی رایگەیاند، "ئەو دەستەی بۆ دەم پارتی درێژمکردوە هەڵوێستێک و ئۆفەرێکی نوێیە، داوایان لێدەکەم بێن ببنە پارتێکی تورکیا و لە دژی تیرۆر بوەستن."

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا سەبارەت بەو بابەتە رایگەیاند، "هیواخوازم ئەو دەستەی لەلایەن هاوپەیمانی جمهور بۆ دێم پارتی درێژکراوە نرخی بزانن، دەمانەوێت لەمەو بەدوا هەموو پارتەکانی نێو پەرلەمان هەمان رێباز پەیرەو بکەن بۆ ئەم پرسە و بەبێ هیچ جیاوازییەک." 

لەدوای ئەو لێدوانەی سەرۆکی تورکیا لەنێو میدیاکان پرسیاری ئەوە دروستبووە ئایا "پرۆسەیەکی ئاشتی نوێ دەستپێدەکرێ؟" 

عەبدولقادر سێلڤی ڕۆژنامەنووسی حورییەت، لە وتارێکیدا بەناوی ئایا پرۆسەیەکی ئاشتی نوێ لە تورکیا دەستپێدەکات؟ سێلڤی لە بەشێكی وتارەكەی نووسیوویەتی، "سەرکردەکانی دێم پارتی بەرامبەر بەو دۆخە چیان کرد؟ وەک یەکەم ناونیشان ئیمرالیان پیشاندا، هەربۆیەش لەیەکەم هەنگاودا سەرکردەکانیان خۆیان لە قسەکردن بەدوورگرت، پەیامەکەیان ئەوەبوو بەبێ ئۆجەڵان ئەو کارە ناکرێ و واتا لەلای ئەوان پرۆسەیەکی نوێ نییە، بەڵام دەبێت چاوەروان بین ئەو پرۆسە نوێیەی باخچەلی و ئەردۆغان دەستیان پێکردووە بە کوێ دەگات."

سێلڤی پێشیوایە پرۆسەی نوێی ئاشتی لەژێر ڕۆشنایی و بیروبۆچوون و ئەزمونی جیاوانی ئێستا کە تورکیا دەیەوێت بەکاری بهێنێت لەم پرۆسەیەدا هاوشێوەی پرۆسەی ئاشتی کۆن نابێت و دەشڵێت، "چونکە هەم پەکەکە و هەم درێژکراوە سیاسیەکانی هۆکارێک بوونە بۆ شکستهێنان بە پرۆسەکە و چارەسەرەکانی."

ئەو رۆژنامەنووسە ئاماژەی بەوەكردووە،  "ئەو دۆخە هەنگاوێکە بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی ناوخۆیی و هەوڵێکە بۆ یەکپارچەیی تورکیا، هەروەها سەرکردەکانی ئاکپارتی و مەهەپە دەستپێشخەرییەکیان پەرەپێداوە بۆ مانەوەی تورکیا."

ماڵپەری (ئیندپێندتبڵاوی كردەوە، ئەحمەد تورک، سەرۆکی شارەوانی ماردین لەبارەی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی گوتی، "نازانین، بەڵام کات ئەوەی دەردەخات، ئێمەش قسەکانی ئەردۆغان نە بەکەم سەیر کەین و نە لە قەبارەی خۆی گەورەتری کەین." 

لەبارەی لێدوانەکەی ئەردۆغانی لە پەرلەمان ئاماژە بەوەدەكات، "ئێمە شەرم لە دانوستاندنەک ناکەین لەسەر پرسێک کە سوودی بۆ میللەت هەبێت." تورک لەوبارەیەوە جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە،  ئەمە هەنگاوێکی باش و گرینگە، کەسەکە گرینگ نییە پێویستی بە رێوشوێن و کردارە، دەبێت سیاسەتێکی گشتگیر و کۆبوونەوە ئەنجامبدرێت لەگەڵ کەسانێک کە لەلایەن کۆمەڵگاوە وەک نوێنەری خۆی هەڵیبژاردووە و کارێکی ئەرێنی دەبێت وە زۆر پێویستە ئەمە بکرێت چاوەروانین.

ماڵپەری (گەلبڵاوی كردەوە، محەمەد تیزکان، رۆژنامەنوس لە وتارێکیدا بەناوی "ئایا مەهەپە قۆڵ لەناو قۆڵی سیاسەتی کورد دەنێت؟" 

تیزکان لە وتارەکەیدا نووسیویەتی، "با زۆر بەڕوونی بیلێم، دێم پارتی کەس تێیان ناگات، لە مێشکماندا هەدەپە هەیە، سەڵاحەدین دەمیرتاش هەیە بەڵام دێم نییە هێشتا مێشکیان باش نەچەسپاوە، بەهۆی ئەو هۆکارەشەوە سیاسەتی کورد لەدواوە ماوەتەوە." 

ئەو رۆژنامەنووسە لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەکاتێکدا مەهەپە قۆڵی خستە ناو قۆڵی هودا پارت، باخچەلی بەگوێرەی ئەوەی دەستی سەرۆکی گشتی هودا پارتی بەرزکردەوە، ئەی بۆچی دەستی سەرۆکی گشتی دێم پارت بەرزنەکاتەوە. 

سەبارەت بە هەوڵەكانیش نووسیوویەتی، دەێم پارتی ناتوانێت هەموو شتێک بڵێت وەک سەرۆکی هودا پارت بوێری نییە، چونکە ئەگەر هەندێک شت بڵێن پارتەکەیان دادەخرێت، وە دەخرێنە زیندان، هەرچەندە لە رابردوو سەرۆکی هودا پارت رایگەیاند بوو کە ناتوانن بە پەکەکە بڵێن رێکخراوی تیرۆرست، بەڵام باخچەلی لەهەمان شوێن لەگەڵ سەرۆکی هودا پارت دەستی بەررزکردەوە و لە ئێستادا بەیەکەوە هاوپەیمانی جمهورن. 

تیزکان دەڵێت، لەدوای ئەو کردەوانەی باخچەلی لەگەڵ سەرۆکی دێم پارتیش دەست بەرزدەکاتەوە، قۆڵ لەناو قۆڵیشیان دەنێت، بۆ ئەوەی ئەردۆغان پێیخۆشە دەیکات، بۆئەوەی لەدەسەڵات بمێنێتەوە هەموو شتێک دەکات، پێشم وایە ئەمە بۆتورکیا بایاب دەبێت ئەگەر فێڵ و شتی تری لە پشتەوە نەبێت، ئەگەر هەر دەستپێشخەریەکیش دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی پێم وایە سنورداردەبێت.

ماڵپەری (T24) لەراپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ناکهان ئالچی نوسەر و رۆژنامەنوس پرسیار دەکات،  كە ئایا دەکرێت دەست بە چارەسەری پرۆسەی ئاشتی بکرێتەوە؟ لەوبارەیەوە چەند بەرپرسێکی مەهەپە و پەکپارتی و دێنم پارت بۆ چوونی جیاوازیان هەیە. 

لەبارەی ئەو پرسیارەوە بەرپرسانی مەهەپە دەڵێن، "هەرگیز چارەسەرێک وەک پرۆسەی رابردوو نابێت." 

هەروەها لەبارەی ئەو پرسیارەوە ئەی بۆچی جاخاجەلی بەدەستی لەرزۆکەوە دەستی بردەپێش بۆ دێم پارتی؟ واتا هیچ شتێک ناگۆرێت؟ 

لە وەڵامدا سەرچاوەکانی مەهەپە دەڵێن، زۆر بەڕوونی دەیلێم بەدڵنیاییەوە شتێک هەیە، سەرۆکی گشتی پارتەکەمان هیچ شتێک بێ هۆکار ناکات، ئەگەر شتێک بکات تەئکید هۆکارێکی هەیە و بەبێ هۆ دەستی وانی نەکوشی. 

ئەو رۆژنامە نووسە نووسیوویەتی،  ئەوەی من تێیبگەم باخچولی بەرلەوەی دەستی دێم بگرێ راوێژی لەنێو بەڕێوەبردنی پارتەکەی کردووە، هەوەها ئەو سەرچاوەیە کە نەیدەویست ناوی ئاشکرابێ رایگەیاند، ناتوانی هیچ شتێک بڵێم لەبارەی ئەوەی باخچەلی قسەی لەگەڵ ئەردۆغان کردووە یان نا زانیاری تەواوم نییە.

سەرچاوەکانی دێم پارتیش ئاماژەیان بەوەکردووە، "لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە تاوەکو ئێستا هیچ داواکارییەک بۆ گفتوگۆ پێمان نەگەیشتووە، تورکیا زۆر پێویستی بە پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی هەیە، ئێمە بۆ هەموو جۆرە دانوستاندنەک ئامادەین بەڵام هیچ ئاماژەیەک نییە." 

لەلایەکی تر ئۆرهان میرۆغڵو سەر بە  ئەکپارتی سەبارەت بەو بابەتە دەڵێن، "لێرەبەدوا تورکیا دەبێت ئەو بابەتە تێپەرێنێت و هەروەها هاوپەیمانی جمهور دەبێت بە دەسەڵاتی خۆی مامەلە بکات، چونکە ئۆپۆزسیۆن راستەوخۆ بەشێوەیەکی ئەرێنی دەیەوێت نزیک ببێتەوە لەم پرسە، دەبێت ئەو پرسە یان ببەینەوە یان سوودی لێببینین، پێویستە لەمەوبەدوا کورد ببێتە هاوبەشێک لەرووی نوێنەرایەتی و کلتور و هاوبەشی تورکیا"  

میرئۆغڵو ڕایگەیاند، "تاوەکو ئێستا ناوی میری گردی پیێر لۆتی لە ئەستەمبۆڵ هەیە، هەروەها گۆری ئیدریسی بەدلیسی لەتورکیایە بەڵام نە ئۆپۆزسیۆن نە حکوموت سەردانی ناکات دەبێت ئەو بەربەستانە بشکێندرێت، جگە لەمەش بۆ ئەو بابەتە حزبەکانی پارتی و یەکێتی لەعێراق ڕووبەڕروی تورکیا دەبنەوە و دەبێت ئەوە بزانین، دەبێت هاوپەیمانی گەڵ باوەری تەواوی بە هێز و دەسەڵاتی خۆی هەبێت، کورد و تورکیش متمانەی تەواویان بە ئەردۆغان هەبێت." 

مورات یەتکین، نووسەر و رۆژنامەنوس سەبارەت بەو پرسە دەڵێت، "هاوکێشەكە زۆر ڕوونە، ئەردۆغان دەیەوێت بە دامەزراندنی دەستووی نوێ دوو خولی تر خۆی بۆ سەرۆکایەتی تورکیا کاندید بکاتەوە، لەلایەکی تر دەم پارتی ناونیشانی ئۆجەڵانی داوە، دەیەوێت دووبارە دانوستاندنەکان لەگەڵ ئۆجەڵان دەستپێبکرێتەوە، نەک لەگەڵ دەمیرتاش."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین