پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکان کوردستانی

نوچە نێت

لە ساڵیادی جینۆسایدكردنی بارزانییە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە، لە پەیامەكەی هاتووە، “لە ساڵڤەگەڕی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکان، بە ڕێز و شکۆوە یادی هەموو قوربانییانی ئەو شاڵاوە ڕەگەزپەرستانەیە دەکەینەوە کە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، ڕووبەڕووی هۆڤانەترین تاوانی پاکتاوکردن بوونەوە.”

ئەمڕۆ چوارشەممە (31/ تەمموز/ 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم پەیامێكی بڵاوكردەوە، لە پەیامەكەی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ ودانوستانەکانیدا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، هەمیشە پێداگرە لەسەر ئەوەی دەبێت بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق، بە شێوەیەکی شایستە، قەرەبووی ماددی و مەعنەویی بکرێنەوە.

دەقی پەیامی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان: 

لە ساڵڤەگەڕی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکان، بە ڕێز و شکۆوە یادی هەموو قوربانییانی ئەو شاڵاوە ڕەگەزپەرستانەیە دەکەینەوە کە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، ڕووبەڕووی هۆڤانەترین تاوانی پاکتاوکردن بوونەوە کە دەستپێکێک بوو بۆ شاڵاوەکانی دیکەی ئەنفال لە ناوچەکانی گەرمیان و بادینان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و کۆمەڵکوژیی ناوچەکانی دیکەی کوردستان.

دەڤەری بارزان هەمیشە مەڵبەندی شۆڕش و ڕاپەڕین و تێکۆشان بووە لە پێناو بەرگریکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان، بۆیە دووچاری چەندین شاڵاوی وێرانکردن و سووتاندن و کۆمەڵکوژی بووەتەوە، بەڵام دوژمنان هەرگیز نەیانتوانیوە گیانی خۆڕاگری و خواست و ویستی ئازادیخوازانەی خەڵکەکەی لەناوببەن. تا ئەمڕۆش دەڤەری بارزان، ناوەند و مەکۆی داکۆکیکردنە لە ماف و داخوازییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی گەلی کوردستان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ ودانوستانەکانیدا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، هەمیشە پێداگرە لەسەر ئەوەی دەبێت بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق، بە شێوەیەکی شایستە، قەرەبووی ماددی و مەعنەویی بکرێنەوە.

لەم بۆنە خەمناکەدا، ڕێز و پێزانینمان بۆ خەڵکی کوردستان بە گشتی و خەڵکی هەولێر و دەوروبەری بەتایبەتی هەیە کە جوامێرانە بە هانای کەسوکاری لێقەوماوی بارزانییەکانەوە چوون و هاوکاریان کردن.

سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ئەنفالکراوی بارزانییەکان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین و هەمیشە لەیادمانن.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2024/7/31

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین