سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە شاری هەولێر دەکات کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر كۆبوونەوە و هەردوولا جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی شەفاف دەكەنەوە.

ڕۆژی چوارشەممە (28-8-2024) لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە کڵاوس شترایشەر کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر کرد کە بەبۆنەی کۆتایهاتنی ئەرکەکەی و بە مەبەستی ماڵئاواییکردن و هەروەها ناساندنی ئاڵبێرت فۆن ویتک وەک جێگرەوەی، سەردانی سەرۆک بارزانی کردبوو.

بە گوێرەی ڕاگەیێیندراوەكەی بارەگای بارزانی، لە كۆبوونەوەكەدا "کۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد کە لە ماوەی کارکردنی لە هەولێر هەردەم پشتیوانی بووە و پێزانینی بۆ میوانداریی و هەماهەنگیی دامەزراوەکانی هەرێم و خەڵکی کوردستان هەبوو. کونسوڵی ئەڵمانیا ئاماژەی بە گرنگیی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتەکەی دا کە دەبێ لە داهاتووشدا بە بایەخەوە بەردەوامیی هەبێت."

هەروەها سەرۆک بارزانی "وێڕای جەختکردنەوە لە بایەخی بەرەوپێشەوەچوونی هەماهەنگی و بەردەوامیی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا، سوپاسی ئەرک و ماندووبوونی کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیای کرد و هەروەها هیوای سەرکەوتنی بۆ کونسوڵی تازەی ئەڵمانیا لە هەولێر خواست."

ڕاگەیێندراوەكە ئاماژە بەوە دەكات، هەر لەو كۆبوونەكەدا "ڕۆشنایی خرایە سەر هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری داهاتووی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆک بارزانی بەرچاوڕوونیی پێویستی لەوبارەیەوە خستەڕوو و جەختیش لەوە کرایەوە کە پێویستە هەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف و لە کەشێکی ئارام بەڕێوە بچێت."

ئەوەش هاتووە لە ڕاگەیێندراوەكەدا "هەڕەشەکانی تیرۆر لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە تەوەری تری" ئەو كۆبوونەوە بوو.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین