لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت : کار بۆ دەرکردنی یاسایەکی نوێی توندوتیژی دەکەن هەواڵ

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت لە پەرلەمانی کوردستان لە راگەیێندراوێکیدا كه‌ ئەمرۆ بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت، "رێژەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە بەرزبوونەوە دایە" و دووپاتی دەکاتەوە کە کار بۆ دەرکردنی یاساییەکی نوێ دەکەن بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژی. ئەندامێكى لیژنەی یاسایی پەرلەمانیش دەڵێ، "جگە لە یاسا دەبێت کار بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی رۆشنبیریش بکرێت".

ئەمرۆ یەکشەمە ١٨ی نیسان، لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت لە  راگەیێندراوه‌كه‌ى دەڵێت، "بەداخێکی زۆرەوە ئەو ماوەیە هەواڵی کوژرانی کچ و ژنانی کوردستان لەهەڵکشاندایە و ئامارەکانی ئەو پرسە جێی نیگەرانی و تێڕامانی قووڵن، ئێمە سەرکۆنەی کوشتنی ئافرەتان دەکەین لەژێر هەر پاساو و بیانوویەک بێت. ‎هەر لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو، بەداخەوە ژنێکی گەنجی بێتاوان لەلایەن مێردەکەیەوە کوژراو هەموومانی نیگەران کرد، بەڵام ئەمە تەنیا ڕووداو نییە کە بەهۆی بوونی هەندێ لە عەقڵییەتی ژنکوژ و بەکەم سەیرکردنی مافی ژنانەوە بەردەوام ڕوو دەدات".

له‌ به‌شێكى ترى راگه‌یێندراوه‌كه‌ لیژنه‌ى مافى ئافره‌ت له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ئاشكراى ده‌كات كه‌ كار ده‌كه‌ن بۆ ده‌ركردنى یاسایه‌كى نوێ، له‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌ هاتووه‌، "هەموو هەنگاوەکان چڕ دەکەینەوە بۆئەوەی یاسایەکی نوێ سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزان و ئافرەت لەم خولەی پەرلەمان دەربکرێت، تێیدا رێکارەکانی سزادانی تاوانبارانی کەیسەکانی کوشتنی ئافرەت زۆر توندتر بکرێن و ببنە بەربەست بۆ بنبڕکردن و کەمکردنەوەی ئەو دیاردە نامرۆڤانەو تاوانە ناشارستانییەی کە لەلایەن هەندێ لەخاوەن هزری دواکەوتوو و بێویژدانەوە ئەنجام دەدرێت".

ساره‌ دڵشاد، ئەندامی لیژنەی ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت سه‌رنجى خۆى له‌سه‌ر ئه‌م راگه‌یێندراوه‌ى لیژنه‌ى داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانى ئافره‌ت دا و گوتى، "ئێمە بە هەموو شێوەیەك ئیدانەی ژنکوژی دەکەین و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان رێگری بکەن لەم جۆرە تاوانانە و گرنگی بە ئاستی رۆشنبیری کۆمەڵگا بدرێت".


له‌ به‌شێكى ترى قسه‌كانى ئه‌م په‌رله‌مانتاره‌ گوتى، "ده‌بێت پەیوەندیدارەکان رێگری بکەن لەم جۆرە تاوانانە کە بەرانبەر ئافرەتان دەکرێت. بە داخەوە رۆژ بە رۆژ روو لە زیادبوون دەکات و دەبێت گرنگی بە ئاستی رۆشنبیری تاك بدرێت، ئێمە کاردەکەین بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لە هەرێمی کوردستان، بە پێی ئەم یاسایە سزا بۆ تاوانبار دانراوە." 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین