ئێران: چوار زیندانی سیاسی کورد لە سێدارە دران ئێران

نوچەنێت:

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە حوکمی لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی کورد، لە زیندانی قەزڵحەسار جێبەجێ کرا.

ڕۆژی دووشەممە (29/ کانونی دووەم/ 2024) بی بی سی فارسی، لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ (دووشەممە) حوکمی لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی کورد، بە ناوەکانی موحسین مەزڵوم، محەمەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فەتحی لە زیندانی قەزڵحەسار جێبەجێ کرا.

ئاژانسی هەواڵی میزان نزیک لە دەسەڵاتی دادوەری ئێران، جێبەجێکردنی حوکمی ئەو چوار کەسەی راگەیاندووە.

ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران، ئەم چوار زیندانییە کوردەیان بە هاوکاری لەگەڵ موساد، دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل و هەوڵدان بۆ تێکدانی یەکەیەکی پیشەسازی لە ئیسفەهان تۆمەتبار کردبوو.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ئەو چوار کەسە لە 2022.7.23 لە شاری ورمێ دەستبەسەر و لە لقی 26ی دادگای شۆڕشی تاران، بە تۆمەتی "محاربە و سیخوڕیکردن بۆ موساد" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا و کەسوکاریان گوتوویانە ئەم حوکمە لە ماوەی 24 کاتژمێردا لە لقی 9ی دادگای باڵا پەسەندکراوە.

رۆژی یەکشەممە (دوێنێ) رێگە بە بنەماڵەکانیان درا سەردانیان بکەن، پێش ئەوەی لە زیندانی ئەڤینەوە بگوازرێنەوە بۆ زیندانی قەزڵحەسار بۆ جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان.

جوانا تەیمسی، هاوسەری موحسین مەزلوم رایگەیاندووە، بنەماڵەی ئەو چوار کەسە دوای دەستگیرکردنیان ماوەی نۆزدە مانگە لە چاوپێکەوتنیان بێبەش کراون.

خاتوو تەیمسی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بی بی سی فارسی، لەسێدارەدانی ئەو چوار زیندانییەی بە "بەشێک لە سیناریۆسازیی هێزە ئەمنییەکان" ناوبرد و رایگەیاند، حزبی کۆمەڵە و بنەماڵەکان ئەو تۆمەتانەیان رەتکردووەتەوە.

حکوومەتی ئێران ئاماژەی بەوەکردووە، کە ئەم چوار کەسە موساد (دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل) لە وڵاتانی ئەفریقا مەشق و راهێنانی پێکردوون.

سەرچاوە: بی بی سی فارسی

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین