ئەمیرعەبدوڵڵاهیان: نەخشەڕێگا بۆ باشکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ میسر دادەنێن ئێران

نوچەنێت

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، نەخشەڕێگایەک ئامادە دەکەین بۆ زیندووکردنەوەی پەیوەندی ئاسایی نێوان ئێران و میسر.

رۆژی چوارشەممە (8/ئایار/2024) ئاژانسی هەواڵی مێهر لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، سەبارەت بە ئاگربڕی بەردەوام لە غەززە، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: ئەگەر ئەمریکییەکان بەڵێنەکانیان جێبەجێ بکەن و سەبارەت بە ئاگربڕ پابەند بن، هەموو شتێک بۆ ئاگربڕی بەردەوام فەراهەمە. 

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، ناتانیاهۆ و بەشێک لە کەسانی توندڕەو لەوبەری ئەم هاوکێشەیە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ رێگری کردن لە رێککەوتنێک؛ لەبەر ئەوەی راگرتی شەڕ لە غەززە دەتوانێت مانای کۆتایی حکومەتی ئیسرائیل بێت.

ئەمیرعەبدوڵڵاهیان دەشڵێت، لەگەڵ سامح شوکری، وەزیری دەرەوەی میسر گفتوگۆیەکی باشم ئەنجامدا. خەریکی ئامادەکردنی نەخشەڕێگایەکین بۆ گەڕانەوەی پەیوەندییە سرووشتییەکانی نێوان ئێران و میسر.

بەرپرسی دەزگای دیپلۆماسی ئێران، لەبارەی ئۆپەراسیۆنی "وعدە صادق" (هێرشی مووشەکی و درۆن بۆسەر ئیسرائیل)  گوتی، دوو رۆژ پێش ئۆپەراسیۆنەکە لە رێگەی دراوسێکانمانەوە بە لایەنی ئەمریکیمان رایگەیاند، کە ئامانجمان سزادانی حکومەتی ئیسرائیلە. ئێمە هۆشداریشمان دا، کە ئەگەر ئەمریکا هەر هەنگاوێک دژی بەرژەوەندییەکانی ئێران لە هەر شوێنێکی بگیرێتەبەر، وەڵامی ئێمە بەرانبەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەستبەجێ دەبێت.

وەزیری دەرەوەی ئێران هیواخوازە، وەڵامی کۆماری ئیسلامی بۆ کردەوەکانی ئیسرائیل، ببێتەهۆی کەمکردنەوەی کردەوەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە.

سەرچاوە: مێهرنیوز

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین