مەسرور بارزانى: لە هەوڵداین کێشەى مووچە چارەسەر بکەین کوردستانی

نوچەنێت:

ئێوارەى ئەمڕۆ چوارشەممە (20/ئادار/2024) مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئاهەنگى کردنەوەى ئاگرى نەورۆز لە ئاکرێ وتارێکى پێشکەشکرد و لەبارەى گرفتى مووچە ڕایگەیاند، " لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی ئەم بابەتە چارەسەربکرێت."

سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا ڕایگەیاند، "هیچ ساڵێک لە هیچ شوێنێک وەک ئاکرێ یادی جەژنی نەورۆز نەکراوەتەوە و دەمانەوێت ئاکرێ ببێتە بنکەی یادکردنەوەی جەژنی نەورۆز."

 

دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان:

بەناوی خوای مەزن و دلۆڤان

ئامادەبووانی هێژا.. میوانانی قەدرگران

زۆر بەخێرهاتن بۆ ئاکرێ، ناوەند و پایتەختی نەورۆز

نەورۆزی هەمووتان پیرۆز بێت

ئەوە چەند ساڵە گەنج و لاوانی ئاکرێ خەتیرە هەڵدەکەن و بەسەر ئەم چیایانە سەردەکەون و نەورۆز لێرە لە ئاکرێ پیرۆز دەکەن، کە لە هیچ جێیەکی دونیا وەکو ئاکرێ ئەم بۆنەیە بەم شێوەیە نەهاتووەتە پیرۆزکردن، بۆیە ئەمساڵ ئێمە پێمان خۆش بوو بێینە ئێرە و بۆ ساڵانی داهاتووش ئاکرێ ببێتە ناوەندی پیرۆزکردنی نەورۆز لەسەر ئاستی کوردستان و جیهان.

پیرۆزبایی لە هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان و پیرۆزبایی لە هەموو ئەو گەل و نەته‌وانە دەکەم کە نەورۆز دەکەن.

جێگەی خۆیەتی لەم دەرفەتە پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو بنەماڵانە بکەم کە دوێنێ بەهۆی باران و لافاوەوە لە دهۆک و زاخۆ گیانیان لەدەستدا، داواكارم خوای گەورە گیانی ئەوان بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامیش بداتە کەسوکاریان. گەلێک کەسیش ماڵ و موڵکیان زەرەر و زیانیان پێکەوت، حەز دەکەم بڵێم ئینشەڵڵا خوا دەرفەتمان بدات قەرەبووی ئەوان بکەینەوە و ئەوەی پێمان بکرێت بۆیان دەکەین و لەو ناخۆشی و زەحمەتی و ئازارەیان کەمبکەینەوە.

جێگەی خۆیەتی سوپاسی خەڵکی کوردستان بکەم، بەڕاستی لەماوەی رابردوو زۆر خۆڕاگربوونە بەرامبەر ناخۆشی ژیان، بەتایبەت نەبوونی مووچە و بودجە و گەلێک گرفتی دیکە کە هاتووەتە پێش. هەرچەندە گرفتی ئێمە تەنیا مووچە نییە، داخوازی ئێمە و رێبازی ئێمە و خەمی میللـەتی ئێمە زۆر لە مووچە گەورەترە، بەڵام ئەمە ژیانی خەڵکی پێوە گرێدراوە و ئێمەش هەموو هەوڵێکی خۆمانداوە بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە بگاتە چارەسەرکردن و هەرچەندە دەستی زۆر خراپ هەبوو بۆ تێکدانی ئەم بابەتە، بابەتی نەناردنی مووچە و دابینکردنی بوجە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان، بۆیە جێگەی خۆیەتی سوپاسیان بکەم و دڵنیایی بدەمە ئەوان کە ئێمە لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵ لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی ئەم بابەتە چارەسەربکرێت و وەک بە ئێمەی گوت کە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو کێشەیە دێتە چارەسەرکردن و هیوادارم ئەم بابەتە چیتر نەبێتە پرس و نەبێتە گرفت بۆ خەڵکی کوردستان.

نەورۆز رۆژێکی مێژووییە بۆ نەتەوەکەمان و رۆژێکی نەتەوەییە، لەم رۆژەدا جارێکیتر پەیمان دەدەینە خودای خۆمان، خوێنی شەهیدانمان، پێشمەرگەکانمان و خەڵکی کوردستان کە بەرگری لە ماف و دەستکەوتی خەڵکی خۆمان و کیانی کوردستان دەکەین و روووبەڕووی ستەم و بێدادی و نادادپەروەری و گەندەڵی دەبینەوە و ئینشەڵڵا لەسەر ئەو پەیمانەش بەردەوام دەبین.

نەورۆز رۆژێکی نوێیە، دەستپێکێکی نوێیە، ساڵێکی نوێیە، بەڵام بۆ ئێمە نەورۆز ژیانێکی نوێ و هیوادارم ئەمڕۆ ببێتە هەنگاوێک بۆ ساڵی داهاتوو خۆشی و پێشکەوتن و دەستکەوتی زیاتر بۆ میللەتی ئێمە بەدەستبێت و جارێکیتر سوپاسی هەمووتان دەکەم.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین