رۆیتەرز: سوپای پاسداران فەرماندە باڵاکانی لە سوریا دەکشێنێتەوە ئێران

نوچەنێت:

سوپای پاسداران نیگەرانییەکانی خۆی سەبارەت بە دزەپێکردنی زانیارییە هەستیارەکان لە ناوخۆی سوریا لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرس لە دیمەشق باسکردووە و فەرماندە پلە باڵاکانی کشاندۆتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە (1/ شوباتی/ 2024)، العربیە لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز" لە زاری سەرچاوەکانی خۆیەوە نووسیویەتی، لە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل، سوپای پاسدارانی ئێران فەرماندەی باڵا و دەیان ئەفسەری پلە ناوەندی خۆی لە سوریا کشاندۆتەوە.

رۆیتەرز بە پشت بەستن بە سەرچاوەکان دەڵێت، ئەم کارە تا ئەندازەیەک رێگری لە ئێران دەکات لە چوونی راستەوخۆی بۆ ناو ململانێکان، کە لە سەرەتای شەڕی غەززەوە دەستی پێکردووە.

سەرچاوەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، کە ئێران نیازی نییە هێزەکانی خۆی بەتەواوی لە سوریا بکشێنێتەوە، بەڵام ئەم کارە لە چوارچێوەی بیرکردنەوە و لێکۆڵینەوە لە ئاسۆی ململانێکان و چۆنیەتی فراوانکردنی ئەو شەڕەیە، کە لە 7ی ئۆکتۆبەر دوای هێرشە لەناکاوەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد.

رۆیتەرز هەروەها دەڵێت، ئێران لە سوریا دەمێنێتەوە، بەڵام لە دوورەوە و بە پاڵپشتی حزبوڵڵا بەڕێوەی دەبات.

سەبارەت بە هێزە نیزامییەکان و راوێژکارانی ئێران، کە هێشتا لە سووریان، بەرپرسێکی ناوچەیی نزیک لە ئێران ئاشکرای کردووە، ئەو هێزانە لە شوێنی کارەکانیان دوورکەوتوونەتەوە بۆ ئەوەی کەمتر لە چاوی خەڵکدا دەربکەون و جموجۆڵەکانیان گەیاندۆتە نزمترین ئاست.

رۆیتەرز بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوەی ئاگاداری دیکە نووسیویەتی، سوپای پاسداران نیگەرانییەکانی خۆی سەبارەت بە دزەپێکردنی زانیارییە هەستیارەکان لە ناوخۆی سووریاوە لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرس لە دیمەشق خستۆتەڕوو.

ئەم کارانەی سوپای پاسداران، دوای هێرشی ئیسرائیل لە 20ی مانگی رابردوو بوو، کە بووە هۆی کوژرانی 5 ئەندامی پلە باڵای ئەو هێزە. ئەمەش دوای زیاتر لە مانگێک لە کوژرانی رەزی موسەوی لە دیمەشق روویدا.

ئیسرائیل لە ساڵانی رابردوودا، سەدان هێرشی ئاسمانی بۆ سەر کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی ئێران و حزبوڵڵا لە سووریا و بنکە سەربازییەکانی سووریا ئەنجام داوە.

سەرچاوە: العربیە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین