مەسرور بارزانى: خەڵکی کوردستان بەداخەوە بوونەتە قوربانیی گەمەی سیاسیی هەندێک کەس و لایەن کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەبۆنەى هاتنەوەى جەژنى نەورۆز و سەرى ساڵى نوێى کوردى، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە کوردستانیان دەکات و دەشڵێت، "دڵنیاین دواجار خواست و ئیرادەی خەڵکی کوردستان لە پێناو ژیانێکی ئازاد و سەربەرزانە هەر سەردەکەوێت."

ئەمڕۆ چوارشەممە (20/ئادار/2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی لە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم کوردستانییان، بەتایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم و هیوای شادی و کامەرانیان بۆ دەخوازم".

لە بەشێکى دیکەى پەیامەکەدا هاتووە، "هەمیشە هێمای سەرکەوتن و ئازادی و وەستانەوە بووە بەڕووی ستەمکار و زۆرداران و دەستپێکی ژیان و سەردەمێکی نوێیە".

هەروەها سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕاشیگەیاند، "ڕێز و پێزانینی زۆرم بۆ خەڵکی خۆڕاگری هەرێمی کوردستان هەیە، کە بەداخەوە بوونەتە قوربانیی گەمەی سیاسیی هەندێک کەس و لایەن کە بۆ بەرژەوەندی خۆیان، بازرگانی بە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستانەوە دەکەن، بەڵام دڵنیاین دواجار خواست و ئیرادەی خەڵکی کوردستان لە پێناو ژیانێکی ئازاد و سەربەرزانە هەر سەردەکەوێت. هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی کۆتاییهاتنی هەموو ناخۆشی و ستەم وبێدادییەک بێت کە بەرامبەر گەلی کوردستان دەکرێت. نەورۆزتان پیرۆز بێت و هەمیشە لە خۆشی و شادیدا بژین".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین