لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆکی شارەوانییەکانی تورکیا دانانی قەییووم لە شارە کووردییەکان دەستی پێکرد شیکاری

نوچە نێت

وەرگێرانى: دنیا ئەحمەد 

لە پارێزگای جۆلەمێرگ محەمەد سەدیق ئاکش، سەرۆکی شارەوانی دەم پارتی لەسەرکارلادرا و قەییووم لەشوێنی دانرا، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە دەستگیرکردنی ئاکش رایگەیاند، بەناوی پەکەکەوە هەڕەشەی لە کاسبکاران و خەڵک کردووە و پرسەی بۆ پەکەکە ئامادەکردووە. 

ماڵپەری (بی بی سی) بڵاویکردەوە، محەمەد سەدیق ئاکش، کاندیدی دەم پارتی بوو لە جۆلەمێرگ لە هەڵبژاردنی (31)ی ئادار وەک هاوسەرۆکی شارەوانی ئەم شارە سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

بەیانی ئەمرۆ سەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگ لەشاری وان لەلایەن پۆلیسی ئەم شارە دەستبەسەر کرا و قەییووم لە شوێنی دانرا، لەدوای هەڵبژاردنی ئەم جارە ئەمە یەکەم قەییوومە دابنرێت، هەروەها لە کارەکەی دورخرایەوە و لەشوێنی ئەو عەلی چەلیک، پارێزگاری جۆلەمێرگ وەک سەرۆکی شارەوانی نوێ دانرا. 

سەبارەت بە دەستگیرکردنى ناوخۆ لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، "محەمەد سەدیق ئاکش دەستێکی باڵای هەیە لە رێکخستنی رێکخراوی پەکەکە، هەروەها هەڕەشەی لە خەڵک کردووە و چالاکی و پرسەی بۆ ئەم تیرۆرستانە ئامادەکردووە." 

لە بەشێکی دیکەى راگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ هاتووە، "کەیسەکە لەلایەن سەرۆکی گشتی شارەوانی جۆلەمێرگ کراوەتەوە بەرامبەر بە باکش و لێکۆلینەوە لە کەیسەکە بەردەوام دەبێت لە چوارچێوەی پەیوەندیبوون بە ئەندامانی رێکخراوی پەکەکە." 

دەم پارتی لە پەیامێکدا لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس رەخنە لەو بڕیارە دەگرێت و دەڵێت، "بەهەموو شێوەیەک قەییووم ڕەتدەکەینەوە، هیوادارم بەرامبەر ئەم کوردەتاییە هەموو ئەو لایانگرانەمان کە پشتیوانی ئازادی و دیموکراسی دەکەن هەڵوێستی ئاشکرایان هەبێت، دەستی کوردەتاچی و قەیووم تەنیا هەڕەشەنییە بۆ جۆلەمێرگ بەڵکو هەڕەشەیەکی جددیشە بۆ هەموو تورکیا." 

هەروەها بەهۆی دانانی قەییووم لە جۆلەمێرگ قایمقامی ئەم شارە بۆ ماوەی (10) رۆژ هەموو جۆرە خۆپیشاندان و چالاکی و کۆبوونەوەو بەیاننامەی رۆژنامەگەری نارەزایی دەربڕین و دانانی چادری قەدەغەکرد، جگە لەمەش لە دیاربەکریش بۆ ماوەى پێنج رۆژ هەموو جۆرە خۆپیشاندانێک قەدەغە کرا.

ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی گشتی جەهەپە لە پەیامێکدا سەبارەی بە دانانی قەییووم لە جۆلەمێرگ گوتی، "ئەو دۆسیەیە بەر لە (10)ساڵ پێش ئێستا کراوەتەوە تائێستا کۆتایی نەهاتووە ئەمە تۆمەتە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن و هەڵکوتانە سەر بینای شارەوانی و دەستگیرکردنی سەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگ و دانانی قەییووم ڕەتدەکەینەوە." 

سەرۆکی جەهەپە ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوەی روویداوە پشتگوێخستنی ئیرادەی هەموو گەلی جۆلەمێرگە، هەمووکات ئێمە دژی دانانی قەییوومین و هەردەم پاڵپشتی لایەنی دیموکراسین و پێویستە بەزووترین کات بڕیاری قەییووم لاببردرێت." 

لەدوای ئەوەی دەم پارتی لە هەڵبژاردنی سەرۆکی شارەوانییەکانی تورکیا، محەمەد سەدیق ئاکش لەجۆلەمێرگ کاندید کرد و توانی (48.91٪) دەنگ بەدەست بێنێت، سەرەرای فشارو دەستگیرکردنی ئەندامانی کورد و داخستنی پارتە کوردییەکان لە تورکیا، بەڵام  دەنگەکانی کورد لە هەڵبژاردنی (31)ی ئادار زیادی کرد.

سەرچاوە: ماڵپەڕى بى بى سى 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین