تەرمی پێنج بارمتەی ئیسرائیل لە غەزە دۆزرایەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، تەرمی پێنج بارمتە لە غەزە دۆزرانەوە، زۆربەیان لە هێرشەکەی غەزە بۆ سەر ئیسرائیل کوژراون و تەرمەکانیان ڕفێندراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە (25/تەمووز/2024) ماڵپەڕی (بی بی سی) بڵاویکردەوە، هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل و ئاژانسی ئاسایشی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستیان کردەوە، "لە ئۆپراسیۆنێکدا توانیویانە تەرمی پێنج بارمتە لە خان یونس بدۆزنەوە، لەم پێنج کەسە یەکێکیان مامۆستای باخچە بووە، ئەوانی تر پلەی سەربازییان هەبووە".

لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، "بۆیان دەرکەوتووە کە مامۆستای باخچەکە لە زینداندا کوژراوە، بەڵام سەربازەکان لە ڕۆژی (7) ی ئۆکتۆبەر کاتێک چەکدرانی حەماس هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل لە شەڕدا کوژراون، پاشان تەرمەکانیان ڕفێندراوە بۆ غەزە".

ڕاگەیێندراوەکە باس لە ئەرکی سوپای ئیسرائیل دەکات، "بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی هەموو کوژراوەکان، بارمتەکان و ئازادکردنی زیندانییەکان. سوپای ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە ئۆپراسیۆنەکان و هەموو ئامرازەکانی هەواڵگری بەکاردەهێنێت بۆ جێبەجێکردنی ئەرکیان بۆ ڕزگارکردنی هەموو بارمتەکان."

لە هێرشەکەی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا چەکدارانی حەماس (251) کەسیان بە بارمتە گرت، تاوەکو ئێستا چارەنووسی (111) یان دیار نییە، بەڵام گومان دەکرێت کوژرابن یاخود لە زیندانەکاندا گیانیان لەدەستدابێت. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین