سەرۆكى هەرێم: بەغدا و هەرێم بۆ چارەسەكردنى بنەڕەتى مووچە لە پەيوەندى بەردەوامن کوردستانی
سەرۆك نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەبێ بەغدا مووچەی فەرمانبەران گەرەنتی بکات و زۆر گرنگە چیدیکە بابەتی مووچە نەبێتە هەواڵ و بەشێک لە کێشەکان.

ئەمڕۆ يەكشەممە (حەوتى نيسان/ 2024) سەرۆكى هەرێمى كوردستان لە بارەى هەڵبژاردنەكانى هەرێمى كوردستان جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانەوە، "بێگومان من وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەی کە پەیوەندی هەبووە بە ئێمەوە ڕۆژەکەمان دەستنیشان کردووە؛ هیوادارین هێزە سیاسییەکان هەموویان پێکەوە بگەنە قەناعەت و تێگەیشتنێکی هاوبەش لەسەر ئەوەی کە هەڵبژاردن بکرێت."

دەربارەى هەڵوێستى لايەنە سياسييەكانى عێراق گوتى، "ئەوەی کە ئێستا دەیبینم، لە بەغدا و هەرێمی کوردستان، چی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و چی سەرۆکوەزیران لە بەغدا لە پەیوەندییەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی مەسەلەی مووچە بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت و وای لێبێت کە مووچە نەبێتە هەواڵ. بێگومان ئەوە (مووچە) مافێکی سرووشتیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە. سوپاسی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ خۆڕاگریان کە تاوەکو ئێستا خۆڕاگر بوون. دەبێ بەغدا مووچەی هەرێمی کوردستان گەرەنتی بکات، بەپێی ئەوەی کە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش بەشێکن لە مووچەخۆرانی عێراق."

سەرۆك نيچيرڤان بارزانى گوتى، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ئیدارەی دەوڵەت، سەرۆکوەزیران و سەرۆک کۆماری عێراق "باش بوون" و تێیدا باسی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، دۆخی بەغدا و سەردانی سوودانی بۆ کۆشکی کراوە. 

دەربارەى هاتنى سەرۆك كۆمارى توركيا بۆ هەولێر، سەرۆك نێچيرڤان بارزانى ئاماژەى بەوە كرد، "سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق تەوەرێکی دیکە بوو کە لە کۆبوونەوەدا باسمان کرد. تاوەکو ئێستا وەکو پرۆتۆکۆل باسی سەردانی بۆ هەولێر نەکراوە، تەنیا باسی ئەوە کراوە کە سەردانی بەغدا دەکات."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین