چەندین وڵات بەهاوبەشى مانۆڕی سەربازیی دژی چین ئەنجام دەدەن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

بە هاوبەشى هەر یەک لە ئەمەریکا، ئوسترالیا، کەنەدا و فلیپین مانۆڕی سەربازیی دەریایی و ئاسمانییان لە دەریای باشووری چین ئەنجام دا. چین دەڵێت، دەیانەوێ سەقامگیریی ناوچەکە تێک بدەن.

ڕۆژی چوارشەممە (حەوتی/ئاب/2024) ماڵپەڕی (شەرقولئەوسەت) بڵاویکردەوە، "وەک نمایشی هێز لە دەریای باشووری چین هەریەکە لە وڵاتانی ئەمەریکا، ئوسترالیا، کەنەدا و فلیپین مانۆڕی جیاوازیان ئەنجام دا. چین دووپاتی کردەوە کە لەم ماوەیەدا پاسەوانی دەریایی و ئاسمانی کردووە".

ئەدمیرال ساموێل پاپارۆ، سەرۆکایەتی فەرماندەیی هیندۆ پاسیفیک و فەرماندە باڵاکانی سوپا و بەرگری لە ئوسترالیا، کەنەدا و فلیپین دەکات لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "پێکەوە دەوەستین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگییە دەریاییەکان، جەخت دەکەینەوە لەسەر پابەندبوونمان بە پاراستنی یاسای نێودەوڵەتی".

لە لایەکی ترەوە سەرچاوە سەربازییەکان باس لەوە دەکەن، "چین ماوەیەکی زۆرە داوای بەشێکی زۆری دەریای باشووری چین دەکات کە ڕێگایەکی سەرەکی بازرگانی و ئاسایشی جیهانییە، هەوڵ دەدات بە هەر نرخێک بێت بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی خۆی بکات. ئەمەش وادەکات ناکۆکی بکەوێتە نێوان و وڵاتانی فلیپین و ڤێتنام کە ڕێگری دەکات لە گەیشتنیان بە ناوچەکانى ڕاوە ماسی و گەڕان بەدوای نەوت و گاز لە شوێنە ئابوورییە گرنگەکان دا".

ئەم وڵاتانە ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، "مانۆڕی دوو ڕۆژەیان ئەنجامداوە بۆ پاراستنی ڕێرە و ڕێگایان بۆ ئەوەی بێ توانن هاتووچۆ بکەن بێ هیچ کۆسپ و تەگەرەیەک لە ناوچەی هیندۆ پاسیفیک".

لە بەرامبەردا فەرماندەیی شانۆی باشووری سوپای چین لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "ئاگاداری چالاکییە سەربازییەکانی دەریای باشووری چینین، لە ژێر کۆنتڕۆڵ دان، وڵاتەکەمان بەردەوام ئەمەریکا، فلیپین و ئەوانی تر تۆمەتبار دەکات بە تێکدانی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە لە ڕێگەی چالاکییە سەربازییە جیاوازەکانیانەوە".

چین باسی لەوەش کردووە، "لە نزیک سکاربۆرۆ شۆل کە ناوچەیەکی جێناکۆکە لە دەریای باشووری چین ئێشکگری هاوبەشی دەریایی و ئاسمانی ئەنجامداوە"

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین