پارێزگاى هەولێر: لە ڕۆژانى جەژنى قوربان (54) تاوان تۆمارکراوە کوردستانی

نوچەنێت

پارێزگاى هەولێر لە ڕاگەیێندراوێکدا ئەنجامى پلانى ڕۆژانى جەژنى قوربان دەخاتەڕوو و دەڵێت، "ژمارەی ئەو گەشیارانەی لە ڕۆژانی جەژن سەردانی هەولێری پایتەختیان کردووە بریتی بووە لە (117 هەزار و 421) گەشتیار."

رۆژى پێنجشەممە (20-6-2024) پارێزگاى هەولێر ئاماری گشتیی ژمارەى هاتنى گەشتیاران و ڕووداوەکانی ڕۆژانی جەژن بڵاوکردەوە.

لەڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە ڕۆژانی جەژن (54) تاوان تۆمارکراوە، (51) تاوان ئاشکراکراوە، (1) تاوانیش لە ژێرلێکۆڵینەوە دایە"، هاوكات "(3) ڕووداوی هاتووچۆ ڕویداووە و تەنها زیانی مادی لێکەوتۆتەوە."

سەبارەت بە رووداوى ئاگرکەوتنەوە، لەوماوەیەدا "(29) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، کە (22) حاڵەتیان سووتانی پووش و پاوان بووە و حاڵەتەکانی تریش (3) ئۆتۆمبێل و (3) خانوو و (1) دوکان بووە، سەرجەمیان لە لایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵکراوە و خۆشبەختانە جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە."

هەروەها بە ئامارى نەخۆشخانەکان، "(3263) نەخۆش سەردانى نەخۆشخانەکانی سنووری پارێزگای هەولێریان کردووە، (154) منداڵ لە هەردوو ڕەگەز لە دایک بوونە و (222) نەشتەرگەرى گەورە و بچووک ئەنجامدراوە."

پارێزگاى هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، "لە ڕۆژانی جەژن (1090) تۆن زبڵ و پاشماوە لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر کۆکراوەتەوە و لە زبڵخانەی کانی قڕژاڵە چارەسەریان بۆ کراوە."

لە بارەى ئامارى کوشتارگەى هەولێر تێیدا هاتووە، "(269) ئاژەڵی گەورە و (759) ئاژەڵی بچووک کراوەتە قوربانی، ئاژەڵە گەورەکان (53) هەزار و (800) کیلۆگرام بوونە و ئاژەڵە بچووکەکانیش (17) هەزار و (457) کیلۆگرام بوونە."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین